گرنگ

عێراق رۆژانە بە بەهای حەوت ملیۆن دۆلار گاز بەفیڕۆ دەدات کە دەتوانرێت کارەبای سێ ملیۆن ماڵی پێدابینبکرێت


 

عێراق رۆژانە بە بەهای حەوت ملیۆن دۆلار گاز بەفیڕۆ دەدات کە دەتوانرێت کارەبای سێ ملیۆن ماڵی پێدابینبکرێت


بوار نیوز، هەولێر
بانکی جیهانیی لەراپۆرتێکیدا رایگەیاند، ماوەی چوار ساڵی لەسەر یەکە عێراق لەپلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت، زۆرترین گازی سرووشتی دەسووتێنن. چوار یەکەمەکە بریتین لەروسیا، عێراق، ئەمریکاو ئێران. بەتەنیا ئەو چوار وڵاتە 45٪ی کۆی گازی سووتێنراو لەجیهان پێکدەهێنن، ئەو چوار وڵاتە ساڵانە 150 ملیار مەتر سێجا گاز دەسووتێنن.

راپۆرتەکە وردەکاریی زیاتری داوەو روونیکردووەتەوە، لەساڵی 2016دا عێراق زیاتر لە 17.5 ملیار مەتر سێجا و لەساڵی 2019، 18 ملیار مەتر سێجا گازی سووتاندوە.

ئەو کەمتەرخەمییەی لەسێکتەری گازی سرووشتیی عێراقدا هەیە، جگە لەو زیانە داراییە، بەردەوام عێراقی چاو لەڕێی ئێران کردوە، ئێرانیش هەمیشە عێراقی وەک سەرچاوەی دابینکردنی دۆلار بینیوە، یەکێک لەرێگەکانی دابینکردنی دۆلاریش بۆ ئێران، هەناردەکردنی گازو کارەبایە بۆ عێراق.

بەپێی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، عێراق رۆژانە 18.5 تاوەکو 19 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت، بەڵام خواست بۆ کارەبا 28 هەزار مێگاواتە، هاوکات 85٪ی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا پشت بە گاز دەبەستن.

بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەو وڵاتە 40 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەباو راستەوخۆش 1200 مێگاوات کارەبا لەئێرانەوە هاوردە دەکات. لەکاتێکدا بەپێی راپۆرتێکی پەیمانگەی واشنتۆن بۆ سیاسەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق دە هێندەی ئەو گازەی هاوردەی دەکات، دەیسووتێنێت.
سووتانی گازەکەی عێراق ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی نیگەرانکردووە. ئەو ئاژانسە رایگەیاندووە، ئەو بڕە گازەی عێراق رۆژانە دەیسووتێنێت کارەبای سێ ملیۆن ماڵی پێ دابیندەکرێت.

کۆمپانیای شیڵی هۆڵەندی، دووەم گەورەترین کۆمپانیای کەرتی تایبەتە لە بواری وزە لەجیهاندا، لە ساڵی 1907ەوە دامەزراوەو لە 90 وڵاتدا لە رێگەی 93 هەزار کارمەندەوە سەرمایەگوزاریی دەکات. لەساڵی 2011ەوە دەیەوێت سەرمایەگوزاریی لەم کەرتەدا بکات لە عێراقدا، باس لەوە دەکات عێراق ساڵانە 700 ملیۆن مەتر سێجا گاز دەسووتێنێت و دەبێتە هۆی فرێدانی 400 ملیۆن تۆن لە گازی کاربۆن.

شێڵ کۆمەڵێک زانیاریی دیکە دەدات و دەڵێت: بەو گازەی کە لەخۆڕا دەسووتێت، دەتوانرێت رۆژانە 560 ملیۆن مەتر سێجا گازی وشک بەرهەمبهێنرێت، یان 4 هەزار مێگاوات کارەبای لێ بەرهەمبهێنرێت، یاخود 4 هەزار تۆن گازی شلی لێ دروستبکرێت، کە دەتوانرێت 320 هەزار بوتڵی گازی پێ پڕبکرێت.

بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێن ئەم سووتانی گازە بەبێ هۆکار نییە. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کەرتی گاز بابەتێکی ئاڵۆزەو پێویستی بە تەکنەلۆجیای نوێیە، ئەوەش تێچوویەکی زۆری دەوێت.

گازی سرووشتی لە عێراق دوو جۆرە؛ یەکەمیان ئەو گازانەیە کە لەگەڵ هاتنەدەرەوەی نەوت دێنە دەرەوەو بە هاوتای نەوت ناسراون. ئەم جۆرەیان بەشی سەرەکی سامانی گاز پێکدەهێنێت. دووەمیشیان گازی سرووشتیی سەربەخۆیە، وەک ئەو گازەی لەکێڵگەکانی عوکاز لەپارێزگای ئەنبارو هەروەها لەکێڵگەی سەیبە لەبەسڕەو کێڵگەی مەنسوورییەش لەدیالە هەن.

هۆکارێکی دیکە لە سووتانی گازەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، چونکە پەیوەندییەکەیان راستەوانەیە، تاوەکو نەوت زیاتر بەرهەمبهێنرێت، ئەو گازەشی لەگەڵیدایە زیاتر دەسووتێت، هۆکارێکی دیکەش دەگەڕێتەوە بۆ تێکشکانی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی گاز بەهۆی ئەو شەڕو ئاڵۆزییانەی لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا روویانداوە، بەتایبەت بۆ ئەو دامەزراوانەی لەساڵانی حەفتاکاندا بۆ بەرهەمهێنانی گاز دامەزرابوون.

 



بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color