گرنگ

ئەحمەدى حاجى ڕەشید: یەکەم کوتلە کە پشتگیرى لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کرد، سەدرییەکان بوون، لەهەمانکاتیشدا بانکی مەرکەزیش لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە


 
ئەحمەدى حاجى ڕەشید:
یەکەم کوتلە کە پشتگیرى لە بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار کرد، سەدرییەکان بوون، لەهەمانکاتیشدا بانکی مەرکەزیش لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەواندایە
بوانیوز، تایبەت
بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لە خولى چوارەمى پەرلەمانى عێراق ئاماژە بەوەدەکات هەوڵەکانى موقتەدا سەدر بۆ دابەزاندى نرخى دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئاماژەیەکە کە لە داهاتوودا سەدرییەکان ببنە ئۆپۆزسیۆن و دواتر بۆ ڕاکێشانى سۆزى هاووڵاتیان ئەو هەوڵەیان دەستپێکردووە، هەوڵێکیشە بۆ ڕاستکردنەوەى ئەو هەڵەیەى کە لەخولى پێشوو کردییان لە بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار بەرامبەر بەدینار، دەشڵێت "هەر لە ئێستاوە پەرلەمان شکشتى هێناوە و بەلایەنى کەم دوو سەرۆکى هەیە".
ئەحمەدى حاجى ڕەشید، بڕیاردەرى لیژنەى دارایى لە خولى پێشووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: ئەو هەوڵەى کە سەدرییەکان لە رێگەى تویتەکانى موقتەدا سەدرەوە دەستیان پێکردووە بۆ گۆڕانکارى لە نرخى دۆلار، وایکردووە کە پەرلەمان وا دەربکەوێت دوو سەرۆکى هەیە، جگە لە (محەمەد حەلبوسى) موقتەدا سەدریش ڕۆڵى سەرۆکى پەرلەمان دەبینێت، بۆیە کارەکانى پەرلەمان ئەگەر بەو شێوەبێت هەر لەئێستاوە شکستیان هێناوە. لە خولى پێشووى پەرلەمان، یەکەم کوتلە کە پشتگیرى لە گۆڕینى نرخى دۆلاریان کرد سەدرییەکان بوون، لە کاتێکدا هەر سەدرییەکانیشن باڵادەستی تەواویان هەیە لە بانکى مەرکەزى عێراقى، بۆیە لە ڕێگەى ئەو هەوڵەوە دەستیان پێکردووە دەیانەوێت ئەو پشتیوانییە هەڵەیەى لە خولى پێشوو کردیان ڕاستبکەنەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێدەچێت موقتەدا سەدر دواجار بڕیارى ئۆپۆزسیۆن بوون هەڵبژێرێت، بۆیە ئەمەش سەرەتاى ئاماژەکانى بە ئۆپۆزسیۆن بوونى سەدرییەکان نیشاندەدات، دەیانەوێت لەم هەوڵەوە واخۆیان نیشان بدەن کە ئەوان لەگەڵ داواکارییەکانى خەڵکدان بەتایبەت چینى هەژاران، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت بە نەیارەکانیان بڵێن کە ئەو بانکانەى ئەوان وەبەرهێنانیان تیادا دەکرد کۆتایى پێبهێنێت، هاوکات بە ئێرانییەکانیش دەڵێت کە ئەگەر لە ماوەى ڕابردوودا توانیوتانە سود لە بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار وەربگرن ئەوا ئێمە دەتوانین کۆنترۆَڵى ئەو دۆخە بکەین.
ئەحمەدى حاجى رەشید ئەوەشى باسکرد، دوور نییە کە بەهۆى ئەم دۆخە چەقبەستووەى لە عێراق دەگوزەرێت، موقتەدا سەدر دووبارە داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە بکاتەوە، لەو حاڵەتەشدا دەیانەوێت دەستکەوتێکیان هەبێت. وەک بانگەشەى هەڵبژاردن بەکارى بهێنن لە دابەزاندنى نرخى دۆلار بۆ ئەوەى هاووڵاتیان قەناعەت پێبهێنن دەنگیان پێبدەن، بەڵام دواین گۆڕانکارى لە بەرزکردنەوەى نرخى دۆلار پشتگیرى بانکى نێودەوڵەتى و هەروەها بانکى مەرزى عێراقیشى لەگەڵدا بووە بۆیە ئەگەر جارێکى دیکە نرخى دینار بەرز بکرێتەوە ئەوا متمانەى دراوى عێراقى لە بانکى نێودەوڵەتى کەمدەکات بۆیە لەڕووى ئابورییەوە زۆر زەحمەت جارێکى دیکە نرخى دۆلار دابەزێت.
ئەحمەدى حاجى ڕەشید ئەوەشى ڕوونکردەوە، بڕیارى قەدەغەکردنى گەشتکردن لە وەزیرى دارایى عێراق، لەلایەن پەرلەمانەوە، هەڵەیەکى گەورەبوو نەدەبوو ئەوە بەسەر پەرلەماندا تێپەڕێت، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتى دادوەریدایە بڕیارى قەدەغەى گەشتکردن دەربکات نەک پەرلەمان.
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color