گرنگ

هەرێمی کوردستان له‌ ژێر ئاگری درۆندا


 
هەرێمی کوردستان له‌ ژێر ئاگری درۆندا
تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا، پەکەکە، یەپەگە، حەشدی شەعبی سەرقاڵی پەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانن
بوار، تایبەت
تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا و حەشدی شەعبی و پەکەکە و یەپەگە بەجیا سەرقاڵی بەرهەم هێنان و پەرە پێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)ن، تەنها هەرێمی کوردستان و دەزگا سەربازیەکانی نەیانتوانیوە کەڵک لە تەکنۆلۆژیای درۆن وەربگرن.
تورکیا لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان یەکێکە لە ژمارە گەورەکانی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، فڕۆکەی درۆنی (بایرەکتار) لە شەڕەکانی لیبیا و ئازەربایجان و ئەرمینیا و ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی بینی لە بەرژەوەندی تورکیاو هاوپەیمانەکانی و ئێستاش لە جەنگی ئۆکرانیا بەکاردێت، سەرباری ئەوەی دژی پەکەکە و یەپەگە بەبەردەوامی بەکاردەهێنرێت و دەیان ئۆپەراسیۆنی لە هەرێمی کوردستان و مەخموور و شەنگال پێ ئەنجامداوە.
پێشکەوتنی پیشەسازی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەشێوەیەکە ئێستا چەندین وڵات درۆنی بایرەکتاری تورکییان کڕیووە، لەوانە بەریتانیا و ڕۆمانیا و ئۆکرانیا و ئازەربایجان و مەغریب.
ئێران یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناوە لەپەرەپێدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەجۆرێک بڕیارە ۳۰۰ درۆن بفرۆشێتە ڕوسیا بۆ جەنگی ئۆکرانیا.
تەکنۆلۆژیای درۆنی ئێران گەیشتوەتە دەستی حزبوڵای لوبنان و حوسیەکانی یەمەن و حەشدی شەعبی لە عێڕاق.
لەئێستادا هەردوو درۆنی شاهد و مهاجری ئێرانی، لە باشترین جۆرەکانی درۆنن لە جیهاندا. حکومەتی عێراقی جگە لەوەی دەیان درۆنی پێشکەوتووی لە ئەمریکاو فەڕەنسا لە کاتی جەنگی داعشدا کڕیوە، بەم دوایانەش دەستەی پیشەسازی سەربازی عێڕاق، یەکەم درۆنی خۆماڵی بەرهەم هێنا بەناوی سەقەر -١.
حکومەتی سوریاش بەهۆی جەنگی بەردەوامەوە بەیارمەتی ئێران چەند جۆرێک درۆنی بەرهەمهێناوە.
حەشدی شەعبی، بەتایبەت ئەو باڵانەی لە ئێرانەوە نزیکن، خاوەنی درۆنن و چەندین کردەیان پێ ئەنجامداوە. دواترینیان بۆردومانی بنکەی سەربازی تورکیا لە بامەڕنی بوو کە لە لایەن سەرایای ئەبابیلەوە ئەنجامدرا.
هەریەک لە فەیلەقی بەدر و کەتائیبی حزبوڵا و لیوای عەباس لە نمایشە سەربازیەکانیان درۆن پیشان دەدەن.
پەکەکە، یەکێکی دیکەیە لەو هێزانەی کار لەسەر پەرەپێدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکات.
پەکەکە، زیاتر لە دوو ساڵە کەڵک لە درۆن وەردەگرێت و هێزێکی دروست کردوە بەناوی هێزی ئاسمانی دەلال ئامەد، چەندین چالاکی دژی تورکیا ئەنجامداوە.
بەهەمان شێوەی پەکەکە، یەپەگەش له ڕۆژئاوای کوردستان، دژی داعش و گروپە توندڕەوەکان درۆن بەکار دەهێنێت. بەتایبەت بۆ چاودێری و وێنەگرتن.
داعشیش، لە ماوەی ساڵانی دەسەڵاتدارێتییدا لە موسڵ و سوریا، چەند جارێک دررۆنی بەکار هێنا دژی هێزە عێراقیەکان.
بەگشتی ئەو درۆنانەی حەشدی شەعبی و پەکەکە و یەپەگە و داعش بەکاریان هێناوە بۆ مەبەستی چاودێری و وێنەگرتن و بواری کشتوکاڵی دروست کراون، بەڵام پەرەی پێدەدرێ بۆ مەبەستی سەربازی. کە بە بەبۆمب ڕێژکردن درۆنەکە بە ئامانجەکەدا دەتەقێتەوە یان دەکرێتە هەڵگری بۆمب.
زۆربەی ئەو درۆنانە و پارچەکانی لە وڵاتی چین دروست دەکرێن و دەست کەوتنیان ئاسانە و هەندێکیان نرخیان لە هەزار دۆلار کەمترە، هەرچەندە هەموو هێزو وڵاتەکانی دەوروبەری هەرێم درۆن بەکاردێنن و بەردەوام پەرەی پێدەدەن، بەڵام تا ئێستا هێزە سەربازیەکانی هەرێم درۆنیان نیە کە دەستکەوتنی بۆ هێزەکانی حکومەتی هەرێم ئاسانترە وەک پەکەکە و یەپەگەو حەشدی شەعبی و داعش.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color