گرنگ

100 ڕۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئێران تێپەڕی


 
تاران چاوەڕێی "تەقینەوە گەورەكە" دەكات
100 ڕۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئێران تێپەڕی
بوار، تایبەت
دوای ١٠٠ ڕۆژ لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندان لە ئێران، وتنەوەی دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بەردەوامی هەیە.
ناڕەزایەتی‌و خۆپیشاندانەكانی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە وڵاتی هەژاندووە، ئەمەش دوای مردنی كچە كوردێكی تەمەن ٢٢ ساڵە بە ناوی مەهسا ئەمینی، كە ئەو كچە بە بیانووی نەشیاوی جل و بەرگییەوە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستبەسەر کرابوو.
هەر لە سەرەتاوە ژنان و كچان داواکارییەکانیان لە سەرووی بزووتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ئێرانەوە بوو، بۆیە دروشمی ”ژن، ژیان، ئازادی” وەك دروشمی خۆپیشاندانەكانی ئێران دیاریكراو لە سەرجەم شارو شارۆچكەكان، سەد رۆژە بە بەردەوامی دەوترێتەوە.
سەرەتا ناڕەزاییەكان لە دژی دەسەڵاتی پۆلیسی‌و ئەمنی بوو لە وڵات، بەڵام ئێستا ناڕەزایی گۆڕاوە بۆ وتنەوەی دروشم‌و رووخان‌و نەمان لە دژی دەسەڵاتەكەی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
ئێران دوای لە سێدارەدانی دوو خۆپیشاندەر لەم مانگەدا ڕووبەڕووی ڕەخنە و تووڕەیی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بووەتەوە، ئەوانیش بریتین لە موحسین شاکاری تەمەن (٢٣ ساڵ)، دوای ئەوەی لە مانگی ئەیلولدا تۆمەتبار کرا بە داخستنی ڕێگایەکی سەرەکی و، بریندارکردنی ئەندامێکی هێزەکانی بەسیج (میلیشیاکانی سەر بە “سپای پاسداران”) بە چەقۆ، هەروەها مەجید ڕەزا ڕەهنوەردی (تەمەن ٢٣ ساڵ)، کە تۆمەتبارکرابوو بە لێدان لە هێزی بەسیج و کوشتنیان.
کۆمەڵەی مامۆستایانی قوم، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، کە پشتیوانی لە ڕێوشوێنەکانی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن، بەتایبەتی بۆ لە سێدارەدانی ئەو كەسانەی بەشدارن لە خۆپیشاندان.
لە بەیاننامەکەدا داوایان لە دەسەڵاتی دادوەری کردووە "توندی زیاتر" بۆ لە سێدارەدانی ئەوان بگرنە بەر، كە ئاماژەیە بۆ خۆپیشاندەران‌و بە "جەنگاوەر و تێکدەرانی یاخیبوو" وەسفیان كردوون.
ئەوان پێیانوایە "سزای لە سێدارەدان، تاکە سزای گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی بەشداری ڕێپێوانەکانی دژە دامەزراوەكانی وڵات دەکەن.
لەم دوایانەش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کە دەسەڵاتدارانی ئێران هەوڵی جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدان دەکەن بۆ لانیکەم ٢٦ کەس، کە رێكخراوەكە ئەوەی بە "دادگایەکی ساختە بە ئامانجی ترساندنی بەشداربووانی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی، کە ئێرانی هەژاند" وەسف کردووە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا) ڕایگەیاند، ناسنامەی 58 هاووڵاتییان دەستنیشانکردووە، کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە یان مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە.
لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکەدا ئاماژە بەوەش كراوە، 47 کەس ڕووبەڕووی تۆمەتێک كراونەتەوە، كە سزاكەی لە سێدارەدانە، جگە لە 13 کەس کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، کە دوو کەسیان لە سێدارە دراون.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی چالاکوانانی مافی مرۆڤ (هرانا) ڕایگەیاند، تا رۆژی (هەینی) رابردوو، 506 خۆپیشاندەر کوژراون، کە 69یان منداڵی خوار تەمەنی یاسایی بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، 66 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیش کوژراون، تائێستا ١٨ هەزار و ٥١٦ خۆپیشاندەر دەستگیرکراون.
لەم نێوەندەدا نێرگس محەمەدی چالاکوانی مافی مرۆڤ لە زیندانی ئێڤینەوە نامەیەکی ناردووەو تیشکی خستە سەر بەرکەوتنی زیندانیانی ژن بە دەستدرێژی سێکسی و دەستدرێژی جەستەیی دوای دەستگیرکردنیان.
محەممەدی لە نامەکەدا، کە بەشێکی لە لایەن بی بی سی فارسییەوە بڵاوکراوەتەوە، بە "تاوانێکی دەوڵەت" وەسف کردووە، هۆشداریداوە لەوەی ئاشکرانەکردنی "دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ئەم شێوازە سەرکوتگەرانەی دژی ژنان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاشکراکردنی ئەم دەستدرێژیانە خێزانەکان بەرەو ڕووی " ترساندن" كردووەتەوە.
ئەو چالاکوانە ئەوەشی خستەڕوو، کۆمەڵێک ژن کە گواستراونەتەوە بۆ بەشی ژنان لە زیندانی ئەڤین، باسێکی زۆری ترسناکیان لەسەر دەستدرێژی سێکسی کردووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی لەسەر تەرمی دەستگیرکراوەکان " بینیوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color