گرنگ

بەرپرسێکی حزبی دیموکرات: بەهۆی بڕیارەکەی دادگای هەولێر، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران تێکبچێت


 

بەرپرسێکی حزبی دیموکرات: بەهۆی بڕیارەکەی دادگای هەولێر، چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییەکانی هەرێم و ئێران تێکبچێت

بوار نیوز، تایبەت
لەکۆی 380 "کردەی تیرۆر" کە لەلایەن حکومەتی "ئێرانەوە" لەخاکی هەرێمی کوردستاندا، بۆ یەکەمجار دادگای هەولێر بڕیار لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی بەرپرسێکی حزبی دیموکرات دەرکرد، بەمەش "چاوەڕوان دەکرێت" پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێران "تێکبچێت".
ڕۆژی دوشەممە، 4ی ئابی 2021، بۆ یەکەمجارو دوای 30 ساڵ، دادگای هەولێر، سزای لەسێدارەدانی بۆ سێ تاوانباری سەرەکی دۆسیەی کوشتنی قادر قادری، یەکێک لەفەرماندەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان دەرکردو دو تۆمەتباری دیکەش، کە ڕۆڵیان لەجێبەجێکردنی پلانەکەدا هەبوە، هەر یەکەیان بەپێنج ساڵ بەندکردن سزادراون.
ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی قادر قادری بەبوارنیوزی ڕاگەیاند: "چوار لەتاوانباران خەڵکی هەرێمی کوردستانن و یەکێکی دیکەشیان، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە".
لەئازاری 2018، قادر قادری، تەرمی فەرماندەی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستان لەناوچەی بالیسان دۆزرایەوە لەپارێزگای هەولێر.
بەپێی ئاماری حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەماوەی 30 ساڵی ڕابردودا، حکومەتی ئێران "380 بەرپرس و ئەندام و چالاکی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەخاکی هەرێمی کوردستاندا تیرۆر کردوە، بەڵام جگە لەدۆسیەی قادر قادری، تۆمەتبارانی دۆسیەکانی دیکە، سزا نەدراون".
محەمەد ساڵح قادری، بەرپرسی پەیوەندییە کوردستانییەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بەبوارنیوزی ڕاگەیاند: "بڕیارەکەی دادگای هەولێر، پەیامێکی ڕون و ئاشکرای بەحکومەتی ئێراندا، چیتر ناتوانن بەئاسانی بەرپرس و ئەندامانی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات تیرۆر بکەن".
لەبارەی کاردانەوەکانی بڕیارەکەی دادگای هەولێر، بەرپرسەکەی حزبی دیموکرات گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی بڕیارەکەی دادگای هەولێر، پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و ئێران گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە ببێنێت، چاوەڕوان دەکرێت ئێران هەڕەشە لەهەرێمی کوردستان بکات، بەڵام هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان نەکەوێتە ژێر هەڕەشەکانی ئێران و سزای هەمو ئەو تۆمەتبارانە بدات کردەی تیرۆرستیان لە هەرێم ئەنجامداوە".
محەمەد ساڵح قادری، ئاماژەی بەوەشکرد: "لەکۆی ئەو 380 کردەی تیرۆرە کە سەرجەمیان بەفەرمانی بەرپرسانی ئێران ئەنجامدراون، 85% کردەوەکان لەدژی بەرپرس و ئەندامانی حزبی دیموکرات بونە".
بەپێی بەدواداچونەکانی حزبی دیموکرات، زۆربەی "کردەکانی تیرۆر لەلایەن ئێران لەدژی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لەپارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ئەنجامدراون، بەشێکی دیکەش لەکردەکانی لە پارێزگای هەولێرو دەوروبەری" بونە.

 

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color