گرنگ

پێشنیازی هەڵوەشانەوەو ئاشبەتاڵ بۆ گۆڕان كراوە


 
بوارنیوز ناوەڕۆكی دوو پێشنیاز بۆ تێپەراندنی دۆخی گۆڕان ئاشكرادەكات
 
بوار نیوز، سلێمانی
ئەندامێكی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، وەك دەرچەیەك بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی بەهۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە بەسەر بزووتنەوەكەی هاتووە، دوو پێشنیازی بۆ خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی گۆڕان كردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادارو تایبەت دەست بوارنیوز كەوتووە، دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندن، دوو پێشنیازی خستووەتە بەردەم خانەی راپەڕاندن‌و عومەر سەید عەلی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان‌و ماوەی 48 سەعاتی داناوە بۆ جێبەجێكردنی یەكێك لەو پێشنیازانە.
هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، پێشنیازی یەكەم ئەوەیە، كە رێكخەری گشتی‌و تەواوی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن‌و هەردوو جڤاتی نیشتمانی‌و گشتی دەستلەكاربكێشنەوەو دەستەیەكی بەرێوەبەری كاتی بۆ گۆڕان دابنێن.
هەروەها تەواوی ئەوانەی لەسەر پشكی بزووتنەوەی گۆڕان پۆستیان لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان پۆستیان وەرگرتووە دەستلەكاربكێشنەوەو بگەڕێنەوە بۆ دەستپێكردنی كاری نوێ‌ لەناو بزووتنەوەی گۆڕان‌و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، پێشنیازی دووەم ئەوە بووە، كە بەهۆی ئەو شكستەی بەسەر بزووتنەكە هاتووە، بە فەرمی هەڵوەشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان رابگەیەنرێت‌و ئەندامان‌و ئەوانەی پۆستیان لەسەر گۆڕان هەیە، سەرپشك بكرێن بەوەی پەیوەندی بە چ لایەنێكی ترەوە دەكەن.
بوارنیوز ئەوەشی زانیوە، كە دەرباز محەمەد ماوەی 48 سەعاتی بۆ خانەی راپەڕاندن‌و رێكخەری گشتی داناوە، بۆ جێبەجێكردنی یەكێك لەو پێشنیازانە، بە پێچەوانەوە ئەو خۆی دەستلەكاركێشانەوە رادەگەیەنێت‌و هەڕەشەی ئەوەشی كردووە، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی باس لەوە دەكات، كە رێكخەرو ئەندامانی خانەی راپەڕاندن ئامادەنین بەرپرسیاری هەڵبگرن‌و نایانەوێت دەستبەرداری پۆستەكانیان بن.
ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 10ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، بەپێی ئەنجامە بەرایییەكان بزووتنەوەی گۆڕان هیچ كورسییەكی پەرلەمانی نەبردووەتەوەو ئەوەش كاردانەوەی گەورەی لەناو بزووتنەكە دروست كردووە.
سەرچاوە ئاگادارەكەی بوارنیوز ئەوەشی ئاشكراكرد، بڕیارە رۆژی سێ‌ شەممە 12ی تشرینی یەكەم جڤاتی گشتی‌و رۆژی چوار شەممە 13ی تشرینی یەكەم، جڤاتی نیشتمانی كۆبوونەوە بكەن‌و تاوتوێی ئەو پێشنیازانەو چەند پێشنیازێكی تر بكەن‌و دواتر هەڵوێستی كۆتایی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی گۆڕان رابگەیەنرێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color