گرنگ

فوئاد حوسێن "نەیتوانیوە" سزاكە هەڵبگرێت


 

وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق بەردەوامە لە سزادانی هەرێمی كوردستان
بوارنیوز، هەولێر
لەگەڵ ئەوەی وەزیرەكەی كوردە، بەڵام زیاتر لەچوار ساڵە وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم سزای هەرێمی كوردستان دەدات، بەڵام فوئاد حوسێن نەیتوانیوە سزاكە هەڵبگرێت، جگە لەوەی پەیوەندی نێوانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق؛ پەیوەندییەكی "لاوازە".
دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان لە 25ی ئەیلولی 2017، وەزارەتی دەرەوەی حكومەتی عێڕاق بڕیاریدا، چیتر ڕێگە نەدات دیبلۆمات و ڕاوێژكارو كادرانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەشداری ئەو خولە تایبەتانە بكەن كە وڵاتانی ئەوڕوپی بەشێوەی وەرزی و ساڵانە تایبەت بە دیبلۆماتكاران دەیكەنەوەو پێشتر دیبلۆمات و كادرانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بەشدارییان دەكرد.
لەبارەی هەڵگرتنی سزاكە، لەلایەن فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی حكومەتی عێڕاق كە كوردەو لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، سەرچاوەیەك لەفەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم تایبەت بەبواری ڕاگەیاند: فوئاد حوسێن نەیتوانیوە ئەو سزایە هەڵبگرێت، ئەمەش زیانێكی زۆر بەفەرمانگە گەیاندوە، چونكە جگە لەو سزایە. ئێستا پەیوەندی وەزارەتی دەرەوەی عێڕاق و فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان "تەنیا بۆ كار كردن بۆ دەركردنی ڤیزا بۆ میوانە بیانیانەی عێڕاق و هەرێمی كوردستان؛ واتەكە پەیوەندییەكە شۆڕنەبۆتەوە بۆ ئاستی خوارەوە".
ئەو سەرچاوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، گوتیشی: "بەلای فەرمانگەوە بون و نەبونی فوئاد حوسێن كە كوردەو پۆستێكی سیادی هەیە وەك یەكە، چونكە لەماوەی دەستبەكار بونی وەك وەزیری دەرەوە هیچ ڕۆڵێكی بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە نەبوە".
دوای یەكگرتنەوەی هەردو ئیداری حكومەتی هەرێمی كوردستان (هەولێرو سلێمانی) لە 2006، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە دامەزراوە.
حكومەتی هەرێمی كوردستان، نوێنەرایەتی لەیەكێتیی ئەوڕوپاو 13 وڵاتی دیكە هەیە، هاوكات 41 وڵات كونسوڵخانەو كونسوڵی فەخرییان لەهەرێمی كوردستان هەیە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color