گرنگ

بەهۆی نەگەڕانەوەی قەرزەکانیان بەشێک لەبەڵێندەران خۆیان کوشتوەو بەشێکی دیکەشیان کوردستانیان جێهێشتوە


 

بەهۆی نەگەڕانەوەی قەرزەکانیان بەشێک لەبەڵێندەران خۆیان کوشتوەو بەشێکی دیکەشیان کوردستانیان جێهێشتوە

بوار نیوز، تایبەت

نەگەڕانەوەی قەرزی بەڵێندەران، کە بڕەکەی لەنێوان (700 تاوەکو 800) ملیۆن دۆلارە، کێشەی جۆراوجۆری بۆ بەڵێندەران دروستکردوە؛ بەشێکیان خۆیان کوشتوەو بەشێکی دیکەشیان هەرێمی کوردستانیان جێهێشتوە، بۆ "چارەسەرکردنی" کێشەکانیان، یەکێتیی بەڵێندەران "هانا" بۆ سەرۆکی حکومەت دەبات.

ماوەی حەوت ساڵە، هەزارو 500 تاوەکو دو هەزار پڕۆژە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان وەستاوە، کە گوژمەی پڕۆژەکان بای دو ملیۆن دۆلارە، بەو هۆیەشەوە "زیاتر لە 200 هەزار کەس بێکار بون".

سەرۆ دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان بە بواری ڕاگەیاند: "بەهۆی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران، حکومەتی هەرێمی کوردستان (700 تاوەکو 800) ملیۆن دۆلار قەرزداری بەڵێندەرانە، ئەو قەرزە هی ئەو بەڵێندەرانەیە کە پڕۆژەیان بۆ حکومەت کردوە و پارەیان وەرنەگرتوە".
بەپێی ئەو پلانەی کە دو ساڵ پێش ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دایڕشتبو، دەبو خەرجی ئەو پڕۆژانە دابینبکرێت، کە 75% تاوەکو 85% تەواو کراوە، بەمەش بەشێک لە بەڵێندەران دەستیان بە ئیش کردەوە، بەڵام لەجیاتی تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە حکومەتی هەرێمی پڕۆژەی دیکەی ڕاگەیاندوە.
پێش دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەم، بڕی 200 ملیۆن دۆلار بە دو قۆناخ بۆ بەڵێندەران خەرجکراوە، بەڵام ماوەی زیاتر لە دو ساڵە هیچ بڕە پارەیەک بۆ بەڵێندەران خەرجنەکراوە، بەمەش "بەشێک لە بەڵێندەران خۆیان کوشتوە، چونکە زۆر قەرزداربونە و نەیانتوانیوە قەرزەکانیان بدەنەوە، بەشێکی دیکەیان هەرێمی کوردستان جێهێشتوە، ئەمە سەرەڕای چەندین گرفتی کۆمەڵایەتی کە ڕوبەڕویان بۆتەوە".

لەبارەی هۆکاری خەرجنەکردنی سایشتەی دارایی بەڵێندەران، سەرۆ دزەیی گوتی: "کۆڕۆنا ڕێگر بو لە خەرجنکردنی پارەی بەڵێندەران، بەڵام لەگەڵ باشبونی دۆخی دارایی حکومەتی هەرێم و ڕێکەوتنی لەگەڵ بەغدا، چاوەڕێی ئەوەین قەرزی بەڵێندەران بدرێتەوە، چونکە ئەوە بەڵێنی حکومەت بو بۆ بەڵێندەران".

بۆ ساڕێژکردنی برینی بەڵێندەران کە بەهۆی نەگەڕانەوەی قەرزەکانیانەوە توشیبونە، یەکێتیی بەڵێندەران "هانا" بۆ سەرۆکی حکومەت دەبەن "بۆئەوەی کێشەی بەڵێندەران چارەسەر بکرێت داوای دیداری سەرۆکی حکومەت دەکەین و داوای گەڕانەوەی قەرزەکان دەکەین".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color