گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(75)
ئەمن و حەسەنەفەندی لەبەریان هەستاینەوە، سەلامیانکردو دانیشتن، بەخێراتنمانکردنەوە، حەسەنەفەندی گۆتی: کووە شکۆتان لەگەڵ نییە، دیارە هیچتان پێنەکرا، بابی نازەی گۆتی: وەڵلاهی نادراغە یەکەمجار گۆتی: شکۆی چ و حاڵی چ، داخوە بە ملەمنیشی دانانینن، ئەمن چ ئیشم بە شکۆیە هەتا بیگرم، بەران وەکی باسی پێڵاوەکەییمکرد و گۆتم وا لە پێی محەیە! زۆر مشەوەشبوو، جارێ هیچی نەکرد وەرگەڕا محەی بەگۆپاڵان، لێدەو بووکتە، وەڵلاهی قۆڵنج و ناوملانی هەمووی نەرمکردەوە، گۆتی: کەری کەرباب ئەتوو هەر دەبی نەخشەو پلانی من تێکوپێکدەی، ئاخر بڵێ کەمت پارە دەدەمێ، دەچی پێڵاوی شکۆی لەپێدەکەی! حەسەنەفەندی گۆتی: وەی قوربانی دەست و گۆپاڵیبم، بریا دەستەکی منیشی لەگەڵبا، گۆتم: باشە ئەدی لۆ بەرینەدا، گۆتی: وەڵلا زۆرم پێگۆ، گۆتی: جارێ سەبرەکم لێبگرە، شکۆ لە بن تەحقیقیە، ئەمنیش گۆتم تەحقیقی چ؟ بابی نازەی گۆتی: شکۆ ئیشەکی زۆر قۆڕی کردیە، گۆتم: ئیشی قۆڕی چ؟ گۆتی: وەڵلا دەفتەرەکی لەناو جانتای لێگیرایە، هوردو درشتی ئەو گوندەی تێدا نووسیتەوە، چەند ماڵە، چەند ئاغەی تێدا، ئیشی خەڵکەکەی چییە، ڕۆژانەش چ ڕوویدایە هەمووی نووسیتەوە، ئاغە دەڵێ دیارە شکۆ لۆ جاسووسی هاتیتە گوندیمەو ئەو هەموو زانیاریەی دەباتە دەرێ! حەسەنەفەندی گۆتی: دەفەرموو دەی، ئەمەش دەمانگۆ مامۆستا شکۆ فەقیرەو هیچی لەگەڵ هیچ دانییە، ئەوە جاسووسیش دەرچوو! گۆتم: وەڵلاهی قەت بڕواناکەم جاسووسبی، کوڕەکی زۆر چاک و بەڕێزو بێ کێشەیە، حەسەنەفەندی گۆتی: مامۆستا لەو نەوعانە بترسێ، ئەو نەوعانە وەکی ماری سڕن، خۆیان زۆر فەقیر پیشان دەدەن و لە هیکڕا پێت وەدەدەن، گۆتم: وەڵلاهی حەسەنەفەندی ئەتوو لەباتی ئیشەکەی چاکبکەی تێکی دەدەی، گۆتی: ئێ ئەمن چبکەم، ئاخر ئەو دەفتەری لێگیرایە دەفتەر! گۆتم: ئێ قابیلە دەفتەر قومبەلەی زەڕیبی، تریاکبی، ئێستا ئەتوو لەوەی گەڕێ، ئەمە چبکەین، کوو شکۆو مام پرینگی قورتارکەین؟ بابی نازەی گۆتی: تاکە ئەمەلیمە مام پرینگە، ئەگەر ئەوی بەردا، شکۆش سەهل دەبی، گۆتم: باشە ئەتوو شکۆت نەدیت؟ گۆتی: وەڵلا زۆرم تکاکرد ڕێمبدا بیبینم، نەیهێشت، ئەنگۆ خۆ بگەیننە خزمەکانی مام پرینگی، بەتایبەتی مام شێرۆی برای، پیاوەکی دەوڵەمەندە، ئەو دەتوانی لەگەڵ ئاغەی کەینوبەینەکی بکا، ئەوڕۆ پارە دەوری گەلەك زۆرە، گۆتم: وەڵلا ڕاست دەکەی، پارە بەردی نەرم دەکا، ئەوجە ئەوە هەمووی بەلایەکی گیرانی مەلای گوندیش بەلایەکی، قادراغەش ئەوی گرتیەو بەرینادا، بابی نازەی گۆتی: بڕوا بکەن لەو دوو ئاغەی بێ زەمیرو بێدینتر نییە، بەران ئەو خەڵکە چبکا، کاکە بەدیلیان نییە بەدیل، هەمووشت لە دەستەخۆیتیان، هەرچیشیان بوێ پێیان دەکرێ، مامۆستا حەسەن وەبیرت نایێ ئەوێ ساڵێ هەردووک پێکەوە چییان لە کەسوکاری سەلمانە شێتیکرد، کوو هەموویان کووشتن و سەلمانیش لە خەمان شێتبوو! گۆتم: یەعنی سەلمان لەخەمان شێتبووە؟ حەسەنەفەندی گۆتی: هەستە بابڕۆین، دوایێ لۆت باسدەکەم، زۆر مەمنونی بابی نازەی بووین و هەستاین و خواحافیزیمان لێکردن، لە چوونە دەرێ سەرم برندکرد، دیتم نازە لە دووریڕا تەماشام دەکا، تەماشاکردنەك جەرگی پیاوی دەهینا خوارێ.
چووینە دەرێ و لە کۆرانێ دەڕۆیشتین، گۆتم: حەسەنەفەندی جێیەکم لە گوندی لۆ تەرتیبکە، ئەمن چیدی لەماری مام قەتۆی جێمنابتەوە، ئەوانیش لەگەر ماری قادراغەی لێیان قەوما، گۆتی: کاکە وەرە ماڵی برای خۆت، جێگاو ڕێگام هەیەو ژۆرەکەی ئەوسەریت لۆ تەرتیب دەکەم، گۆتم: ناوەڵلا مەمنون، ئەتوو وەبکە ژۆرەکی بەکرێم لۆ تەرتیبکەی، گۆتی: عەیبە باسی کرێی دەکەی لەگوندیمە، دوایێ لەکنەمنبی باشترە، لەبەمن دەستت لێنادەن، وەڵلا لەوانەیە قادراغە ئەو مەسەلەی دەفتەری شکۆی بزانتەوە، ئەتوو بگری، لەوانیە بڵێ ئەوەش وەکی شکۆی جاسووسە، بەگێی من بکەو لەماڵی منبە، گۆتم: باشە، کووت پێباشە ئەوها دەکەین، گۆتی: دەوجە مادام وەیە، بابچین خەبەری مام پرینگی بگەینینە خزمەکانی، ئەوجە با شتەکیدیت پێبڵێم؛ ئێك لە خزمەکانی مام پرینگیش خوشکی نازەی هینایە، مەعنای ولداش زاواتە! گۆتم: ولداش زاوای چ حەسەنەفەندی، داخوە ئەو ناوەم لێنانێی! گۆتی: مامۆستا دەڵێی ئەتوو ئەمن بە غەشیم تێدەگەی، وا دەزانی ئاگام لەو هەموو چاوچاوانێیەی توو و نازەی نەبوو!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color