گرنگ

هێزە هاوبەشەکان لە هەردوو کێڵگەی خوڕمەڵە و کۆرمۆر نزیک دەبنەوە


 
هەرێم، بە گومانە لە بڵاوکردنەوەی هێزی هاوبەش لە ناوچە جێناکۆکەکان
هێزە هاوبەشەکان لە هەردوو کێڵگەی خوڕمەڵە و کۆرمۆر نزیک دەبنەوە
بوار، تایبەت
بڕیارە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ۲۰۲۳ پارە دابین بکرێت بۆ دروستکردنی هێزی هاوبەش لە نیۆان هەرێم و عێراق، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هەرێم و عێراق.
پێشتر ڕەزامەندی دراوە بە دامەزراندنی ۳۷٥۰ پێشمەرگە لە ژێرناوی لیوای ۲۰ تا لەگەڵ لیوایەکی سوپای عێراق، دوو لیوای هاوبەش پێک بهێنن بۆ پڕکردنەوەی بۆشای ئەمنی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق.
پێشتر وەزارەتی پێشمەرگەو سوپای عێراق بەچاودێری ئەمەریکیەکان ڕێککەوتوون ئەو هێزانە لە نزیک کەرکوک و سەربازگەی کەیوان و نزیک خانەقین و مەخمور و دووزخورماتوو جێگیر بکرێن، بەڵام ئێستا سوپای عێراق دەیەوێت هێزە هاوبەشەکە بەشێکی لە سنوری نێوان دووزخورماتوو و پەڵکانە و قادرکەرەم جێگیر بکات. بەشێکی تری لە نزیک سەرگەڕان تا چیای قەرەچوغ و نزیک گوێر جێگیر بکات.
ئەو ناوچانەی عێراق دەیەوێت هێزە هاوبەشەکەی تێدا بڵاو بکاتەوە نزیک هەردوو کێڵگەی کۆرمۆر و خوڕمەڵەن. هەرێم گومانی هەیە، حکومەتی عێراق بیەوێت لەو کێڵگانە نزیک ببێتەوە و لە داهاتوودا مەترسی دروست بکات بەتایبەت پرسی نەوت و غاز، لە نێوان هەرێم و بەغدا بەناڕوونی ماوەتەوە.
ترسەکەی هەرێم لەوەوە سەرچاوەی گرتووە ئەو هێزە هاوبەشانە سەر بە بەغدا دەبن. باڵانسی هێزەکە زیاتر بەلای بەغدایە و گومانیان هەیە لەهەر کێشەیەکی ئەمنی حکومەتی عێراق لەپاڵ لیوا هاوبەشەکان هێزی زیاتر لەو ناوچانە جێگیر بکات.
لە ڕابردوودا بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق داوای هەردوو کێڵگەی کۆرمۆر و خوڕمەڵەیان لە هەرێم کردوەتەوە، بەو پێیەی هەردوو کێڵگەکە دوای ساڵی ۲۰۰۳ کەوتونەتە ژێر کۆنترۆڵی هەرێمەوە.
کێڵگەی کۆرمۆر، گەورەترین کێڵگەی پەرەپێدراوی غازی هەرێمەو هەموو بەرهەمی غازی ماڵان و ٨۰ لە سەدی کارەبای هەرێم پشت بە کێڵگەکە دەبەستێت ئەمە جگە لە بەرهەمی ڕۆژانەی ۲۲ هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت کە کوالێتی نەوتی هەرێمی پێ بەرز دەکرێتەوە.
کێڵگەی خوڕمەڵە، گەورەترین کێڵگەی نەوتی هەرێمەوە بەرهەمی ڕۆژانەی نزیکەی ۱۷٥ هەزار بەرمیلە کە ٤۰ لە سەدی نەوتی هەرێم پێک دێنێت، جگە لەوەی وێستگەی پەمپ و بارکردنی نەوتی چەند کێڵگەیەک لە خوڕمەڵەیە و لەو وێستگەی خوڕمەڵەوە بەرهەمەکانیان دەکرێتە بۆڕی نەوتی هەرێمەوە. کە بریتین لە کێڵگەی تەقتەق و کوردەمیر و گەرمیان و چیاسورخ و کۆندێنسەیتی قادرکەرەم.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color