گرنگ

بوار، هۆکاری ڕاستەقینەی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی ئاشکرا دەکات


 

 

یەکێتی بەپلان، کار بۆ ڕوخاندنی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی دەکات

بوار وردەکاری پلانەکەی یەکێتی ئاشکرا دەکات

بوار نیوز، تایبەت
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ئێستادا کار بۆ ڕوخاندنی کابینەکەی مەسرور بارزانی دەکات. ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی قەیران لە دوای قەیران بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەست بوار نیوز کەوتووە، دوای هەڵبژاردنی پێش وەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، لە کۆبونەوەیەکی تایبەتدا، قوباد تاڵەبانی، باسی لە نیگەرانییەکانی خۆی کردووە، لە شێوازی هەڵس و کەوتەکانی مەسرور بارزانی کە بەرامبەر تیمی یەکێتی لەکابینەی نۆیەم پەیڕەوی دەکات.

لە دوای هەڵسەنگاندن، بۆ قسەکانی قوباد تاڵەبانی، زۆرینەی بەرپرسانی باڵای یەکێتی بۆچونیان وابووە کە پێویستە سنورێک بۆ شێوازی کارکردنی مەسرور بارزانی دابنرێت و ڕێگە لەتاکڕەوییەکانی سەرۆکی حکومەت بگیرێت، چونکە پارتی لە هیچ شتێک حیساب بۆ یەکێتی نیشتیمانی ناکات و تەنانەت لە کۆبونەوەو سەردانە تایبەتەکان، هیچ بەرپرسێکی یەکێتی بەشداری پێ ناکرێت.

تەواوی بەرپڕسانی باڵای یەکێتی، بە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانیشەوە، لەگەڵ ئەوە بوون بەهەموو شێوەیەک ئاستەنگ و قەیران بۆ ئەو کابینەیە دروست بکرێت لە چەند ڕێگەیەکەوە.
پلانی یەکەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئەوە بووە بەهیچ شێوەیەک داهاتی ناوخۆ لە سنوری ئیدارەی سەوز نەگێڕدرێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی حکومەت.

بەپێی زانیارییەکان پلانەکەش بەو شێوەیەیە کە لەبانکە لاوەکییەکانی ناو شاری سلێمانی و تەواوی ئیدارەی زۆنی سەوز، ئەو پارەیەی دەچێتە بانکەکان کەمتر لەنیوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ بانکی ناوەندی هەرێم لە سلێمانی و ئەوەی دیکە لە ڕێگەی تیمێکی تایبەتەوە، سەرجەم پارەکان تەسلیم بە ئیدارەی گشتی یەکێتی بکرێت.

ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ گەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ خەزێنەی یەکێتی، تیمێکی تایبەتی پێکهێناوەو لەهەر بانکێک کەسێکیان دیاریکردووە، دوای تەواو بوونی دەوامی فەڕمی بانکەکان سەرجەم پارەکانی ئەو بانکە کە لەو ڕۆژەدا کۆکراوەتەوە لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە بگوازێتەوە بۆ ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.

دوای نەگەڕانەوەی داهاتی سلێمانیش، مەسرور بارزانی، فشار لەسەر ئاواتی شێخ جەناب دروست دەکات بۆ ئەوەی کار بکات بۆ گەڕانەوەی داهاتی ئەو سنوورە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، وەزیری دارایی ناتوانێت هیچ کارێک بکات بۆ گەڕانەوەی داهات، بۆیە ئێستا لە ماڵەوە دانیشتووە.

یەکێکی دیکە لەو ئاستەنگانەی بۆ کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دروست دەکرێت، ڕێگری کردنە لە دروستکردنی بۆڕی غازی سروشتی هەرێمی کوردستان و ڕاستەوخۆ بەرپرسانی پارتی لەو بڕیارەی یەکێتی ئاگادارکراونەتەوە کە یەکێتی بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادات بۆڕی غازی سروشتی لەژێر دەسەڵاتی یەکێتییەوە ڕابکێشرێت.

لەسەر ئاستی عێڕاقیش، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە ڕێگەی بەرهەم ساڵحەوە ئاستەنگی گەورە بۆ کابینەی نۆیەم دروستکراوەو هۆکاری ڕاستەقینەی ڕەتکردنەوەی بەرهەم ساڵحیش لەلایەن بارزانییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرهەم ساڵح ڕاستەوخۆ، خۆی سەرپەرشتی ئەو کارانەی کردووەو لە ڕێگەی چەندین دیکۆمێنتیشەوە کە دەست پارتی کەوتووە بەئاشکرا پارتی ئەو پلانەی یەکێتی بۆ دەرکەوتووە.
بوار لەبەر هەستیاری دۆسیە و کێشەکانی نێوان بەرهەم ساڵح و بارزانی لەو قۆناغەدا وەک بەرپرسیارێتییەکی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی سەرچاوەکانی تەواوی زانیارییەکان ناخەتەڕوو.

پارتی پێی وایە سەرجەم ئەو فشارانەی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دەخرێنە سەر حکومەتی هەرێم پەیوەندی بەپلانەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە هەیە. پێشتریش بۆ پشڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە، هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لەلێدوانێکیدا ئاماژەی بەناوی بافڵ تاڵەبانی کرد کە ڕۆڵی هەبووە لە دوور خستنەوەی ناوبراو لە ڕێگەی بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە. لێدوانەکەی زێباری زیاتر خستنەڕووی کۆدی زانیاری بوو لەسەر هەوڵەکانی یەکێتی بۆ دروستکردنی فشاری زیاتر لەسەر پارتی دیموکراتی کوردستان.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color