گرنگ

بەشی زۆری ٤۰۰ ملیار دینارەکە دراوەتە کۆمپانیاکانی نەوت و کرێی بۆڕی نەوتی هەرێم


 
بەشی زۆری ٤۰۰ ملیار دینارەکە دراوەتە کۆمپانیاکانی نەوت و کرێی بۆڕی نەوتی هەرێم
داهاتی نەوتی هەرێم نزمترین ئاست تۆمار دەکات
لە ئێستادا بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە نێوان ٥۰ تا ٥٥ دۆلار دەفرۆشرێت
سەڕەڕای گەیشتنی ٤۰۰ ملیار دینارەکەی بەغداد بۆ سەر هەژماری حکومەتی هەرێم لەلایەن حکومەتەوە فشار لە پارێزگاکان دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زیاتر بۆ تەواو کردنی مووچەو بەشی زۆری ٤۰۰ ملیارەکە دراوەتە کۆمپانیاکانی نەوت و کرێی بۆڕی نەوتی هەرێم. چونکە ماوەی چەند مانگێکە هەرێم نەیتوانیوە تەواوی شایستەی کۆمپانیاکانی نەوت بدات. لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا تەنها ۱۰ ملیۆن دۆلاری کرێی بۆڕی نەوتی هەرێم داوەتە کۆمپانیاکانی کارگروپ و ڕۆسنەفت.
بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە لە ئێستا هەر بەرمیلێک نەوتی هەرێم لە نێوان ٥۰ تا ٥٥ دۆلار دەفرۆشرێت کە ۲۰ دۆلار لەخوار نرخی نەوتی برێنتەوەیە. چاوەڕوان دەکرێت کۆی پارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەم مانگەدا لە ٦۲٥ ملیۆن دۆلار کەمتر بێت.
ئەمەش کەمترین داهاتە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، ئەگەر هیچ شایستەیەکی کۆمپانیاکانی نەوت و کرێی بۆڕی و گومرک و کۆگاو تێچوی دەرهێنانی نەوت نەداتەوە کۆمپانیاکان هێشتا پێویستی بە ۹۰ ملیار دیناری تر دەبێت تا مووچە بەتەواوەتی دابەش بکات. بەمەش فشار لەسەر حکومەت دروست دەبێت لە نێوان پێدانی شایستە و کرێی کۆمپانیاکانی نەوت و تەرخانکردنی پارە بۆ مووچەی موچەخۆران.
بەدەستهێنانی ٦۲٥ ملیۆن دۆلار، پەیوەستە بەوەی ڕۆژانە هەرێم بتوانێت ٤۰۰ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات کە لە ئێستادا بەهۆی پێنەدانی شایستەی داراییەوە کۆمپانیاکان ناتوانن بەرهەم لەو ئاستەدا ڕابگرن. دابەزینی زیاتری نرخی نەوت گرفتی زیاتر بۆ هەرێم دروست دەکات. لە ئێستادا نرخی نەوت بەبەراورد بەمانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو ۳۰ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزیووە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color