گرنگ

پلاسخارت، ناوەڕۆکی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات


 

پلاسخارت، ناوەڕۆکی مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات

بوار، هەولێر
ئەندامێکی بەشداربووی دوو کۆبونەوەی ڕابردووی نێوان پلاسخارت و لایەنە سیاسیەکانی هەرێم، زانیاری ورد لەبارەی کۆبونەوەکان ئاشکرادەکات.

سەڵاحەدین بابەکر کارگێری مەکتەب سیاسی یەکگرتوو، بەدەنگی ئەمەریکای وت"پلاسخارت بەڕوونی بە لایەنە سیاسیەکانی وت، هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمەڵێک ئاڵەنگاری و مەترسیدایە، بۆیە پێویستە لەنزیکەوە گفتووگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن و ڕاشکاوانە تاوتوێی کێشە و قەیرانەکان بکەن، هەوڵی جدیش بدەن بۆ چارەسەرکردنیان."

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، جنین پلاسخارت بە نوێنەری لایەنە سیاسیە کوردیەکانی وتووە، ساڵێک لەمەوبەر کاتێک باسی زۆنی سەوز و زەردمان کردووە، ئەم وتەیە ناونیشانە بۆ کۆمەڵێک گرفتی گەورە لە هەرێم، دوای ساڵێک هەستمان کرد، شتەکان وەکخۆیانن و هیچ گۆڕانکاریەک ڕوویاننەداوە، بۆیە جارێکی تر داوامان لەهەر سێ لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن کرد، پێکەوە کۆببنەوە و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن، ئەمەش بەپێی وتەی سەڵاحەدین بابەکری بەشداربووی کۆبوونەوەکە.

دەربارەی ئەو مەترسیانەی سەر هەرێم کە پلاسخارت بە لایەنە کوردیەکانی گەیاندووە، سەڵاحەدین بابەکر کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی و بەشداربووی کۆبوونەوەکە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"مەترسیەکان هەندێکیان هەرێمایەتین، هەندێکیان مەترسین لەبەغداوە بۆ سەر هەرێم، هەندێکیشیان مەترسی ناوخۆیین."

بەرپرسەکەی یەکگرتووی ئیسلامی دەشڵێت، ناوەڕۆکی مەترسیەکان لای هەموو لایەک ڕوونە، وتی"هەرێم کێشەی ناوخۆیی هەیە، لایەنەکانی دەسەڵات کێشەیان هەیە، یەکێتی و پارتی لەسەر نەوت و پۆستی سەرۆک کۆمار و زۆر شت کێشەیان هەیە، قەیرانی ناوخۆیی بەرۆکی هەرێمی گرتووە، قەیرانی ئاو و کارەباو سوتەمەنی، قەیرانی نائومێدی، قەیرانی نەدانی موچە لە کاتی خۆیدا لە کاتێکدا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە، بوونی کێشەی نێوخۆیی، گرفتی گەورەی نێوان هەرێم و بەغدا، بڕیاری دادگای فیدراڵی دژی نەوت و گازی هەرێم، هەڕەشەی هەرێمایەتی، موشەک بارانی هەرێم، هەموو ئەوانە مەترسین لەسەر قەوارەی هەرێم، بۆیە پێویستە لایەنەکان کێشە نێوخۆییەکان چارەسەربکەن، تا بەرامبەر ئەو مەترسیانە ڕاوەستن."

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color