گرنگ

سەمای_مارەکان


 
(77)
گۆتم: ئەوجە ئەوە کا شەریکاتیە، ئەوە تڕڕاندنە، مام سوارۆ گۆتی: وەڵلا لێرە دوو بلۆکان لەسەر ئێك دانێی، ئەو دوو ئاغە یان دەبنە شەریکت، یان لێت تێکدەدەن، حەسەنەفەندی گۆتی: دەنگۆ واز لەوەی بینن، ئەمە کوو تەکبیرەکی حاڵی شکۆی بکەین، مام سوارۆ گۆتی: کاکە ئەمن لەدوو مام شێرۆی دەنێرم، بەشکو ئەوبێ چارەکی بکا، گۆتم: ئەوجە کێ دەتانی لەگوندی دەربچی و بگاتە مام شێرۆی؟ گۆتی: ئاسانە، بە ئاغەی دەڵێین شێرۆ دەیەوێ لۆ مەسەلەی ئاشەکەی قسەت لەگەڵ بکا، ئەو وەختی هەم دێلی زەلام بڕوا، هەم شل دەبی لۆ ئەوەی مام پرینگی بەربدا، ئێ کە مام پرینگ بەربوو، تەئکید مامۆستا شکۆش بەردەبی، گۆتم: وەڵلا ئەوە تەکبیرەکی باشە، هەتا زووە دەستپێبکە، گۆتی: هەر ئێستا دەچمە کن نادراغەیی و قسەی لەگەڵ دەکەم، ئیدی ئەمە هەستاین و خواحافیزیمان لێکردن، ئەویش گۆتی: وا جلکم دەگۆڕم و شۆڕدەبمەوە.
لە ڕێیێ گۆتمە حەسەنەفەندی: وەڵلاهی ئەگەر نەتگۆتبا ئەو ژنەی ڕازە، ئەمن سووندم دەخوارد نازەیە، گۆتی: زانیم لێت تێکچوو، لۆیێ فەوری وەمگۆ، کاکە، ڕازە خوشکی نازەیەو درایتە کوڕەکی مام سوارۆی، پار داوای نازەشی کردبوو لۆ کوڕەکەیدی، نازە مێردی پێنەکردبوو، گۆتم: لۆ پێی نەکردبوو؟ گۆتی: وەڵلا نازە گۆتبووی ئەمن ئەو مل باریکەیان نەگۆتیە، گۆتم: ئەوجە کوڕەکە ملی باریکبوو؟ گۆتی: ئەرێ ئەوەچییە هەندە لە دەنگوباسی نازەی دەپێچیەوە! گۆتم: کاکە داوای لێبوردن دەکەم، ئەگەر جارەکیدی باسمکرد پیاوەکی خراپم!
گەیشتینە لای مزگەفتێ، دیتمان پازدە بیست زەلام خڕبووینەوەو دەنگەدەنگیتیان، سەلاممانکردو حەسەنەفەندی گۆتی: خێرە؟ گۆتیان: وەڵلا بەتەماینە بچینە کن قادراغەی، ئاخر مەعقول نییە مەلای مزگەفتێ بگیرێ و ئەمە بێ جومعەو جەماعەت بین، گۆتم: وەڵلا بێجگە لە مامەستای مزگەفتێ، مامەستا مەکتەبێش گیرایە، ئێکیان گۆتی: مامۆستای مەکتەبێ لۆ گیرایە؟ گۆتم: ویستیتی بچیتەوە شاری سەرەکی لە مارێ بدا، چەکدارەکانی نادراغەی گرتیتیان و لە ژۆرێیان کردیە، ئیختیارەك گۆتی: توخوا ئەوە وەزعە، مەلای مزگەفتێ و مامۆستای مەکتەبێ بگیرێن، خوا بزانی هەونکە چەندیان لێداینە بە پێلەقان، ئێکیدی گۆتی: وەڵلا ئەمن لەسەر قەبران وەکی مەلا قسەی دەکرد، گێملێبوو ئێکەک لە پیاوەکانی قادراغەی گۆتی: کێوە دەچی مەلا، وەڵلاهـ دەبی بەو دەستانە ئەو ڕدێنەت بسووتێنم! حەسەنەفەندی گۆتی: کاکە ئەگەر گەیشتنە ئاغەی بە هێوری قسەی لەگەڵ بکەن، نەکەن تووندبن، بەخوای گێی لێنیە مەلای بکوژی، گۆتم: پێمباشە مندارەکانی مەلاش لەگەخۆتان ببەن، گۆتیان وەڵلاهی ئەوە شتەکی باشە، وەکی لەوێش تەواوبووین، شۆڕدەبینەوە لۆ ماڵی نادراغەیی و تەکلیفی لێدەکەین بزانین مامۆستا شکۆی بەرنادا، گۆتم: دەستتان خۆشبی و خوا بتانپارێزی، گۆتیان: وەڵلا بە قادراغەی دەڵێین دەبی مەکتەبیش چۆلکا، ئەو منداڵانە گوناحیان چیە نەخیندەوار دەرچن، خواش ئەوەی قبوڵناکا، ئەمن و حەسەنەفەندی دەستخۆشیمان لێکردن و بەجێمانهێشتن!
گۆتمە حەسەنەفەندی کێوەبچین؟ گۆتی: با سەرەکی لە مەکتەبێ بدەین، بزانین وەزعەکە کووە، بەشکو ڕێمان بدەن بڕەکی ڕێکبێخینەوە، گۆتم: دەبا بچین وەڵلاهی ئەوە شتەکی باشە، سەبر سەبر بەرەو لای مەکتەبێ ڕۆیشتین، ئەو ڕێیەی لۆی دەچوو ئەوبەرو ئەوبەری داربوو، دارەکان زۆر برندبوون و سەریان گەیشتبۆوە ئێکدی، سێبەرەکی خۆشیان دروستکردبوو، حەسەنەفەندی گۆتی: دەزانی هەناری ئەو گوندەیمە خۆشترین هەنارە، بەران هێشتا مایتی بگەیی، با بارانەک لێیبدا ئەوجە خۆشدەبی، گۆتم: ئیشاڵلا ئەگەر خوا عومر بدا دەیخۆین، گۆتی: ئیشاڵلا، لەناو دارەکان سوڕاینەوە لۆلای مەکتەبێ، دیتم وا نازە ڕێك بەرامبەرمان دێ، دەرم دەستی بە تەپەتەپێ کرد، گۆتمە حەسەنەفەندی: ئەوە نازەیە یان ڕازەیە؟ گۆتی: نازەیە، باشە ئەوە چدەکا لێرە؟ گۆتم: وەڵلا برێم چ، نازە گەیشتەمەو گۆتی: ماندی نەبن، ئەمن هەر کووی هەبوو وەرامم داوە، پاشان نازە ڕووی لەمن کردو گۆتی: مامۆستا بێزەحمەت ئیشەکم بەتوو بوو، ئەگەر ڕوخسەت هەبی!
مایتی.
نووسینی: ئوسامە جەمیل عەلی.
 
 
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color