گرنگ

وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە


 
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە
لە کێڵگەکانی باشور، لەبری ۱۰ ملیۆن بەرمیل ۱ ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە
بوار، تایبەت
وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە کە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی عێراقیە گرێبەستە نەوتیەکانی هەرێمی بەنادەستوری وەسف کردو و بەراوردی تێچووی دەرهێنانی نەوتی لە کێڵگەکانی هەرێم و کەرکوک کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ”ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تۆمەتەكانی وەزیری نەوتی عێراق سەبارەت بە جیاوازیی نێوان گرێبەستەكان و بڕی دەرهێنراوی كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەینەوە هەروەك چۆن بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگای فیدراڵی عێراقیش دژی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسی دەزانین کە مەبەست و مەرامەکەی گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان و بودجە و بژێوی خەڵكی هەرێمە”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە ”زۆربەی هەرە زۆری کێڵگە زەبەلاحەکانی نەوت لە باشوری عێراق لە سەردەمی حکومەتەکانی پێشوو دۆزراونەتەوە کەچی ئاستی بەرهەمهێنان تەنها بڕی یەک ملیۆن بەرمیل زیادی کردووە لە کاتێکدا بەپێی قسەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق ئێستا دەبووایە ڕۆژانە ۱۰ ملیۆن بەرمیل بەرهەمیان هەبوایە. پرسیار ئەوەیە سەدان ملیار دۆلار لەسەر حسابی خەڵکی عێراق بەفیڕۆدراوە لەچیدا بەکار هێنراوە؟”.
وەزارەتی سامانە سروشتیەکان وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی ساڵانە ۱۲ ملیار دۆلار لە بودجەی خەڵکی عێراق کە پشکی هەرێمی تێدایە سەرف دەکەن و بەخەرجی هەژماری ناکەن. لەو ۱۲ ملیارە بەشی هەرێمی کوردستانیش بۆ خۆیان سەرف دەکەن.
لەبڵاوکراوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هاتووە ”تۆمەتەكانی وەزیری نەوتی عێراق، سەبارەت بە جیاوازیی نێوان گرێبەستەكان و بڕی دەرهێنراوی كێڵگەكانی نەوتی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەینەوە، هەروەك چۆن بڕیارە نادەستوورییەكەی دادگای فیدراڵی عێراقیش دژی کەرتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان بە بڕیارێكی سیاسی دەزانین کە مەبەست و مەرامەکەی گوشار خستنە سەر هەرێمی كوردستان و بودجە و بژێوی خەڵكی هەرێمە”.
پێشتر ئیحسان عەبدالجبار، وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی عێراقیەدا ووتی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر پرسی نەوت و گازی هەرێم دادپەروەرانەیە و کێشەی گەورە لە تێچوی دەرهێنانی نەوت هەیە لە هەرێم و تێچوی بەرمیلێک نەوت لە کەرکوک تا فرۆشتنی لە بەندەری جەیهان پێنج دۆلار و نیو کەمترە، بەڵام تێچوی بەرمیلێک نەوتی کێڵگەکانی هەرێم پتر لە ٤۰ دۆلارە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color