گرنگ

هەموو شتێك لەبارەی دەستپێكردنی شۆڕشی ئەیلول


 



بوار: شرۆڤەی كاوە شێخ عەبدوڵڵا

مانگی شەشی 1961 ئاغا و دەرەبەگ و خاوەن زەوی و زارەکانی دەڤەری سلێمانی پێکەوە کەوتنە تەگبیر و ڕاوێژ تا دژی دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم هەرایەک بنێنەوە. چونکە قاسم دەیویست زەوییەکان بەسەر جوتیار و وەرزێراندا دابەش بکات.

دوای نزیکەی سێ مانگ هاتن و چوون و تەگبیر و ڕاوێژ، ئاغاکان چەکدارەکانی خۆیان لە هەرسێ دەربەنی (  دەربەندیخان ــ دەربەندی بازیان ــ دەربەندی ڕانیە) دامەزراند بەو نیازەی کێشە بۆ حکومەت دروست بکەن. چەکدارەکان بازگەیان دانابوو ڕێبوارانیان دەپشکنی!

لە بەغداوە چەندجارێک نوێنەری حکومەت هات تا قسە لەگەڵ ئاغا ناڕازییەکاندا بکەن و بزانن چیان دەوێ. بەڵام دیارە هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

ئەوەبوو ڕۆژی 11ی ئەیلوول حکومەتی عێراق لە ئاسمانەوە بە فڕۆکە و لە زەویشەوە بە تانک و سەرباز کەوتە بۆردمان و تەفروتووناکردنی چەکداری ئاغاکان و لە ماوەی چەند سەعاتێکدا ئەو هەموو چەکدارە نا ڕێخکراو و هەڕەمەکییانە وەک ئاردی ناو دڕک پەرشوبڵاو بوونەوەو هەڕەشەکانیان دامرکایەوە!

هەموو چیرۆکی دەسپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول ئەمەیە!
بەڵام دواتر مام جەلال کە سەرکردەیەکی بزێوو خۆشەویستی ناو خەڵکی ئەو کاتەی کوردستان بوو، هەرزوو کەوتە کۆکردنەوەی هێزی خەڵک تا ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوەو بیکاتە شۆڕشێکی چەکداریی دژی حکومەتی عەبدولکەریم قاسم.

مام جەلال (چەمی ڕەزان)ی کردە مەڵبەندی کۆکردنەوەو سازدانی شۆڕشەکە. کادیرە ناسراوەکانی وەک عومەر دەبابە و عەلی عەسکەریش، ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو لە هاندان و ڕاکێشانی خەڵک بۆ ناو بزووتنەوە چەکدارییەکە.

پاشان کاریزمایی کەسایەتی مەلا مستەفا وایکرد، بە ماوەیەکی کەم ئەم بزووتنەوە چەکدارییە ببێتە شۆڕشێکی چەکداریی وەها کە سەدان و هەزاران کەس  لە پارچەکانی تری کوردستانەوە بچنە پاڵ شۆڕشەکە. بەمەش شۆڕشی کوردستان بوو بە یەکێک لە شۆڕشە گەورە و بەهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!

بەڵام سێ ساڵ دواتر، بەهۆی ناکۆکی و ناتەبایی سەرکردایەتییەکەیەوە، شۆڕشی ئەیلوول درزی گەورەی تێبوو. درزەکە سەریکێشا بۆ شەڕی کورد ـ کورد و سەدان پێشمەرگە و فەرماندەی لێهاتوو تیاچوون.

بەهۆی ئەم درز و ناکۆکییانەوە شۆڕشەکە سەریکێشا بۆ تاوان و تیرۆری شەخسی. هەروەها وڵاتانی وەک ئێرانی شا و عێراق دەستیان وەردایە ئەم ناکۆکییانەوەو ئەوەندەی تر درز و کەلێن خرایە ناوبزووتنەوەی چەکداری کورد و کۆمەڵی کوردەواریش بێبەش نەبوو لە درز و کەلێنەکان.

ئەمڕۆ 11ی9ی2023 ساڵڕۆژی دامرکاندنەوەی هەرای هەرسێ دەربەندەکەیە کە پاشان بوو بە هێمای دەسپێکردنی شۆڕشی ئەیلوول.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color