گرنگ

وەزارەتی ناوخۆ: بڕیاری دووبەرامبەرکردنی سزای سەرپێچیی هاتووچۆمان راگرت "سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی نەما"


 

وەزارەتی ناوخۆ: بڕیاری دووبەرامبەرکردنی سزای سەرپێچیی هاتووچۆمان راگرت
"سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی نەما"
بوار،
لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان، وەزارەتی ناوخۆ فەرمانێکی گرنگی وزاری دەرکرد
بەڕێز رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٢٢/١/٢٠٢٤ بە فەرمانی وزاری ژمارە ٢٥٠٠ و بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان فەرمانێکی وزاری گرنگی واژوو کرد.
بە گوێرەی فەرمانەکە هەموو ئەو هاووڵاتیانەی لە ماوەی ڕابردوو تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ بە هۆی کەمدەرامەتی یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان کەوتونەتە سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی، لێبوردنیان لەو سزایە بۆ دەرچوو. وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هاووڵاتیان دەکات کە لەمەودوا لە ماوەی یاسایی گرێبەستی ئەلیکترۆنی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی توشی سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی نەبن.
هەروەها بڕیاری دووبەرامبەرکردنی سزاکانی سەرپێچی هاتوچۆ کە پێشتر بە فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ بە پشتبەستن بە بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ دەرچوو بوو، لەبەر باری دارایی هاووڵاتیان و تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان، ڕاگیرا.
فەرمانەکە داوا لە هاووڵاتیان دەکەن بۆ سەلامەتی خۆیان و شوفێر و بەکارهێنانی شەقامەکان، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن.
ئەمەی خوارەوە دەقی فەرمانە وزارییەکەیە:
لەبەر بەرژەوەندی گشتی، بە پێی ئەو دەسەڵاتەی پێماندراوە، بڕیارماندا بە:
یەکەم: لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل (سزای گرێبەستی ئەلیکترۆنی) کە ڕێکخراوە بە گوێرەی ڕێنمایی ژمارە (٣)ی ساڵی ٢٠٢١ و هەموارەکانی. ئەم لێخۆشبوونە هەموو ئەو شوفێرانە دەگرێتەوە کە تا ٣١/١٢/٢٠٢٣ سزای داراییان هاتۆتەسەر بە هۆی نەگواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیویانە ئینجا بە هۆی کەمدەرامەتی بێت یان بێئاگایی لە ڕێنماییەکان. پێویستە لەمەولا هاووڵاتیان لە ماوەی یاساییدا خاوەندارێتی ئۆتۆمبێل بۆ کڕیار بگوازنەوە بۆ ئەوەی لە سزای دارایی و کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بەدوور بن.
دووەم: ڕاگرتنی کارکردن بەو بڕگەیەی فەرمانی وزاریمان ژمارە ٢٥٥٨٢ لە ١٠/٩/٢٠٢٣ کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی بەشی (٢٠) لە یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی٢٠٠٤ لە دوای ٢٨/٢/٢٠٢٤، ئەمەش لەبەر ڕەچاوکردنی بارودۆخی دارایی هاووڵاتیان و هەروەها تەواونەبوونی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانی ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتیان لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی هاتوچۆ.
داوا لە هاووڵاتیان دەکەین خۆیان لە سەرپێچی هاتوچۆ بپارێزن و پابەندی یاسا و ڕێنماییەکان بن. لە کاتی ئەنجامدانی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات پاکتاوی دارایی بکەن بۆ ئەوەی سزایان لەسەر کۆنەبێتەوە و ئەو سزا داراییەش ببێتە ڕێگر لە ئەنجامدانی سەرپێچی دیکە.
ڕێبەر ئەحمەد
وەزیری ناوخۆ

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color