گرنگ

حکومەتی هەرێم ( 8 ) ساڵە بودجەو 10 ساڵیشە ژمێرەی كۆتایی نەداوەتە پەرلەمان


 

"كەس نازانێت بودجەی پەرلەمانی كوردستان چۆن خەرج دەكرێت"

بوار نیوز، تایبەت
حكومەتی هەرێمی كوردستان ( 8 ) ساڵە بودجەو 10 ساڵیشە ژمێرەی كۆتایی و بەیانی نەداوەتەوە پەرلەمان، جگە لەوە پەرلەمانی كوردستانیش خۆشی شێوازی خەرجكردنی بودجەكەی ئاشكرا ناكات.
ماوەی ( 8 ) ساڵە (2014-2021) حكومەتی هەرێم بودجەی نەناردۆتە پەرلەمانی كوردستان، ماوەی (10) ساڵیشە (2011-2020) ژمێرەی كۆتایی و بەیانی دارایی نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان، جگە لەوە ماوەی دوو ساڵە (2019 -2020) ژمێرەی كۆتایی و بودجەی پەرلەمانی كوردستان نەدراوەتەوە لێژنەی ئابووری پەرلەمان.
لە ماددەكانی (16، 107، 108)ی پەیڕەوی پەرلەمان باس لە بودجەی پەرلەمان دەكات و ئەركی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە لەگەڵ دیوانی پەرلەمان و لێژنە پەیوەندیدارەكان بودجەی ساڵانەو ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان رێك بخەن و بیخەنە بەردەم پەرلەمان بۆ پەسەندكردن و جێبەجێكردنی، بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری پەرلەمان، لە كۆتایی هەر ساڵێكی داراییدا ژمێرەی كۆتایی و رێككارە كارگێڕییەكان دەخاتە بەردەم دەستەی سەرۆكایەتی بۆ ڕازیبوون لەسەری و رەوانەكردنی بۆ لێژنەی دارایی و كاروباری ئابووری بە مەبەستی پێداچوونەوەو بەرزكردنەوەی راپۆرتێك لەوبارەیەوە بۆ پەرلەمان.
لە راپۆرتی شەشەمی (چاودێریی و هەڵسەنگاندنی كارەكانی پـەرلەمانـی كــوردستان) كە بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی سێیەمی خولی گرێدانی بەهارە (1ی ئازاری 2021 تاوەكو 31ی ئابی 2021) ئەنجامیداوە، ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) دەڵێت: "لەكاتێكدا پەرلەمان نەیتوانیوە بودجەو ژمێرەی خۆی ئامادەو ئاشكرا بكات، چۆن داوای بودجەو ژمێرەی كۆتایی لەحكومەت دەكەن؟".
لە راپۆرتەكەی پەی ئاماژە بەوە كراوە كە "هیچ خەرجییەك لەدەرەوەی یاسای بودجە بەشێوەی زانستی و پشتبەست بەسەنەدی قانوونی خەرج ناكرێت، بۆیە ئەركی پەرلەمانتاران و لێژنەكانیشە بەدواداچوون بۆ ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەو ژمێرەی كۆتایی پەرلەمان و بەیانی دارایی بكەن، بەڵام هەشت ساڵە پەرلەمان نەیتوانیوە یەكێك لەئەركە سەرەكییەكانی كە پەسەندكردنی بودجەیە جێبەجێ بكات"

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color