گرنگ

رێژه‌ی كورد له‌عێراق له‌سه‌دا 18ەوە بۆته‌ سه‌دا 15


 

بوار نیوز، هەولێر
بڕیاروابوو له‌كۆتایی ساڵی 2020، سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لەعێراق ئەنجام بدرێت، به‌ڵام به‌هۆی خراپی دۆخی سیاسی و ته‌ندروستی و ئابووری ئه‌نجامدانی ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ بۆته‌ ئه‌سته‌م، به‌پێی ئاماره‌ به‌ره‌ده‌سته‌كانیش رێژه‌ی كورد له‌عێراق له‌ماوه‌ی 18 ساڵدا به‌رێژه‌ی له‌ سه‌دا 3 كه‌مبۆته‌وه‌.
بەپێی داتا فەرمەییەكان، ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەساڵی 2003دا به‌نزیكه‌یی 25 ملیۆن كەس بووە، لەو ڕێژەیەیش به‌نزیكه‌یی 4 ملیۆن و 800 هەزار كەسی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام لەساڵی 2020دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق هەڵكشاوە بۆ نزیكەی 38 ملیۆن كەس، لەو ڕێژەیەش نزیكەی شەش ملیۆن كەس ئێستا لەهەرێمی كوردستاندان، بەم پێیەش رێژەی كورد لە 18%ی كۆی دانیشتوانی عێراقەوە دابەزیوە بۆ 15% ، ئەمەش پێچه‌وانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ زیادبوونی رێژه‌ی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، كە تێكڕا زیاتر لە 11 ملیۆن كەس زیادییان كردووەو بەشی هەرە زۆری ئەو زیادكردنەش عەرەبن.
ئامارەكان نیشانی دەدەن بەنمونە لەئێستادا ناوەندی قەبارەی خێزان لەسلێمانی 4.9 یە، لەبەرامبەر ئەمەش پارێزگای زیقار دەگاتە 9.5 دەكاتە دەوروبەری دوو هێندەی پارێزگاكانی سلێمانی..
ساڵی رابردوو، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر پرسی سه‌رژمێری عێراق لیژنه‌یه‌كی باڵای به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری پلاندانی هه‌رێم و به‌ئه‌ندامییه‌تی وه‌زیری گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و خالید شوانی وه‌زیری هه‌رێم و سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچوون پێكهێناو چه‌ند جارێكیش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای سه‌رژمێری عێراق كۆبوونه‌وه‌و راپۆرتێکیان سەبارەت بەپڕۆژەی سەرژمێری لەعێراق پێشکەش کرد.
ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات: تا ئێستا كێشەی گەورە لەعێراق و كوردستان نەبوونی داتای دروستە، پرسیاری زۆر هەن ئاخۆ ئەو پرۆسەیە له‌داهاتوودا بەرێوە دەچێت ئامارە یان سەرژمێریی، چونکە جیاوازیی زۆر لەنێوانیاندا ھەیەو ئێستا عێراق پێویستی زیاتر بەئامارە بۆ پەرەپێدان و زانینی ژمارەی راستەقینە بۆ مەبەستەكانی دابەشكردنی داهات و كورسییەكانی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان.
ڕوونیشیكرده‌وه‌: بەوپێیەی كۆتا ئامار لە 1997 ئەنجامدراوە كە هەرێمی كوردستانی نەگرتەوە، ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیەش بۆ كورد هەستیارەو كۆڕا هەیە لەسەر ئەوەی بۆ تاوتوێكردنی پێویستی بەبەرپرسیارێتی هاوبەش لەنێوان حیزبەکانی ناو حکومەت و ئۆپۆزسیۆن و راگەیاندن و رێكخراوەكان هەیە.
به‌پێی راپۆرته‌كانی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوانی پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب، هه‌ریه‌ك له‌پێكهاته‌ی كوردو توركمان رێژه‌كه‌یان كه‌میكردوه‌، به‌و پێه‌ش کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتوان لەداهاتوودا مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سەقامگیری هەرێم دروست دەکات، چونكه‌ ئەوانەی لەگەڵ زیادبوونی دانیشتواندان باس لەوەدەكەن، زۆربوون یەكسانە بەهێزی مرۆیی و سەربازی و دیمۆگرافی و هێزی دەنگدەری زیاتر بەتایبەت لەكەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی هەرێم.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color