گرنگ

پشووەکەی پارێزگای سلێمانی بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە نییە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە


 
بوار نیوز، تایبەت
پشووەکەی پارێزگای سلێمانی بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە نییە، بەڵکو بەهۆی نەبوونی پارەیە بۆ دابەشکردنی مووچە.
ئەمڕۆ دووشەممە 17/1/2022، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیاندراوێک ئاماژەی بەوەکرد، سێشەممە و چوارشەممە لەسەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی سلێمانی پشووی فەرمیە.
بەپێی زانیاری بوار نیوز کە لە بەڕێوەبەرایەتیەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری دەستی کەوتووە، راگەیاندنی پشووی پارێزگای سلێمانی بەهۆی دابەزینی پلەی گەرماوە نەبووە، بەڵکو داهاتی ناوخۆ نەگەیشتۆتە بانکی ناوەندی لە پارێزگای سلێمانی.
بوار نیوز زانیویەتی، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کراوە لەسەر دابەشکردنی مووچە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە پارێزگای سلێمانی ئاماژەیان بەوەکردووە سیولەیان نییە بۆ دابەشکردنی مووچە، لەبەرامبەریشدا لە هەولێر سیولە (پارەی نەختینەی) ئامادەیە، بۆیە پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی مووچە دابەش نەکات دوو رۆژی کرد بە پشوو.
راگەیاندنی پشوو لە پارێزگای سلێمانی لە کاتێکدایە، وەزارەتی دارایی و ئابووری راگەیاند، رۆژی سێ شەممە مووچەی چوار وەزارەت دابەش دەکرێت.
تاوەکو ئێستا پارێزگاری سلێمانی رونکردنەوەی نەداوە ئایا رۆژی سێ شەممە دەتوانن مووچە دابەش بکەن، یاخوود دابەشکردنی مووچەی ئەم چوار وەزارەتە دەکەوێتە چ رۆژێک.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color