گرنگ

نەوتی سپی، هاوڵاتیان لەزستاندا سەرەی بۆ دەگرن و لە هاوینیشدا بەریان ناکەوێت


 
نەوتی سپی، هاوڵاتیان لەزستاندا سەرەی بۆ دەگرن و لە هاوینیشدا بەریان ناکەوێت
بۆ ئەوەی هەر خێزانێک یەک بەرمیل نەوتی پێبدرێت، پێویستە حکومەت بڕی ۲٥۷ ملیۆن لیتر نەوت دابین بکات
بوار، تایبەت
گرفتی دابەشنەکردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا هەموو ساڵێک سەر هەڵدەداتەوە و بەشی زۆری هاوڵاتیان بەدرێژای ساڵەکە چاوەڕوانن، کەچی نەوتیان پێی ناگات.
هەندێک خێزان ماوەی سێ ساڵە چاوەڕوانی بەرمیلێک نەوت دەکەن کەچی تا ئێستا نەوتیان پێنەگەیشتووە و هاوڵاتیان لەگەڵ نزیک بوونەوەی زستان دەبێت مشوری نەوت بخۆن، چونکە تا ئێستا سەرچاوەی سەرەکییە بۆ گەرمکردنەوە لەو وەرزەدا.
خەمی ئەمساڵی هاوڵاتیان قورسترە، چونکە نرخی نەوتی سپی لە هاوینی ئەمساڵدا ڕیکۆردێکی پێوانەی تۆمار کردووە و پێشتر هاوشێوەی نەبووە. ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لە نێوان ۲٦۰ بۆ ۲٨۰ هەزار دینارە. کە هێشتا خواست لەسەری کەمەو وەرزی بەکارهێنانی نیە.
هەرێمی کوردستان بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان نزیکەی ۱ ملیۆن و ۲٨۷ هەزار خێزانە و ئەگەر هەر خێزانێک یەک بەرمیلی ۲۰۰ لیتری نەوتی پێ بدرێت دەبێت حکومەت بڕی ۲٥۷ ملیۆن و ٤۰۰ هەزار لیتر دابین بکات. جگە لە نەوتی پێویست بۆ قوتابخانەکان.
لە هەرێمی کوردستان حکومەت دوو سەرچاوەی هەیە بۆ دەستخستنی نەوتی سپی یەکەمیان پاڵاوگەکانی هەرێم و دووەمیان ئەو بڕە نەوتەیە کە ناو بەناو حکومەتی عێراقی دەینێرێت.
لە هەرێمی کوردستان پێنج پاڵاوگەی گەورە هەن کە بەپێی ستانداردی جیهانی دەتوانن نەوتی سپی بەرهەم بهێنن کە بریتین لە:
۱-پاڵاوگەی کەڵەک، توانای پاڵاوتنی ۱۱۰ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە و ئێستا ڕۆژانە نزیکەی ٥۰ هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت کە ٤۲ هەزار بەرمیلی بۆ حکومەتی عێراق دەپاڵێوێت.
۲-پاڵاوگەی لاناز، توانای پاڵاوتنی ۱۰۰ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە، بەڵام لە ئێستادا لە نێوان ۳۰ تا ٤٤ هەزار بەرمیل دەپاڵێوێت.
۳-پاڵاوگەی بازیان، توانای پاڵاوتنی ٤۰ هەزار بەرمیلی هەیە و ڕۆژانە ۳٨ هەزار بەرمیل بۆ حکومەتی عێراق دەپاڵێوێت.
٤-پاڵاوگەی دووکان، توانای پاڵاوتنی ۲۰ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، بەڵام بەهۆی دابین نەکرنی نەوتی خاو پاڵاوگەکە لەکارکردن وەستاوە.
٥-پاڵاوگەی تاوکێ، توانای پاڵاوتنی ٦ هەزار بەرمیل ڕۆژانەی هەیە.
ئەگەر هەر پێنج پاڵاوگەکە بە تەواوی توانای خۆیان کار بکەن دەتوانن ڕۆژانە ۲۷٦ هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێون و ڕۆژانە نزیکەی ٤ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەرهەم بهێنن.
لە ئێستادا ڕۆژانە لەنێوان ۱۲٤ هەزار تا ۱۳٨ هەزار بەرمیل دەپاڵێون کە ٤٤ هەزار تا ٥٨ هەزار بەرمیلی بۆ ناوخۆی هەرێمەو ئەوی تری بۆ حکومەتی عێراقە، چونکە هەردوو پاڵێوگەی کەڵەک و بازیان نەوتی کەرکوک بۆ حکومەتی عێراق دەپاڵێون.
لەو بڕەی بۆ ناوخۆی هەرێمە، ڕۆژانە نزیکەی ٦۳۰ هەزار لیتر بۆ ٨۰۰ هەزار لیتر نەوتی سپی بەرهەم دێت کە ئەم بڕە دەتوانێت پێداویستی ۹۰ لەسەدی هەرێم لەهەر خێزانێک بەرمیلێک نەوت پڕ بکاتەوە.
بەڵام گرفتی گەورە ئەوەیە لەو بڕەی دەپاڵێورێت حکومەت لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ تەنها ڕۆژانە ۲٥ هەزار بەرمیل نەوتی داوەتە پاڵاوگەکان و ئەو نەوتەی تر بازرگانیە دەیپاڵێون و بەرهەمەکانی بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشنەوە.
بەو پێیەی ۹ لەسەدی بڕی نەوتی پاڵێوراو دەبێتە نەوتی سپی (کیرۆسین) و لەو ۲٥ هەزار بەرمیلەی حکومەت ڕۆژانە ۳٥۰ هەزار لیتر نەوتی سپی دەستدەکەوێت.
لە ئێستادا نرخی بەرمیلێکی ۲۰۰ لیتری نەوتی سپی بەرهەمی پاڵاوگەکانی هەرێم ۲٨۰ هەزار دینارە، بەشێوەی بازرگانی و بۆ هەر لیترێک دەکاتە ۱٤۰۰ دینار و حکومەت لیتری بە ٤٥۰ دینار دەداتە هاوڵاتیان واتە لەبری یەک بەرمیل ۹۰ هەزار دینار وەردەگرێت.
بەپێی زانیاریەکانی بوار ئەگەر بڕی ۲٥ هەزار بەرمیل نەوتی حکومەت بەردەوام لە پاڵاوگەکان بپاڵێورێت دەتوانێت نیوەی پێداویستی هەرێم پڕ بکاتەوە کە دەکاتە نزیکەی ٦٥۰ هەزار بەرمیل، بەڵام هێشتا کورتهێنان هەیە بەنزیکەی ٦٤۰ هەزار بەرمیلی تر.
ساڵی پار وەزیری دەست لەکارکێشاوەی سامانە سروشتیەکان کەمال ئەتروشی ڕایگەیاند ”زستان نەوتی سپی دەگاتە هەموو ماڵێک”. بەڵام هاوینیش هات و بەشێک لە هاوڵاتیان نەوتیان وەرنەگرت.
بۆ ئەمساڵ حکومەت ڕایگەیاندوە وەک قۆناغی یەکەم نەوتی سپی بەسەر ۳۲۰ هەزار خێزاندا دابەش دەکرێت و بڕی ۷۰ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە. لەمانگی دەی ئەمساڵیشەوە دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.
سەبارەت بە نەوتی حکومەتی بەغداش ساڵانە بە پچڕ پچڕی چەند بڕێکی کەم هەناردەی هەرێم دەکات و بڕەکەی جێگیر نیە.
بەپێی داتای وەزارەتی سامانە سروشتیەکان ئەگەر حکومەت بیەوێت بەرمیلێک نەوت بەسەر هەرخێزانێکدا دابەش بکات پێویستی بە ۱٨۰ ملیار دینارە.
هێشتا دیار نیە حکومەت بۆ هەر بەرمیلێک نەوت ئەمساڵ چەند وەردەگرێت وەکو ساڵی پار بڕی ۹۰ هەزار یان زیاتر وەردەگرێت و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان بەنیازە کۆتای ئەم مانگە نرخەکە دیاری بکات.
دابەشنەکردنی نەوت کێشەی بۆ دارستانە سروشتیەکان دروست کردووەوەو هاوڵاتیان بەتایبەت گوندنشینان پەنا دەبەنە بەر بڕینەوەی دار.
جگە لە هاوڵاتیان حکومەت دەبێت نەوت بۆ قوتابخانەو فەرمانگەکان دابین بکات و حکومەت ۱۰ ملیار دیناری دابین کردووە بۆ کڕینی ٨ میۆن لیتر بۆ ٦ هەزار و ۲٦٦ قوتابخانەی حکومی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color