گرنگ

لە هەموو پارێزگای کەرکوک، تەنها بەڕێوەبەری دوو ناحیە کوردن


 
لە هەموو پارێزگای کەرکوک، تەنها بەڕێوەبەری دوو ناحیە کوردن
ناکۆکی پارتی و یەکێتی و ڕیفراندۆم هۆکاری لە دەستدانی پۆستەکانی کوردە لە کەرکوک
بوار، کەرکوک
لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، لە هەڵبژاردنی هەموو خولەکانی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تا پێش ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر، کورد لە کەرکوک زۆرینەی کورسیەکانی پارێزگای کەرکوکی دەبردەوە. لە دوای ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجام دراوە. لیستە کوردیەکان نیوەی کورسیەکانی پارێزگاکەیان بردووەتەوە، بەڵام لە واقیعدا لە کۆی ۱۷ پۆست کە پارێزگار و ٤ قایمقام و ۱۲ بەڕێوەبەری ناحیە تەنها پۆستی دوو بەڕێوەری ناحیە لای کورد ماوەتەوە.
پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە پشکی کورد بوو لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە لایەن پێکهاتەی عەرەبەوە بەوەکالەت بەڕێوەدەبرێت، بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتیەوە لەڕابردوودا نەتوانراوە پۆستەکە وەربگیرێتەوە.
لە کۆی هەر چوار قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکوک و قەزاکانی دووبز و داقوق و حەویجە، کورد هیچ قایمقامێکی نیەو قایمقامی قەزای ناوەندی کەرکوک پێکهاتەی تورکمانەو قایمقامی هەر سێ قەزاکەی تر پێکهاتەی عەرەبن.
بەهۆی بەسەرچونی ماوەیان و دانانیان لە لایەن پارێزگاری کەرکوکەوە هەر چوار قایمقامەکە وەکالەتن. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر کورد پۆستەکانی قایمقامییەتەکانی داقووق و دووبزی لابووە، بەهۆی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە دەستی داون.
لە کۆی ۱۲ بەڕێوەبەری ناحیە تورکمان پێنج بەڕێوەبەر و عەرەب پێنج بەڕێوەبەر و کورد تەنها دوو بەڕێوەبەری ناحیەی هەیە.
بەڕێوەبەری ناحیەکانی زاب و ڕەشاد و عەباسی و ڕیاز لە قەزای حەویجە و مولتەقا لە قەزای ناوەندی کەرکوک عەرەبن.
بەڕێوەبەری ناحیەکانی لەیلان و یایچی، لە قەزای ناوەندی کەرکوک و تازە لە قەزای داقوق و پردێ و سەرگەڕان لە قەزای دووبز تورکمانن. تەنها بەڕێوەبەری ناحیەکانی قەرەهەنجیر و شوان لە قەزای ناوەندی کەرکوک کوردن.
هەردوو ناحیەی قەرەهەنجیر و شوان دانیشتوانەکەی بەتەواوەتی پێکهاتەی کوردن تا ئێستا بەڕێوەبەری ناحیەکانیان ماوەتەوە.
لە ناحیەکانی لەیلان و سەرگەڕان و پردێ کە زۆرینەی دانیشتوانیان کوردە، بەڕێوەبەری ناحیەکان تورکمانن.
لە قەزای دووبز و داقوق کورد نزیکە نیوەی دانیشتوانی ناوچەکە پێکدەهێنن، قایمقامەکانیان عەرەبە و لە ناوەندی کەرکوک کورد زۆرینەیە قایمقامەکەی تورکمانە.
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ کە تورکمانە لە هەمان کاتدا پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان بەوەکالەت بەڕێوە دەبات کە پێشتر پشکی کورد بووە.
بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردن بێت، کورد دەبێت پۆستی پارێزگار و دوو قایمقام لە کۆی چوار قایمقام ببات و پۆستی پێنج بۆ شەش ناحیە لە پارێزگاکە بەڕێوە ببات.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color