گرنگ

كۆرۆنا دەگەرێتەوە؟


 
جۆرێکی نوێی کۆرۆنا لە چوار وڵاتدا دۆزرایەوەو بەخێرایی بڵاودەبێتەوە
 
زانایان لە سەرانسەری جیهان لە پێشبڕکێدان بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی "جۆرێکی نوێ و گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
 
گۆڕاوە نوێیەکە ناوی BA.2.86 یە و نازناوی Pirola ی لێنراوە، كە زیاتر لە 30 گۆڕانکاری ترشی ئەمینی تێدایە لە پرۆتینی سپایکدا بە بەراورد بە نزیکترین باپیرەی، کە BA.2 یەو پێی دەوترێت Omicron.
 
"سپایک" ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە چوونە ناو خانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەپێی ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە بولیتینی پەتازانی تایبەت بە پەتای Covid-19 نووسیویەتی، کە شەوی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە.
 
بلوم بە "بازدانێکی پەرەسەندنی هاوشێوەی قەبارەی ئەو بازدانەی، کە لە سەرەتادا ئۆمیکرۆنی لێکەوتەوە" وەسفی کردووە.
 
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی BA.2.86ی وەک "جۆرێکی چاودێریکراو" پۆلێن کرد بەهۆی "ژمارەیەکی زۆر لە گۆڕانکارییەکانی هەڵگری" چینەكانی ڤایرۆسەكە.
ئەم پۆلێنکردنە هانی وڵاتان دەدات، کە بەدواداچوون و ڕاپۆرت لەسەر ئەو ڕێزبەندییە بدەن، کە تێیدا دەدۆزرێتەوە.
 
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، کاریگەریی ئەگەری گۆڕانکارییەکانی گۆڕاوە نوێیەکە تا ئێستا نادیارە و بە وردی هەڵنەسەنگێنراوە.
 
تەنیا شەش زنجیرەی BA.2.86 لە چوار وڵاتدا تێبینكراون، بەڵام زانایانی پەتا نیگەرانن لەوەی دەتوانێت زۆر زیاتری هەبێت، چونکە چاودێری جیهانی بۆ ئەم جۆرە کەمیکردووە.
 
ئەو جۆرە نوێیە لەلایەن زانایانەوە لە ئیسرائیل دۆزرایەوە. لەو کاتەوە دانیمارک سێ زنجیرەی بڵاوکردەوە، دوو زنجیرەی دیکەش بە ڕێککەوت لە ئەمریکا و بەریتانیا تێبینیكراون.
 
سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) لەسەر پلاتفۆرمی X ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە نزیکەوە چاودێری جۆرەکە دەکات.
 
پرۆفیسۆری بایۆلۆجی لە زانکۆی لەندەن، فرانسوا بالۆکس، ڕایگەیاندووە، ئەو جۆرە گۆڕاوە دیارترین جۆری سارس-کۆڤ-٢یە لە جیهاندا لە دوای دەرکەوتنی ئۆمیکرۆن، هەروەها ئاماژەی بەو جۆرە گۆڕاوە کرد، کە بووە هۆی زیادبوونی بەرچاوی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا لە زستانی ساڵی ٢٠٢٢.
 
وتیشی: لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاریگەری BA.2.86 بە بەراورد لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی تری ئۆمیکرۆن دەبینین.
 
لای خۆیەوە، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، دکتۆر مەندی کۆهین، ڕایگەیاندووە، نابێت جۆرە نوێیەکە ببێتە هۆکاری نیگەرانی.
 
هاوكات پشتڕاستی کردەوە، سەنتەرەکەیان بەدواداچوون بۆ گۆڕاوە نوێیەکە دەکات، کە گۆڕانکارییەکانی هەیە، جیاوازی دەکات لە جۆرە باوەکانی تر.
 
بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە نێوان 17ی تەمموز تا 13ی ئاب زیاتر لە ملیۆنێک و 400 هەزار حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆڤید-19 تۆمارکراوە و زیاتر لە دوو هەزار و 300 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش تۆمارکراوە.
 
هەر بەپێی زانیارییەكان، تا ١٣ی ئابی ٢٠٢٣، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ گەیشتووەتە زیاتر لە ٧٦٩ ملیۆن کەس، هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتووەتە زیاتر لە شەش ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color