گرنگ

بوار نیوز هۆكاری راستەقینەی نمایشە سەربازییەکەی میلیشیاكان لەبەغدا ئاشكرا دەكات


 
بوار نيوز، بەغدا
گروپە میلیشیاییەکانی عێراق لەماوەی رابردوودا زۆرترین هێرشیان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکاو ئەو گروپ و لایەنانە بووە کە بەبڕوای ئەوان خزمەت بەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکەن، بەڵام ئەمجـارە جیاواز لە پێشووتر بەچەکی قورسەوە لە ڕۆژی ڕووناک و لە ناوەڕاستی شاری بەغداو لەشەقامی تەنیشت کۆشکی سەلام تاوەکو بەردەم وەزارەتی ناوخۆ نمایشی سەربازیان ئەنجامدا.
ئەم گروپە نوێیە تـاوەکو ئێستا بەفەرمی نەناسراون، بەڵام بەوتەی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئەو چەک و ئۆتۆمبێلانەی ئەم گروپە نمایشیان پێکردوەو ئەو بارەگایەیی بۆی گەڕاونەتەوە دوای تەواو بوونی نمایشەکان بارەگـای هێزەکـانی حزبوڵای عێراقی بووە، بەو واتایەی ئەو چالاکییە هی حزبوڵایە، بەڵام ئەمجارە بەناوی جیا نمایشەکەیان ئەنجامداوە.
ئەو هێزەی ئەمڕۆ نمایشی سەربازییان لەشەقامەکانی بەغدا ئەنجامداو ناوی خۆیانناوە ڕەبعوڵا، لەسەر ئۆتۆمبێلە سەربازیەکانیان بەیاننامەیەکیان خوێندەوە کە لەسێ خاڵی سەرەکی پێکهاتبوون ئەوانیش:
٭دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبە دیناری عێراقی.
٭پەسەندکردنی بودجە بەزوترین کات و نەناردنی بودجەی بارزانی (کەمەبەست لێ بودجەی هەرێمە).
٭هەروەها دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەخاکی عێراق.
دوای ئەم نمایشە سەربازییە، موقتەدا سەدڕ ڕێبەری ڕەوتی سەدڕ ئەم هەڵوێستەی ئیدانـەکردو لەتویتێکدا نوسیوێتی دواکاری بەم جۆرە دەرنابڕێت.
دوای تویتەکەی رێبەری رەوتی سەدر، حەشدی شەعبی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە ڕەتی کردەوە ئەو هێزە سەر بەئەوان بن و لەبەیانەکەیان دەڵێن کەرتەکانی ئێمە بەژمارە ناویان هەیە نەک ناوی تر و جوڵەکردنی هێزەکانیشمان تەنها بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبێت.
لیوا تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەی هێزەهاوبەشەکان بۆ بــوار وتی" هەوڵێکی زۆری هەواڵگیریمان دەستپێکردوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو گروپە و ڕێگری دەکەین لە دووبارە دروست بونەوەی ئەم جۆرە نمایشانە". خەفاجی دەشڵێت لە چەند کاتژمێر داهاتوو هەڵوێستی خۆمان دەبێت.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، هۆکاری سەرەکی ئەم نمایشە سەربازییە بەهۆی دەستگیرکرانی بەشێک لەسەرکردە سەربازییەکانی حیزب اللەیە.
بەوتەی سەلمان دەهام شاڕەزایی بواری هێزەچەکدارەکانی عێراق نمایشی سەربازی ئەم گروپە دوور بوە لەو داواکاریانەی خستویانەتەڕوو، بەڵکو مانۆرەکەیان پەیامێکی تری لە پشتەوەیە کە ئەویش دواکردنی ئازادکردنی چەند ئەندامێکیانە کە لەلایەن فەریق ئەحمەد ئەبو ڕغیف دەستگیرکراون لەسەر تۆمەتی جۆراوجۆر.
دەرخەڕی ڕاستی ئەم قسانەی دەهام بەبڕوای چالاکوانانی عێراق ئەوەیە لە نمایشەکەی ئەم گروپە جگــە لەوێنەی کازمی و ئەحمەد ئەبو ڕغیف هیچ شیعاریکیان بۆ داواکاریەکانیان بەرز نەکردبووەوە.
لەسەر وێنەکەی مستەفا کازمی کە بەشێوازێکی کاریکاتێر دروستکرابوو نوسرابوو ئێستا کاتی گوێ بڕینت هاتووەو لەسەر وێنەکەی فەڕیق ئەبو ڕغیف کە بەپێڵاو چەکدارانی گروپەکە دەچونە سەری نوسرابوو"ئەی خــراپ، دەستت دەبڕین، دەست بۆ هێزی مقاوەمە بهێنیت (هێزی مقاوەمە کۆمەڵێک لە هێزەملیشیا شیعەکانن دژ بەئەمریکا).
یەکێکی دیکە لەهۆکارەکانی نمایشی سەربازیی ئەو گروپە میلیشیاییە پەیوەستە بەدەستپێکردنەوەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکاو عێراق. بڕیار وایە لەچەند هەفتەی داهاتوو کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆی ستراتیژیەکانی ئەمریکا و عێراق ئاشکرا بکرێت کە مەبەست لێ دووبارە ڕێکەوتنە لەگەڵ ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانیان و پاڵپشتی عێراق لە ڕووی ئابوریەوە، هەروەها ئامادەکاری دەکرێت بۆ کۆبونەوەی لوتکەی سەرۆکانی میسڕ و ئەردەن و عێراق لە بەغدا.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color