گرنگ

ئەو هۆکارانەى وا لە زەیتى زەیتوون دەکەن زیانى زیاتر بێت لە سوودى


 

ئەو هۆکارانەى وا لە زەیتى زەیتوون دەکەن زیانى زیاتر بێت لە سوودى

ساڵەهایە مرۆڤ زەیتى زەیتوون وەک گیراوەیەکى شیفابەخش بەکاردەهێنێت، لێکۆڵینەوە پزیشکییەکانى سەردەمیش هەر ئەوە دەسەلمێنن کە سوودى ئێجگار زۆرى بۆ تەندروستى هەیە و زیانیشی نییە، ئەو لێکۆڵینەوانە تا ئێستا 200 ماددەی بەسوودیان تێیدا دۆزیوەتەوە.
بەم جۆرە بەسوودیی زەیتى زەیتوون مشتومڕ هەڵناگرێت، بەڵام ئەوەى مایەى لەسەر وەستانە، ئەوەیە کە ئەگەر ئەو زەیتە بە شێوەیەکى دروست مامەڵەى لەگەڵدا نەکرێت، ئەوە کاریگەرییەکانى پێچەوانە دەبێتەوە، سوودى نامێنێت و زیانیشی زۆر دەبێت!
زەیتى زەیتوون زۆر حەساسە، بە سێ شت زۆر بە زوویى تێکدەچێت و دەگۆڕێت بۆ جۆرێک چەوری کە پێى دەوترێت (تڕانس فات) کە ناتەندروستترین جۆرى چەورییە و دەبێتە هۆى قەڵەوى و زەخت و شەکرە و ... تا دەگات بە شێرپەنجەش! ئەو هۆکارانە بریتین لە:
1. ئۆکسجین: بەوەى هەواى بەربکەوێت.
2. گەرمی: بە ئاگر و تەنانەت ئەگەر گەرمیی هەواى ژووریش بگاتە 25 پلەى سەدى.
3. تیشک: تیشکى خۆر و تەنانەت هى گڵۆپیش.
بۆیە بۆ ئەوەى زەیتى زەیتوون سوودى هەبێت، دەبێت ڕەچاوى ئەم خاڵانە بکرێت:
1. ئەو زەیتانە بەکاربهێنرێت کە بە هاڕین و گوشین دەهێنرێن، کە لەسەریان دەنووسرێت (Virgin)، نەک ئەوانەى بە کوڵاندن بەرهەم دەهێنرێن، کە لەسەریان دەنووسرێت (Riviera).
2. زەیتى زەیتوون لە شووشەى ئەستوورى ڕەنگ تۆخ هەڵبگیرێت، تا تیشکى بەر نەکەوێت.
3. بە هیچ جۆرێک نابێت لە چێشت بکرێت، سوورکردنەوە هەر هیچ.
4. بە خواردنى گەرمدا نەکرێت، بەڵکو تەنها بە خواردنى ساردى وەک زەڵاتەدا بکرێت.
5. لەسەر مێز و کەوەنتەر دانەنرێت، بەڵکو دواى بەکارهێنران، بخرێتە ناو کەوەنتەر تا ڕووناکی لێى نەدات.
6. دواى بەکارهێنان بە تەواوى سەرى دابپۆشرێت، تا هەوا لێى نەدات.

پوختە: زەیتى زەیتوون گەلێک سوودى هەیە و زیانى نییە، بەڵام لەبەرئەوەى زۆر حەساسە، ئەگەر بە وریاییەوە بەکارنەهێنرێت، بەکارنەهێنانى باشترە.

د. زانا ئەحمەد
پزیشکى پسپۆڕى هەناو

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color