بوارنیوز، هه‌ولێر
به‌بڕیارێكی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی دارایی و شاره‌وانی هه‌رێمی كوردستان، خاوه‌ن دوكانه‌كانی قه‌زای چۆمان و پێنج ناحیه‌ی سنوره‌كه بەزێده‌ڕۆ هه‌ژمار ده‌كرێن و له‌خاوه‌نه‌كانیان وه‌رده‌گیرێته‌وه‌و دواتر به‌موساته‌حه پێیان ده‌درێته‌وه، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایی خاوه‌ن موڵكه‌كانی لێ كه‌وتۆته‌وه، سه‌رۆكی لێژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مانی كوردستانیش داوا له‌خاوه‌ن موڵكه‌كان ده‌كات، پابه‌ندی بڕیاره‌كه نه‌بن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی بوار، له‌كۆتایی مانگی ڕابردودا هه‌ردو وه‌زاره‌تی (شاره‌وانی و گه‌شتوگوزارو دارایی و ئابوری) بڕیاریانداوه دوكانه‌كانی چۆمان و هه‌ر چوار ناحیه‌ی (قه‌سرێ، گه‌ڵاڵه، حاجی ئۆمه‌ران و سمێلان) له‌سنوری قه‌زای چۆمان و ناحیه‌ی وه‌رتێ له‌قه‌زای ڕواندوز به زێده‌ڕۆ هه‌ژمار بكات، كه ژماره‌ی دوكانه‌كان نزیكه‌ی 600 دوكانه.
هه‌ردو وه‌زاره‌ته‌كه، خاوه‌ن دوكانه‌كانیان ئاگادار كردۆته‌وه سه‌ردانی شاره‌وانی ناوچه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كانیان بۆ لێ وه‌رگرتنه‌وه‌ی دوكانیان ته‌واو بكه‌ن، دواتر جارێكی تر شاره‌وانی دوكانه‌كانیان به (موساته‌حه) پێده‌داته‌وه، به‌ڵام دوای ناڕه‌زایی خاوه‌ن موڵكه‌كان و هه‌ڵوێستی لێژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مانی كوردستان، بڕیاره‌كه ڕاگیراوه.
لوقمان وه‌ردی، سه‌رۆكی لێژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بواری ڕاگه‌یاند: به‌زێده‌ڕۆ هه‌ژماركردنی موڵكه‌كان، غه‌درێكه له‌خه‌ڵكی باڵه‌كایه‌تی ده‌كرێت، چونكه ئه‌و دوكانانه موڵكی باب و باپیرانیانه‌و بۆیان ماوه‌ته‌وه، بۆیه داوا له‌خاوه‌ن موڵكه‌كان ده‌كه‌ین پابه‌ندی بڕیاره‌كه نه‌بن.
گوتیشی: "دوای كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌مال وه‌رتی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی باج و ده‌رامه‌تی حكومەتی هه‌رێمی كوردستان كۆبوینه‌وه‌و گفتوگۆشمان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كرد، له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا بڕیاره‌كه‌یان ڕاگرتوه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ده‌رچه‌یه‌كی یاسایی بدۆزینه‌وه، ئه‌ویش یان له‌ڕێگه‌ی پڕۆژه یاسایه‌ك له‌په‌رله‌مانه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌كه بكه‌ین یاخود له‌ڕێگه بڕیارێكی تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه كۆتایی به كێشه‌كه بهێندرێت".
به‌وته‌ی سه‌رۆكی لێژنه‌ی شاره‌وانی په‌رله‌مان، بڕیاره له قۆناغی یه‌كه‌مدا بۆ نزیكه‌ی 600 دوكانی سنوری چۆمانه، به‌ڵام دواتر هه‌مو باڵه‌كایه‌تی ده‌گرێته‌وه، بڕیاره‌كه‌ش له‌كاتێدایه موڵكه‌كانی باڵه‌كایه‌تی نه تاپۆ و نه نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی و نه‌ماسته‌رپلانیان هەیە.
بڕیاره هاوبه‌شه‌كه‌ی هه‌ردو وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و دارایی، پیشتی به‌بڕیارێكی پێشوتری ڕژێمی به‌عس به‌ستوه، له‌كاتێكدا پێشتر په‌رله‌مانی كوردستان سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی سه‌رده‌می به‌عسی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه.
لوقمان وه‌ردی، ده‌ڵێت: "باڵه‌كایه‌تی هه‌میشه لانكه‌ی شۆڕشی كوردی بوه‌و ناوچه‌كه قوربانی زۆری داوه، بۆیه تاوه‌كو ساڵی 1975 حكومه‌ت له‌ناوچه‌كه نه‌بوه، دوای پێنج ساڵ به‌هۆی شه‌ڕه‌وه باڵه‌كایه‌تی وێران بوه، دواتر له‌ساڵی 1991 خه‌ڵكه‌كه له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان دوكانەكانیان دروستكردوه‌و كه‌س پێی نه‌گوتون: ئه‌وه موڵكی شاره‌وانییه، بۆچی ئێستا ده‌ڵێن: دوكانه‌كانتان موڵكی شاره‌وانییه؟".