گرنگ

دو رۆژە خانەقینییەکان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دەروازەی مونزیرییەیان داخستوە


 

دو رۆژە خانەقینییەکان خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و دەروازەی مونزیرییەیان داخستوە

بوار نیوز، خانەقین

لەبەرامبەر کەمی کارەباو نەبوونی خزمەتگوزاری و گەندەڵی ئیداری و فرۆشتنی زەوی شارۆچکەکە، دانیشتوانی خانەقین، لەشەقامن و داوا دەکەن کۆتایی بەکێشەکانی خانەقین بهێنرێت.
دوو ڕۆژە دانیشتوانی شارۆچکەی خانەقینی سەر بەپارێزگای دیالە، دەستیان بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین کردووەو داوا دەکەن بەزوویی کێشەی کەمی کارەبا چارەسەر بکرێت و ڕەخنەش لەوەدەگرن کەس بەدەمیانەوە نایەت.
ئێوارەی دوێنێ خۆپیشاندان لەسەر ڕێگای سەرەکی مەرزی مونزرییەی نێودەوڵەتی لەشارۆچکەی خانەقین کە وڵاتی عێراق و ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە، دەستی پێکردو ڕێگای سەرەکی دەروازەکەیان داخست و دەیان دروشمیان بەرزکردەوەو لەدروشمەکانیاندا داوای دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان دەکرد.
بەیانی ئەمڕۆش جارێکی تر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین دەستی پێکردەوەو تا ئێستاش بەردەوامەو لەبەرامبەر بینایی قایمقام چادر هەڵدراوەو ڕێگای نێوان (بەغداـ خانەقین)، لەهەردوو گەڕەکی سەبعە نیسان و بەختیار داخراون.
ئەمیر عەلی، یەکێک لەسەرپەرشتیارانی خۆپیشاندانەکانی خانەقین، بەبوار نیوزی وت: بۆ داواکردنی مافەکانی خۆمان، کە مافی زۆر سەرەتایین و پەیوەستن بەژیانی خەڵکەوە، دوو ڕۆژە لەشەقامین و تائێستا هیچ کەسێک لەلایەن ئیدارەی شارۆچکەکەوە، بەدەممانەوە نەهاتووە، ئێمەش بەردەوام دەبین، تا وەڵاممان دەدرێتەوەو گوێمان لێدەگرن.

عەباس خانەقینی، یەکێکی دیکەیە لەخۆپیشاندەرەکان و لەبارەی داواکارییەکانیان بەبوار نیوزی وت: لەخانەقین تا ئێستا ڕەگەزنامەیەک دەربکەی دەبێت پارە بدەی، ئاو بۆ ماڵەوە ڕابکێشیت دەبێت پارە بدەیت، لەکاتێکدا فەرمانگەکان موڵکی حکومەتن و دەبێت بەخۆڕایی خزمەت بەخەڵک بکات، زەوی لەخانەقین نەما هەمووی فرۆشرا بەخەڵکی دەرەوەی خانەقین و هەمووی کرا بە ڤێلاو باخ و پارەکشی چووە گیرفانی بەرپرسانی یەکێتی و حەشدی شەعبیەوە.

لەسەر پرسی کەمی کارەباو گلەیی هاوڵاتیانی خانەقین، تەحسین شەهاب، بەرپرسی فەرمانگەی کارەبای خانەقین، بەبوارنیوزی راگەیاند "کارەبای پارێزگای دیالە لەئێرانەوە بڕاوەو تا ئێستا هۆکارەکەی نازانین و داوامانکردووە لەکارەبای بەغدا بەزووی کێشەی خانەقین چارەسەربکەن، بەڵام تا ئێستا دەنگیان نیە".
وتیشی: ئێستادا ڕۆژانە ۱۰ بۆ ۱۲ کاتژمێر کارەبا بە خانەقین دەدەین بەهاوڵاتیان.
بوار نیوز، بۆ زیاتر لەچەند جارێک پەیوەندی کرد بەدلێر سایە، قائیمقامی شارۆچکەی خانەقین، بەڵام هیچ وەڵامێکی دەست نەکەوت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color