گرنگ

هەژماری بانكی بۆ داهاتی نەوتی هەرێم، هەنگاوێک بەرەو یەکلاییکردنەوەی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر یان ئاگربەستێکی کاتی


 
هەژماری بانكی بۆ داهاتی نەوتی هەرێم، هەنگاوێک بەرەو یەکلاییکردنەوەی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر یان ئاگربەستێکی کاتی
زۆرێك وای دەبینن، كە کاردانەوەی یەکەمی عێراق دەریدەخات، دیاریكردنی هەژمارێكی بانکی بۆ داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان و خستنە ژێر دەسەڵاتی حکومەت هەنگاوێکە، دەبێتە هۆی یەکلاکردنەوەی كێشە ئاڵۆزەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و حکومەتی هەرێم لە هەرێم.
بەڵام چاودێران پێیان وایە ڕەنگە ئەم هەنگاوە تەنیا بەرەیەک بێت بۆ هێوربوونەوەیەکی کاتی كێشەكان، دوای ئەو گرژییەی چەندین ساڵە بەردەوامی هەیە، چونکە کورد پێی وایە ئەم ڕێوشوێنە سودەکانی لە داهاتی نەوتی هەرێم سنووردار دەکات.
هیشام ئەلریکابی ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگە دەدات داهاتی هەرێم لە ئەکاونتێکی ناسراو و لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتدا بێت.
ئەلریکابی لە تویتێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر پشتڕاستی کردەوە، تێگەیشتن و وردبینی بەرزی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە بودجەی فیدراڵیدا هاتووە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ یەکەمجارە لەدوای ساڵی 2003ەوە داهاتی نەوتی هەرێم لە ئەکاونتێکی ناسراو و لەژێر چاودێری حکومەتی فیدراڵیدایە و لەژێر ڕۆشنایی ئەوەشدا سەرجەم هەژمارەکانی دیکە داخران.
زۆربەی بەرپرسانی عێراق جەختدەكەنەوە، كە ئەم هەنگاوە دەتوانێت ببێتە هۆی پێشکەوتن لە ناکۆکی درێژخایەن لەسەر دابەشکردنی داهاتی نەوت لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کە ڕێککەوتن لەسەر پارەدانی بەردەوام لە بودجەدا یارمەتی حکومەتی هەرێم دەدات بۆ کەمکردنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی.
لەدوای دەستبەکاربوونی حکومەت، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵی دۆزینەوەی ئارامییەکی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی داوە، بەو پێیەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەردانی هەولێرو سلێمانی كردو باسی لە "رێککەوتنی هەمەلایەنە" بۆ هەموو پرسە مشتومڕاوییەکانی نێوان هەرێم و ناوەند کرد .
لە میانی دیدارێکی لەگەڵ سەرۆکی پارتی، مەسعود بارزانی، سودانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی عێراق خاوەنی ئیرادە و خواستی جدییە بۆ کۆتاییهێنان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بەشێوەیەکی ڕیشەیی، هەروەها جەختیكردەوە، هەنگاونان بەرەو ئاسۆیەکی فراوانی کاری هاوبەش و دەرفەتی ئابووری کە سوودی بۆ خەڵکی کوردستان و هەموو پارێزگاکان بگەیەنێت.
ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە لێکتێگەیشتنێک لەسەر پشکی کورد لە بودجە، ڕێککەوتنێک هەرێمی ڕازی نەبوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخی هەولێرەوە بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە وای کرد قبوڵبکات.
هەفتەی رابردوو سودانی پشتگیری گواستنەوەی 400 ملیار دیناری عێراقی (308 ملیۆن دۆلار) بۆ حکومەتی کوردی کرد، ئەمەش دوای نزیکەی دوو مانگ لە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی، کە فەرمانەکانی حکومەتی بەغدا بۆ گواستنەوەی پارە بۆ حکومەتی هەرێم بۆ پێدانی مووچەی ساڵی 2021 و 2022 بە نایاسایی ناوبردبوو، چونکە یاسای بودجەی عێراقیان پێشێل کردووە.
بەپێی دەستووری عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی وەرگرتنی بەشێک لە بودجەی نیشتمانی هەیە، بەڵام ئەوە لە ساڵی ٢٠١٤ نەماوەو كێشەی بۆ دروست بووە، کاتێک کورد کێڵگە نەوتییە گەورەکانی باکوری عێراق کەرکوکی لە دەست چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی کۆنترۆڵ کرد و لەوێوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستی کرد بە فرۆشتنی نەوتی خاو.
چاودێران پێشیان وایە ئاگربەستی سیاسی لەسەر بنەمای هەنگاوی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕەنگە ناکۆکییەکان دوابخات، بەڵام چارەسەری ناکات، ئاماژەش بەوە دەکەن ناکۆکی بنەڕەتی پەیوەستە بە کارنامەی هەرێمی کوردستانەوە، کە لەسەر بنەمای جیابوونەوە دامەزراوە و هەوڵدەدات ئامادەکاری بکات بۆ ئەو مەبەستە.
لە ساڵی 2003ەوە بەغدا و هەولێر لەسەر پرسی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم ناکۆکن، بەو پێیەی بەغدا دەڵێت: هەرێم ڕێگە بەوە نادات زانیاری لەسەر بڕە پارە ڕاستەقینەکان ئاشكرابێت بۆ هەناردەکردنی نەوت، ئەو بڕە پارانەش ڕادەستی ناکات، كە لە داهاتی نەوت دەستیدەكەوێت، لەبەرانبەردا هەرێم دەڵێت: هەناردەکردنی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان و وەرگرتنی داهاتەكەی مافێكی دەستوورییە.
ئەمە دژایەتییە ناکۆکی زۆری لێکەوتەوە، کە بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی یەکلایی کرایەوە، كاتێك ساڵی رابردوو یاسای نەوت و غازی لە هەرێم ڕەتکردەوە و بە نایاسایی زانی.
ساڵی ڕابردوو دادگای فیدراڵی بڕیارێکی دەرکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، یاسای نەوت و غازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە ساڵی 2007 دەرچووە نادەستوورییە، هەروەها بڕیاری هەڵوەشانەوەی دا، ئەوەش بەهۆی پێشێلکردنی بڕگەکانی ماددە دەستوورییەکان، لەگەڵ ئەوەش پابەندکردنی هەرێم بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت بە حكومەتی فیدراڵی.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color