گرنگ

هەر خێزانێكی ئاوارە بڕی چوار ملیۆن دیناری پێدەدرێت

2024-07-03

 


بەڕێوەبەری ناحییەی عەربەت ئاماژە بەوەدەكات لەمە هەفتەیەدا بە دووكاروان سەرجەم ئەو خێزانانە ئاوارانەی كە لەكەمپی ئاشتی لەناحیەی عەربەت ماون دەگوازرێنەوە زێدی خۆیان كە ژمارەیان 290 خێزانە و بۆهەرخێزانێكیش بڕی چوار ملیۆن دینار و كۆمەڵێك پێداویستی ناوماڵیان بۆ دابیندەكرێت، بەوجۆرەش كۆتا كەمپی ئاوارەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی دادەخرێت.

دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە بواری ڕاگەیاند: تائیستا بە چەند كاروانێك 560 خێزانی ئاوارە كە لە كەمپی ئاشتی لە ناحیەی عەربەت نیشتەجێبوون گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان پێشتر كەمپەكە نزیكەی 850 خێ.انی ئاوارەی تێدا نیشتەجێبوون و لە ئێستادا تەنها 290 خێزان ماون و لەم هەفتەیەدا ئەوانیش بەدووكاروان دەگوازرێنەوە زێدی خۆیان و كەمپەكە بەتەواوی دادەخرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر خێزانێكی ئاوارە كە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بڕی چوار ملیۆن دینار و ئامێرێكی تەلەفزیۆن و تەباخ و بەفرگرێكی پێدەدەرێت ئەوە سەرەڕای ئەوەی پێداویستییەكانی نێو ماڵەكەیشی بێبەرامبەر بۆ دەگوازرێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجیبوونی، بۆیە ئەوەش هاندانێكە بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان لەسنوری پارێزگای سەلاحەدین و وناوچەی شەنگال.


داخستنی ئەو كەمپەی ئاوارەكان لە پارێزگای سلێمانی لەكاتێكدایە كە سكاڵایەك لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لەبارەی كەمپەكان لە هەرێمی كوردستان تۆماركراوە سكاڵاكارداوا دەكات دادگای فیدراڵی هەرێمی كوردستان بە جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە داخستنی كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان پابەند بكات كە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 30ـی تەممووزی ئەمساڵی وەك دوا كات بۆ داخستنی كەمپی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان داناوە، بڕیاریشە لە 11/8/2024 گەڕێكی دیكەی دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو پرسە بەڕێوەبچێت.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color