گرنگ

جرج و مشك تەنگ بە خەڵكی بەغدا هەڵدەچنن


 
جرج و مشك تەنگ بە خەڵكی بەغدا هەڵدەچنن
چەند جۆر جرجی جیاواز لە بەغدا هەیە؟
بوار، بەغدا
رێكخراوێكی ژینگەیی، هۆشداریدا لە بڵاوبوونەوەی ژمارەیەكی زۆری جرج و مشك لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق، كە لە مێژووی دروستبوونی شارەكەوە تائێستا وێنەی نەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەو رێكخراوە ژینگەییە، پاکنەکردنەوەی تۆڕەکانی ئاوەڕۆ و گیرانی زۆرێك لە تۆڕەكانی ئاوەڕۆ بەهۆی ئاوی باران و چەند هۆكارێكی تر، شاری بەغدا لە زۆربەی ناوچەكانی پڕبوون لە جرج و مشك.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕوانگەی عێراق "ئەخدەر"، کە ڕوانگەیەکی ناحکومییە و كار لە ژینگە دەكات، هیچ گەڕەکێکی بەغدا خاڵی نییە لە بوونی مشک و جرج ، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی لە كێڵگە كشتوكاڵییەكان نزیكن.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، زۆری جرج و مشك وایكردووە، لە زۆرێك لە شوێنە گشتییەكان، لە فرۆشگا بازرگانییەکان بەتایبەتی لە ناوچەكانی شۆرجە، باب ئەلشەرقی، گەڕەکی جەمیلە، شەقامی ئەلنەهر، شاری کۆن و کازیمییە و ناوچەكانی تر بە ئاسانی‌و بە رێژەیەكی زۆر ببینرێن.
روانگە، ژینگەییەكە ئاماژەی بەوەشکرد، پایتەختی عێراق، زۆربەی جۆرەکانی مشك‌و جرجی هەیە، وەك مشکی تونێل دروستکەر، کێوی، مشکی نەرویجی، کە پێشتر لە ڕێگەی ناردنی کاڵاکانەوە لە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها شاخەوانانیش، کە ڕەشن ‌و پێیان دەوترێت مشکی سەربان.
هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە جرجەكانی بەغدا جیاوازن، چونكە زۆربەی جۆرەكانی مشك لە جیهاندا بەشەودا چالاكن‌و كار دەكەن، بەڵام ئەوانەی بەغدا لە رۆژدا چالاكترن لە شەو، ئەوەش بەهۆی زۆری ژمارەیان لە ناوچە جیاوازەكانی پایتەخت.
روانگەكە نموونەیەكی هێناوەتەوەو باسی لەوە كردووە، یەکێک لەو گەڕەکانەی، کە جرج و مشكەكان بە شێوەیەکی سروشتی لە بەیانیان و ئێواراندا وەک مرۆڤەکان تێیدا دەسوڕێنەوە، ناوچەی ئەلبەتاوینە.
ئەو روانگەیە لە ئەنجامی بەدواداچوونەكەی بۆی دەركەوتووە، گۆڕانی رەفتاری جرج و مشکەكان‌و دەركەوتنیان لە رۆژ بەهۆی ئەوەیە، كە زیاتر هەست بە سەلامەتی دەكەن، ئەمە جگە لە زۆری ژمارەیان، كە بەشێكیان قەبارەشیان زۆر گەورە بووە.
رێكخراوەكە جەختی لەسەر پێویستی كاری دەسەڵاتدارانی تەندروستی و ژینگەیی کردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی ڕێکخراو لە هەموو ناوچەکان، هەروەها بەشداریکردنی دانیشتوان، بە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی پاک و خاوێنی و پابەندبوون بە فڕێدانی پاشماوە لە شوێنە دیاریکراوەکان.
هاوكات داوای ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رووخاوەكان‌و پاكکردنەوەیانی كردووە، بەتایبەتی شوێنە پشتگوێخراو و لە بیرکراوەکان وەک خانوو و باڵەخانە ڕووخاوەکان، یان کۆنەکان، کە خەریکە دەڕوخێن، لەگەڵ پاككردنەوەی ئاوەڕۆکان بە شێوەیەکی بەردەوام.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color