گرنگ

ئێران ئامادە نییە پێشوازی لە شاندی عێراق و هەرێم بكات لەبارەی گرفتی كەم ئاوی


 


ئێران، سەر قاڵی دروستكردنی بەنداوێكی نوێیە بەتەواوبوونی هێندەی دیكە عێراق و هەرێم ڕوبەڕوی كەمئاوی دەكاتەوە


بوارنیوز- تایبەت

هەرچەندە وابڕیاربوو لەسەرەتای ئەم مانگەدا شاندێكی باڵا لەوەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق و نوێنەرایەتی هەرێم و بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم سەردانی ئێران بكەن بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی گرفتی كەم ئاوی و داواكردن لەئێران بۆ بەردانەوەی ئاوی ڕووباری سیروان، بەڵام وابڵاوكرایەوە گوایە بەهۆی هەڵبژاردنەكانی ئێرانەوە سەردانی ئەو شاندە دواخراوە، بوارنیوز هۆكاری ڕاستەقینەی سەردانینەكردنی ئەو شاندە ئاشكرا دەكات.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەرپرسێكی سەر بەوەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێم بەبوارنیوز دراون ئەوە خراوەتەڕوو، لەئێستادا لایەنی ئێرانی سەر قاڵی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكە بۆ دروستكردنی بەنداوێكی نوێ‌ بەتەواوبوونی هێندەی دیكە هەرێمی كوردستان و عێراق ڕووبەڕووی كەمئاوی دەكاتەوە، بەجۆرێك پرۆژەكەی ئێران بریتیە لەدروستكردنی بەنداوێكی نوێ‌ لەپارێزگای (ئیلام)ی سەر سنوور بەناوی بەنداوی (گەنجان) و هەروەها پرۆژەیەكیشی بۆ زیادكردنی ئاو لەپارێزگای كرماشان خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە پانتایی ئەم بەنداوە بە هەزاران كیلۆمەتر لە خۆدەگرێت و هەرێمی كوردستان و عێراق بەتەواوی ڕووبەڕووی مەترسی كەم ئاوی دەكاتەوە.

ئەو سەرچاوەیەی بوار نیوز، زیاتر لەبارەی بەرنامەی ئێران رونكردنەوەیدا و وتی "شاندی عێراق و هەرێمی كوردستان زانیارییان دەستكەوتووە، ئێران سەرقاڵی جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی لەو شێوەیەیەو لەگەڵ ئەوەشدا زیاد لە دوو مانگە سەرچاوەی ئاوی ڕوباری سیروانی گرتووەتەوە، لەكاتی سەردانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان لەكۆتایی مانگی ڕابردوو بڕیاردرا لەنزیكترین كاتدا سەردانی ئێران بكەن و ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنی ئێرانی تاوتوێ‌ بكەن، بەڵام بە بیانووی سەرقاڵ بوون بەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری ئێران ئامادە نەبوو پێشوازی لەو شاندەی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات".

بوارنیوز ئەوەشی زانیوە، لەئێستادا ئێران بەخێرایی كار لەپرۆژەی دروستكردنی بەنداوی گەنجان دەكات، بۆ ئەوەی لەحاڵەتێكدا شاندی عێراق و هەرێم سەردانی ئێرانیان كرد نەبێتە بابەتی گفتوگۆی دانیشتنەكانیان لەبارەی ڕاگرتنی كاركردن لەو پرۆژەیە، بەڵكو ئێران دەیەوێت بەتەواوكردنی ئەو پرۆژانە هێندەی دیكە هەژمونی ئاوی خۆی بەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان زاڵ بكات و وەك چەكێكی كاریگەر لەكاتی پێویستدا بەكاری بهێنێت بەتایبەت لەئێستادا عێراق و هەرێمی كوردستان ساڵێكی كەمبارانی و وشكەساڵی بەڕێدەكەن.
بوارنیوز پەیوەندی بە هەر یەك لەوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی هەرێم و هاوكات بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان كرد لە بارەی هۆكاری سەردانینەكردنی شاندی عێراق و هەرێم بۆ ئێران، بەڵام لە وەڵامدا ئەوەیان وت كە ئاگاداری هۆكاری ئەنجامنەدانی ئەو سەردانە نین بۆ ئێران.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color