گرنگ

بۆچی كیم بە شەمەندەفەر گەشت دەكات؟


 



چی لەبارەی شەمەندەفەرەكەی سەرۆكی كۆریای باكوور دەزانیت؟

بوار: ئاژانسەكان

ڕۆژی سێشەممە شەمەندەفەرەکەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور چووە ناو خاکی ڕوسیا، پێش چاوپێکەوتنی چاوەڕوانکراو لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، ئێمە چی لەبارەی ئەو شەمەندەفەرە دەزانین؟ بۆچی سەرۆکی کۆریای باکور شەمەندەفەر بۆ گەشتەكانی بەكاردەهێنێت؟

ڕۆژی سێشەممە ئاژانسی هەواڵی ڕوسی RIA Novosti بڵاویکردەوە، شەمەندەفەرەکە لە کۆریای باکوورەوە پەڕیوەتەوە بۆ ناوچەی پریمۆرسکی لە ڕۆژهەڵاتی دووری ڕوسیا، كە لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەكەوێت، شەمەندەفەرێک بە كابینە سەوزە تۆخەکانەوە بە ناوچەی لوکۆمۆتیڤێکی هێڵی ئاسنی ڕوسیاوە چووەتە ئەو وڵاتە.

بەپێی میدیاکانی ڕووسیا، کیم لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا چاوی بە پوتین دەکەوێت و بەشاری لوتكەیەكیش لە شاری ڤلادیڤۆستۆک لە ڕۆژهەڵاتی دووری ڕوسیا دەكات، لە کاتێکدایە لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری دەدرێت لەوەی ڕەنگە هەردوو سەرکردە بگەنە ڕێککەوتنێك، كە ناوەڕۆكەكەی بۆ ئاڵوگۆڕی چەكە بە خواردن.

ئەم سەردانە یەکەم گەشتی کیم بۆ دەرەوەی وڵات دەبێت لە ماوەی چوار ساڵدا، دوای ئەوەی کۆریای باکوور سنوورەکانی داخست بەهۆی پەتای کۆڤید-١٩، هەروەها دەیەمین گەشتی کیم دەبێت لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠١١ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.

بۆچی کیم بە شەمەندەفەر گەشت دەکات؟
ڤلادیڤۆستۆک 130 کیلۆمەتر لە سنووری کۆریای باکوورەوە دوورە و ماوەی گەشتەکەش بە 20 کاتژمێر مەزەندە دەکرێت، کە ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی هەر گەشتێک بیەوێت بە ئامێری تر بكات.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان، سەرۆکی کۆریای باکوور پێی باشە بە "شەمەندەفەرێکی زرێپۆشی ئاست بەرز" گەشت بکات وەک ئەوەی باوکیشی هەمان كاری دەكرد، ئەوەش بۆ پارێزگاری لەخۆی.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، کیم وەک باوکی لە فڕین دەترسێت و باپیرەی کیم ئیل سونگ، دامەزرێنەری کۆریای باکوور هەمان هەستی هەبووە، زۆرجار بە شەمەندەفەرێکی تایبەت دروستکراو گەشتی دەرەوەی وڵاتیان كردووە، كە ئەمە شێوازێکی گواستنەوەی نائاساییە بۆ سەرکردەیەکی سەدەی بیست لەجیهاندا.

بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، کیم جۆنگ ئیل، باوکی سەرکردەی ئێستیای كۆریای باكوور، ترسی لە گەشتکردن بە فڕۆکە هەبووە و پێی باشتر بووە لە ڕێگەی شەمەندەفەرەوە گەشت بکات لە نزیکەی دەیان گەشتی دەرەوەی وڵات کە لە ماوەی ١٧ ساڵی دەسەڵاتیدا ئەنجامیداوە.

ناوبراو لە ساڵی ٢٠١١ لە کاتی گەشتکردن بۆ شارێکی کۆریای باکوور بۆ پشکنینی مەیدانی، لەناو شەمەندەفەری تایبەتی خۆیدا بەهۆی جەڵتەی دڵەوە گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، پێدەچێت ئاسایش گرنگترین هۆکار بێت کە خێزانی کیم گەشتی شەمەندەفەریان پێ باشترە.

هاوكات ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بڵاویکردەوە، یەکێک لە پاسەوانەکانی پێشووی کیم جۆنگ ئیل ڕایگەیاندووە، سەرۆکی کۆریای باکوور سوێندی خواردووە کە گەشتی ئاسمانی نەکات، بەهۆی "ترسی ئەوەی لە ئاسمانەوە تەقەی لێبکرێت".

هەرچەندە پێناچێت کیم جۆنگ ئون هەمان نیگەرانییەکانی هەبێت، بەڵام سروشتی کۆنی فڕۆكەكانی کۆریای باکوور کە لەلایەن سۆڤیەت دروستکراوە، سەرچاوەیەکی نیگەرانی ئەون و نایەوێت گەشتیان پێبكات.

لای خۆیەوە، سەرۆکی دامەزراوەی توێژینەوەی کۆریای باکوور لە سیئۆل، کیم یۆنگ سوو، ڕایگەیاندووە، گەشتکردن بە ڕێگەی شەمەندەفەر و نەک ئاسمانی نەک هەر ئاسایشی زیاتر بە سەرۆکی کۆریای باکوور دەبەخشێت، بەڵکو هەندێک ڕۆشنایی جیهانیشی پێدەبەخشێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەشتەکەی شەمەندەفەر ڕێگە بە کیم دەدات "وەک کەسایەتییەکی نهێنی دەربکەوێت"، هەروەها بەپێی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان لە شوێنە گونجاوەکاندا کۆدەبێتەوە.

شەمەندەفەرەکە لە ناوەوە چۆنە؟
کەم کەس لە دەرەوەی نوخبەی کۆریای باکوور بە شەمەندەفەرەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور گەشتیان کردووە، بۆیە زانیاری لەبارەیەوە كەمە، بەڵام وێنەکانی میدیای دەوڵەتی و ئەکاونتی گەشتیاران و ڕاپۆرتەکانی دەزگای هەواڵگری چەند زانیارییەكیان لەبارەوە ئاشكراكردووە.

یەکێک لە وردترین باسەکانی گەشتکردن بە شەمەندەفەرەکەی سەرۆکی کۆریای باکور لە بەرپرسێکی ڕووسیەوە هاتووە، کە ناوی کۆنستنتین پولیکۆڤسکی بووە، کە لە کتێبێکدا بە ناوی "ڕۆژهەڵات ئێکسپرێس" وردەکارییەکانی گەشتەکەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئیل گێڕاوەتەوە.

کتێبەکەی پۆلیکۆڤسکی باسی لە مینیویەکی بە تام کردووە، کە کۆمەڵێک خواردنی بەرفراوان پێشکەش دەکرێت لەناو شەمەندەفەرەكە، ئەوەشی بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردووەتەوە.

پولیکۆڤسکی نووسیویەتی: دەکرا هەر خواردنێک لە خواردنی ڕووسی، چینی، کۆری، ژاپۆنی و فەرەنسی داوا بکرێت لە گەشتەكاندا.

هاوكات لە بابەتێکدا، کە لە ڕۆژنامەی چۆسون ئیلبۆی کۆریای باشوور لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاوکرایەوە و بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکات، کە شەمەندەفەرەکە بە گشتی ٩٠ كابینە لەخۆدەگرێت.

هەروەها پێدەچێت شەمەندەفەرەکە ژوورێکی کارایۆکی و پەیوەندییەکانی مانگی دەستکرد و دامەزراوەیەکی پزیشکی فریاگوزاری لەخۆبگرێت، بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ.

جەستەی شەمەندەفەرەکە بە پۆڵایەکی زەرد پێچراوەتەوە، کە مەبەست لێی پاراستنی لە هێرشی بۆمبەکانە.

شەمەندەفەرەکەی کیم 'هێواش و بێزارکەر'.
شەمەندەفەرەکەی کیم زۆرترین خێراییەکەی 55 میلە لە کاتژمێرێکدا، هەروەها خێرایی خاوی شەمەندەفەرەکەی کۆریای باکوور بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ کێشی یەکجار زۆری، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو زرێپۆشە زیادەیەی، کە لەسەر شەمەندەفەرەکە دانراوە، بەپێی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست.


جۆرجی تۆلۆرایا، دیپلۆماتکارێکی دیکەی ڕووسیا کە لە ساڵی ٢٠٠١ لەگەڵ کیم جۆنگ ئیل گەشتیان کردووە، ڕایگەیاندووە، لە کاتی پشکنینی شەمەندەفەرەکەدا لەلایەن تەکنیکارانی ڕووسییەوە، بۆیان دەرکەوتووە پلاکی زرێپۆش لە ژێر ئەو دوو كابینە سەرەکییەی هێڵی ئاسنیندا هەیە، کە سەرکردەی کۆریای باکوور بۆ نیشتەجێبوون  بەکاریدەهنێت.

هەروەها تەکنیکاران بۆیان دەرکەوتووە ، كابینەكانی شەمەندەفەرەكە دروستكراوی سۆڤێت بوون، بەڵام دواتر دەستکارییەکی بەرچاویان کردووە، بەپێی وتەی "دیپلۆماتکاری پێشووی ڕووسیا".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color