گرنگ

"نهێنییە گەورەكە"ی پشت گرانبوونی دۆلار ئاشكرادەبێت


 
"نهێنییە گەورەكە"ی پشت گرانبوونی دۆلار ئاشكرادەبێت
عێراق بڕی 4 ملیار دۆلار بۆ ئێران دابین دەكات‌و ئەمریكاش رێگری دەكات
بوار، بەغدا
تۆڕی ئێران ئینتەرناشناڵ، نهێنییەكی گەورەی پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دیناری عێراقی ئاشكراكرد، كە پەیوەندی بە رێكەوتنێكی نێوان تاران‌و بەغداوە هەیە.
تۆڕەكە لە راپۆرتێك ئاشكرایكردووە، سەردانەكەی ئەم دواییەی محەمەد شەیاع سودانی بۆ تاران‌و كۆبوونەوە لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران رێككەوتنێكی لێكەوتووەتەوە، كە ناوەڕۆكەكەی تائێستا بۆ رای گشتی ئاشكرانەكراوە.
بەپێی تۆڕەكە رێككەوتنەكە بازرگانی بووە لە نێوان هەردوو وڵات، ئەویش لە بوارەكانی ئەندازیاری‌و تەندورستی‌و پیشەسازی ‌و چەند بوارێكی ترەو لە دوای سەردانەكەش خراوەتەڕوو.
هەر بەپێی تۆڕەكە، لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنەی نێوان بەرپرسانی تاران‌و بەغدا، لە رێگەی عێراقەوە بڕی چوار ملیار دۆلار بۆ لایەنی ئێرانی دابیندەكرێت، كە تۆڕەكە ئەوە بە هۆكاری سەرەكی پشت بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرانبەر دینار دەزانێت.
ئەو تۆڕە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی سیاسی عێراقی ئەوەشی ئاشكراكردووە، لایەنی ئەمریكی دوای زانینی بەم هەنگاوەی بەغداو تاران، دەستی بە رێگریكردن لە گەیشتنی بڕی دۆلاری پێویست بە بانكی ناوەندی عێراق كردووەو بەو هۆیەشەوە بانكەكە بڕی خستنەڕووی رۆژانەی كەمكردووەتەوە.
هەروەها تۆڕەكە ئاشكرایكردووە، ئەمریكا نایەوێت لە رێگەی عێراقەوە دۆلار بچێتە ئێران، كە ساڵانێكە رێكاری توندی بۆ ئەو مەبەستە گرتووەتە بەرو دەشیەوێت رێكارەكان لە بەغداوە توند بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئابووری تاران لە بەغداوە نەبووژێنرێتەوە.
سەرچاوەكان باسیان لەوە كردووە، ئەمریكا لاری نییە لە رێككەوتنەكەی ئێران‌و عێراق، بەڵام نایەوێت مامەڵەكانیان بە دۆلار بێت، بۆ ئەوەی تاران دەستی بە بڕی پێویستی دۆلار نەگات‌و گەمارۆكانی سەری لەو رووەوە بەردەوام بێت.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color