گرنگ

بنەما ئەخلاقییەکانی پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک چین؟


 

بنەما ئەخلاقییەکانی پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک چین؟


بوارنیوز، هەولێر
هەندێکجار گلەیی دەکرێت لەڕەفتاری بەشێک لەپزیشکان، پەیوەندیەکی دروستیان نییە لەگەڵ نەخۆش، یاخود جیاوازیەکی زۆری نرخ لەنۆرینگە تایبەتەکانیاندا هەیە، بوارنیوز لەم ڕاپۆرتەدا دەیەوێت بیخاتە ڕو ئەمانە دەکەونە کوێی ئەخلاقی پزیشکییەوە، سەرکەوت سەوادی، دەڵێت "پاراستنی نهێنی نەخۆش لەلایەن پزیشکەوە یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی مۆڕاڵی پزیشکی".
سەرکەوت سەوادی، ماستەر لەفەلسەفەی ئەخلاق و مامۆستای زانکۆ دەربارەی مۆڕاڵی پزیشیکی دەڵێت "لەسەدەی هەژدەدا بواری پزیشکی بو بەچالاکییەکی پسپۆڕانەی پڕ داهات، پزیشکانیش پلەی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆیان لەکۆمەڵگەدا بەدەست هێنا، مۆڕاڵی کلاسیکیی پزیشکی لەبەرامبەر مۆڕاڵی شیکاریی سەدەکانی دواترو هاوچەرخدایە، بە شێوەیەک لە شێوەکان سەودا سەری بەرپرسیاریەتییە بنەڕەتییەکانی پزیشکە بەرامبەر بەنەخۆش، زیاتر جەخت لەزیان نەگەیاندن بە نەخۆش و سودوەرنەگرتن و پاراستنی نەخۆش دەکاتەوە، پێوەندیی باوکسالارانەی پزیشک لەگەڵ نەخۆشدا هەتا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم لەجیهانی پزیشکیدا ڕۆڵی دەگێڕا، بە ڕادەیەک مۆڕاڵی پزیشکی کەمتر گرنگیی بە بیروبۆچونی ئازادانەی نەخۆش داوە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ تیشکی زیاتر دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان نەخۆش و پزیشک و دەڵێت "ماوەی دوای دوەمین جەنگی جیهانی بە خاڵی وەرچەرخان لە پێشکەوتنی مۆڕاڵی پزیشکیدا لە قەڵەم دەدرێت، لەم ماوەیەدا هۆکارگەلێک بونە هۆی دروستکردنی گۆڕانکاری لەمۆڕاڵی پزیشکیدا؛ وەک تاوانەکانی پزیشکانی نازی، گۆڕانکاری لەتێڕوانی کۆمەڵگەکان و گرنگیدان بە تاکگەرایی، بڕوابون بە مافی ئازادی و سەربەخۆیی لەبڕیارداندا، جەختکردنەوە لەسەر مافەکان و دیاریکردنی چارەنوسی خۆیی، فرەکولتوریی کۆمەڵگەکان و هەندێ شتی دیکە، لەلایەکی دیکەشه‌وە، پێشکەوتنەکانی زانستی پزیشکی وەک ڕۆڵی ئەم زانستە لەبەرزکردنەوەی ئاستی تەمەن لەڕێگەی تەکنەلۆژیای نوێوە، دەستکاریکردن لەشێوەکانی دوگیانی و زاوزێ، پیتاندنی دەستکردو کارەکانی پەیوه‌ست بەو جۆرە پیتاندنەوه‌، پیشکەوتنەکانی زانستی بۆماوەیی و هەستکردن بە هەنگاونان لەمۆڕاڵی کلاسیکەوە بۆ مۆڕاڵی شیکاریی پزیشکی، هەمو ئەمانە ڕۆڵیان لە ڕودانی ئەو وەرچەرخانەدا هەبو، بۆیە مۆڕاڵی پزیشکی لەئێستادا ئیدی تایبەت نییە بە پزیشکەکان".
سەرکەوت سەوادی، لەدرێژەی ڕونکردنەوەیدا بۆ ئەخلاقی پیشکی و ڕۆڵ و ئەرکی پزیشکەوە دەڵێت "لەسێیەمین کۆڕبەندیی جیهانیی پزیشکیدا، ساڵی ١٩٤٩دا لە لەندەن به‌سترا، یاساگەلێک به‌ ناوی یاسا نێودەوڵەتییەکانی مۆڕاڵی پزیشکییه‌وه‌ پەسەند کران، ئاماژە بە دو جۆری ئەرکی سەرشانی پزیشکان دەکه‌ن، یەکێکیان، ئەرکە گشتییەکانن؛ ئەوی دیکەشیان ئەرکە تایبەتییەکانی پزیشکە بەرامبەر بە نەخۆشەکان، هەر یەکێک لەمانە تێبینیی مۆڕاڵی تایبەت بە خۆیان لەسەرە. لەبەشی ئەرکە گشتییەکاندا باس لەوە دەکرێت، نابێت هیچ کاتێک پزیشک کارە پزیشکییەکان بۆ سودو قازانجی تاکەکەسیی خۆی جێبه‌جێ بکات، بۆیە هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەکی نایاسایی، قۆرغکاریی زیانهێن بۆ پیشەی پزیشکی، وەرگرتنی حەقدەستی زۆر بە شێوه‌یەک لەگەڵ ئه‌و کارەدا نەیەتەوە قەدەغە کراوە لەبارەی چۆنیەتیی پێوەندیی پزیشکییشه‌وه‌ لەگەڵ نەخۆشەکانی خۆیدا‌، دەتوانین ئاماژە بە پاراستنی نهێنیی نەخۆشەکان بکەین".
سەوادی دەڵێت "بەپێی ئەو گۆڕانگارییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییە پزیشکییانەی لەسەردەمی نوێدا هاتونەتە کایەوە، جه‌یمز چیڵدرس و تۆم بیۆچامپ، بنەماکانی مۆڕاڵی پزیشکیی نوێیان نوسییەوە، ئێستا زۆربەی وڵاتان جێبەجێیان دەکەن، بەپێی ئەم بنەمایانە، پزیشک لەهەر کۆمەڵگەو کولتورێکدا بێت، دەبێت ڕەچاوی ئەم بنەمایانە بکات و لەسێبەری ئەوانەدا تیماری نەخۆشه‌کەی بکات؛ ئەو بنەمایانەش بریتین لە:
١. بنەمای ڕێزگرتن لەسەربەخۆییی نەخۆش لەبڕیارداندا.
٢. بنەمای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی چاک و سودمەند.
٣. بنەمای ڕێگریکردن لەزیان.
٤. بنەمای دادپەروەری.
لەزۆر حاڵەتدا تێبینیی ئەوە کراوە، نەخۆشەکان لەترسی لەدەستدانی کارەکەیان یاخود زیادبونی تێچونی نەخۆشخانەکان، کە بیمەکان لەئەستۆیان ناگرن، خوازیاری دەرچونی پێشوەختەن لەنەخۆشخانە، بۆیە جەختکردنەوەی پەتی و ڕوت لەسەر ئازادی لەکاتی بڕیارداندا بەبێ ڕەچاوکردنی بارودۆخە کۆمەڵایەتییە کاریگەرەکان لەپڕۆسەی چارەسەرکردندا، نیشانەی تێگەیشتنێکی کورتبینانەیە لەبنەمای سەربەخۆبونی نەخۆش. واتە ئەرکی سەرشانی پزیشک و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکانە، زەین و بیری نەخۆش لەگشت هۆکارە کەسی و کۆمەڵایەتییەکان ڕزگار بکەن، کەوا لەنەخۆش دەکەن لەجێی بیرکردنەوە لەتەندروستیی خۆی خەیاڵی کارەکانی لەسەردا بێت.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color