گرنگ

 گرنگ

حكومەتی هەرێم بەچەند مەرجێك پلەبەرزكردنەوەی بەشێك لە ئەفسەرانی ڕاگەیاند

2024-07-24

 

بوار، تایبەت
بەگوێرەی نوسراوێك كە وەزیری ناوخۆ واژۆی لەسەر كردووە ئاماژە بە هەمواری ڕێنمایی پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كردووە، بە گوێرەی هەموارە نوێیەكە بە بوونی چەند مەرجێك ئەو كەسانەی لە پلەی عەقیدن پلەكەیان بۆ عەمید بەرز دەكرێتەوە، بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت" ئەم جۆرە لە حوكمڕانی پێی دەگوترێ حكومەتی وەڵامدەرەوە

بەگوێرەی ئەو نوسراوەی لای بوارە و واژۆی ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی لەسەر ئاماژە بەوەكراوە، ئەو ئەفسەرانەی كە پلەی عەقیدیان هەیە ئامادەكاری دەكەن بۆ بەرزبوونەوەی پلەكانیان بۆ عەمید، مەرجە كە پۆستی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەش بێت لەیەكێك لە دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ، بەمەرجێك ئەو بەڕێوەبەرایەتی و بەشە لەپەیكەری ڕیكخستنی پەسەندكراو هەبێت، یان پشكنەر بێت لەدەستەی پشكنەرەكانی هێزەكانی ناوخۆ

ئاماژە بەوەشكراوە، ئەوانەی فەرماندەی باڵەكانن لە كۆلێژی پۆلیس یان ئەو ئەفسەرانەی كە پلەی شارەزایان هەیە لەدادگای تایبەت مەند پلەكانیان لە عەقیدەوە دەكریت بە عەمید بەمەرجێك ناسنامەی شارەزاییان هەبێت و ناسنامەكەیان بەسەر نەچووبێت

هیمن میرانی بەڕێوەبەری گشتی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیاند: لە كاتی فەراهامبوونی مەرجە یاساییەكان، دەكرێت لە پایەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی یان بەڕێوەبەری بەش بن لە دامەزراوەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەم جۆرە داواكاری سەدان عەقید كە بە یاداشتی جۆراوجۆر گەیشتبووە وەزیری ناوخۆ، جێبەجێ دەبێت
ئەم جۆرە لە حوكمڕانی پێی دەگوترێ حكومەتی وەڵامدەرەوە، كاتێك هاووڵاتیان لە هەر چین و توێژێك داواكارییەكی ڕەوایان هەبێت و پێشكەشی بكەن، لەم جۆرە حوكمڕانییە داواكارییەكە بە وردی دیراسە دەكرێت و وەڵام دەدرێتەوە

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color