گرنگ

فارس عیسا: بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ناردنى 200 ملیار بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت


 

فارس عیسا: بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ناردنى 200 ملیار بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت

بوارنیوز- سلێمانى
نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا ئاماژە بەوە دەکات بەپێی ئەو ڕێککەوتنەى لەنێوان هەولێرو بەغدا کراوە چەندینجار حکومەتى هەرێم پابەندبونى خۆى ڕاگەیاندوە بەجێبەجێکردنى بڕگەکانى، بەپێی بڕیارى ئەنجومەنى وەزیران عێراق، دەبێت ناردنى 200 ملیاردینارەکە بەردەوام بێت، چونکە ئەوە هى شەش مانگى ڕابردوەو لە ئێستاشدا کۆتایى بە وردبینى داهاتەکانى هەرێم هاتوە لەلایەن بەغداوە.

فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا بەبوارنیوزى ڕاگەیاند: بەپێی ئەو رێککەوتنەى لەنێوان هەرێم و بەغدا واژۆى لەسەرکراوەو لەپرۆژە یاساى بودجەى گشتى عێراقیش جێگیرکراوە، ناردنى بەشە بودجەى هەرێم دەبێت بەردەوامى هەبێت و نابێت بۆ یەک مانگ بێت، بۆیە حکومەتى هەرێم لەچەندین بۆنەداو چەندینجار ئەوەى دوپاتکردووەتەوە پابەندن بەجێبەجێکردنى بڕگەکانى پرۆژەیاساکە.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو 200 ملیار دینارەى ئەم مانگە حکومەتى عێراق ڕەوانەى هەرێمى کرد پەیوەندى بەپشکى هەرێم هەیە بۆ ماوەى شەش مانگى ڕابردو، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەو بڕیارەى لەئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەرچوە دەبێت ناردنى ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوامى هەبێت تا ئەو کاتەى لەلایەن هەردو لیژنەى باڵاى بەغداو هەرێم کۆتایى بەوردبینیکردنى داهات و خەرجییەکانى هەرێم دێت.
نوێنەرەکەى حکومەتى هەرێم لەبەغدا لەلێدوانەکەیدا بۆ بوار نیوز وتی "لەئێستادا کۆتایى بە وردبینیکردنى داهات و خەرجییەکانى هەرێم هاتوە لەلایەن بەغداوە، بۆیە کاتى ئەوە هاتوە پرۆژە یاساى بودجەى گشتى بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوەو پشکى هەرێم ڕەوانە بکرێت، بەو هیوایەى ئەم بابەتەش بە سیاسى نەکرێت و گرفت لەبەردەم ناردنى پشکى هەرێم دروستنەکرێت".

وتەکانى نوێنەرى حکومەتى هەرێم لەبەغدا لەکاتێکدایە، ڕۆژی 15ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەکۆبونەوەى خۆیدا بەزۆرینەى دەنگ بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دینار، بەشێوەى سولفە ڕەوانەى هەرێم بکات تا ئەوکاتەى وردبینی لەداهاتە نەوتی و نا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایى دێت.
رۆژی 11ی تەموزیش یەکەمین بڕە پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە بڕی 200 ملیار دینار بو، خرایە سەر حسابى وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم مانگەش موچە بەبێ لێبڕین دابەشکرا.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color