گرنگ

2022 هەرێم پرۆژەیاساى بودجەى نابێت "چەند کەسێک لەئەنجومەنى وەزیران دەستیان بەسەر زانیارییەکانی داهات و خەرجی و ڕاستی قەرزەکان داگرتووەو ناهێڵن کەس دەستی پێبگات"


 

 

بوارنیوز، تایبەت
بەوتەى بەرپرسێکى باڵا لەوەزارەتى دارایى و ئابوورى حکومەتى هەرێم قسەکردن لەسەر پرۆژە یاساى بودجە وەک ئەوە وایە بەردێک فرێبدەیتە ناو گۆمێکى قوڵەوەو هیچ چارەنوسێکى نەبێت، بۆیە بەدڵنیاییەوە بۆ ساڵى 2022 هەرێمى کودستان هاوشێوەى هەشت ساڵى ڕابردوو پرۆژە یاساى بودجەى نابێت و تەنها کات بەڕێدەکات و وەزارەتى دارایش تووشى گرفتێکى گەورە بووە.

بەپێى ئەو زانیارییانەى لە بەرپرسێکى باڵاى وەزارەتى دارایى و ئابورى حکومەتى هەرێم بە بوارنیوز دراون ئەوە خراوەتەڕوو، ئەوەى ئێستا لەناو ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم دەگوزەرێت بۆنى ئەوەى لێنایەت پرۆژەیاساى بودجەى ساڵى 2022 ئامادەبکرێت و ڕەوانەى پەرلەمان بکرێت، بۆیە قسەکردن لە پرۆژەیاساى بودجە لەلاى حکومەتى هەرێم وەک ئەوە وایە بەردێک فرێبدەیتە ناو گۆمێکى قوڵەوەو هیچ چارەنوسێکى نەبێت بۆیە بەدڵنیاییەوە هاوشیوەى هەشت ساڵى ڕابردووی هەرێمى کوردستان لە ساڵى 2022 پرۆژەیاساى بودجەى نابێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، ئێمە گفتوگۆمان لەسەر پرۆژەیاساى بودجە کردووە، بەڵام ئەو زانیارییانەى کە بنەماى داڕشتنى پرۆژە یاساى بودجەن لەلایەن چەند کەسێک لەئەنجومەنى وەزیرانەوە دەستیان بەسەرداگیراوە ڕێگە نادرێت کەس دەستى بگات بەو زانیارییانە لە ڕووى (داهات، خەرجییەکان، ڕاستی قەرزەکان، ستراتیژى حکومەت، نرخى نەوت، داهاتەکان پشت بە چى دەبەستن، لەگەڵ عێراق دەگەنە ڕێککەوتن یان نا، دامەزراندنى فەرمانبەران) و دەیان بابەتى دیکەى گرنگ کە ئێمە لەوەزارەتى دارایى دەستەڵاتى ئەوەمان نییە قسەیان لەبارەوە بکەین و ڕێگەشمان پینادرێت زانیارییان لەسەر کۆبکەینەوە بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت حکومەتى هەرێم تەنها کات بەڕێدەکات و نایەوێت پرۆژە یاساى بودجەى هەبێت.

ئەو بەرپرسەى وەزارەتى دارایى ئەوەشى ڕوونکردەوە، لە ئێستادا وەزارەتى دارایى ڕووبەڕووى گرفتێکى گەورە بووەتەوە، چونکە لە حاڵەتێکدا ئەگەر پرۆژەیاساى بودجەش ئامادەبکەین، نازانین چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ دەیان دۆسیەى تایبەت بەفەرمانبەران، بەتایبەت لەساڵى 2016 ەوە پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران ڕاگیراوە، ژمارەیەکى زۆر لە فەرمانبەران کۆچى دواییان کردووەو هێشتا دۆسیەکانیان یەکلا نەبووەتەوە، هەزاران فەرمانبەر خانەنشین بوون هەر بە پلەى ساڵى 2016 خانەنشین بوون، ئەمانەو دەیان گرفتى دیکە رووبەڕووى وەزارەتى دارایى بوونەتەوەو هیچ بڕیارو ئیرادەیەکیش نییە بۆ چارەسەرکردنیان کە هەموو ئەمانە لە دەستەڵاتى ئەنجومەنى وەزیرانە و ئامادەنین خۆیان لەوبابەتە بدەن لەکۆبوونەوەکاندا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color