گرنگ

 گرنگ

سوودانی سەرپەرشتی دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک دەکات

2024-05-30

 
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری لایەنە براوەکانی کەرکوک بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک كۆبۆوەو سەرپەرشتی دانانی پارێزگار و دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک دەکات.
 
ئێوارەی رۆژی ۲۹ی ئایار سێیەمین کۆبونەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ نوێنەری لایەنە براوەکانی کەرکوک بەمەبەستی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەرێوەچوو.
 
لەکۆبونەوەکە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێم بەنوێنەرایەتی پارتی و خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عێراق بەنوێنەرایەتی یەکێتی بەشداربوون.
 
لەکۆبونەوەکە خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حزبی سیادە و مەحەمەد تەمیم، سەرۆکی هاوپەیمانی قیادە و حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی و نوێنەرانی لیستەکانی هاوپەیمانی عەرەبی و عروبە بەشدارن و پێچەوانەی دوو کۆبونەوەکەی پێشوتر بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بەشداری نەکردووە.
 
ئەمە سێیەمین کۆبونەوەی سودانیە لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن لەسەر پۆستەکانی ئەو پارێزگاریە.
 
لەماوەی ڕابردوو دوو کۆبونەوەی تر ئەنجامدراو یەکێتی و لایەنە عەرەبیەکان گەیشتن بەڕێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، بەڵام دەستوەردانی سەرۆکی تورکیا ڕێکەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color