گرنگ

ئەردۆغان یان كلچدارئۆغڵۆ؟


 
ئەردۆغان یان كلچدارئۆغڵۆ؟
دەنگدەرانی تورکیا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان
دەنگدەرانی تورکیا ئەمڕۆ یەك شەممە 14/5/2023 بۆ دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ٢٨مین خولی پەرلەمان، سەعات ٠٨:٠٠ی بەیانی چونەتە سەر سەندوقەکانی دەنگدان و پرۆسەکەیش تا کاتژمێر ١٧:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا، سەرکۆمار، کە ماوەی خولەکەی پێنج ساڵە و ئەندامانی نوێی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێن، ھەزار و ٩٤ بنکەی دەنگدان زیاتر لە ١٩١ ھەزار سندوق داندراون.
ھەروەھا لە ھەڵبژاردنەکانی تورکیادا، ٦٠ ملیۆن و ٦٩٧ ھەزار و ٨٤٣ دەنگدەرلە تورکیا کە تەمەنیان لە سەروو ١٨ ساڵەوەیە مافی دەنگدانیان ھەیە و لەو ژمارەیە چوار ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار و ٦٧٢یان بۆ یەکەم جارە دەنگ دەدەن.
ئەمڕۆ، پرۆسەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیا لە کاتژمێر ٠٨:٠٠ی بەیانی دەست پێدەکات و لە کاتژمێر ١٧:٠٠ی ئێوارە کۆتایی دێت.
دەنگدەران لەڕێگای کورتەنامەوە زانیاری ئەوەیان پێدراوە، کە دەتوانن لە کام بنکە دەنگبدەن، ئەو کەسانەشی نامەکەیان پێنەگەیشتووە دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمی دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بکەن و لەوێ بنکەکەیان بدۆزنەوە، ئەگەری ھەڵبژاردنەکە بچێتە خولی دووەمەوە ئەوا دەنگدەر ھەر لە ھەمان بنکە دەنگدەداتەوە.
لە دوای کاتژمێر ١٧:٠٠ی ئێوارە، بەرپرسانی بنکەکانی دەنگدان رێگا بە دەنگدەران نادەن، دەنگ بدەن، كە دامەزراوەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا، رێوشوێنی جیاوازی لەو ١١ پارێزگایە گرتووەتەبەر، کە بەھۆی بوومەلەرزەکانی شەشی شوباتەوە زیانیان بەرکەوتووە.
دامەزراوەکە کەموکوڕییەکانی ئەو پارێزگایانەی دیاری کردووە، دواتر لەناو باخچەی ئەو قوتابخانانەی زیانیان بەرکەوتووە کابینەی تایبەت بە ھەڵبژاردنی داناوە.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەڕەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندید بۆ پۆستی سەرکۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستھێنانی ئەو پۆستە، بەڵام بەھۆی کشانەوەی موحەڕەم ئینجە لە ١١ی ئایاردا لەخۆکاندیدکردنی لەبەرئەوەی چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکان تەواوبووە، ناوی ھەر لەسەر کارتەکان دەمێنێتەوە.
لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، کە ٢٨مین خولی پەرلەمانی تورکیایە، ٢٤ پارت و ١٥١ کاندیدی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن.
پارتەکان بە پێنج ھاوپەیمانی جیا کە بریتیین لە ھاوپەیمانانی "جمھوور، میللەت، ئاتا، کار و ئازادی و یەکێتیی ھێزی سۆسیالیست" بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
لە چوارچێوەیەشدا ھەریەک لە ئاک پارتی، مەھەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاھـ بە ناوی "ھاوپەیمانی جمھوور" بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
ھەر یەک لە جەھەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "ھاوپەیمانی میللەت"-دا کۆبوونەتەوە.
ھەروەھا پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی "ھاوپەیمانی کار و ئازادی" بەشداری لە ھەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی ھەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشدارە.
ھەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی "ھاوپەیمانی ئاتا" و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی ھاوپەیمانی "یەکێتیی ھێزی سۆسیالیست" بەشداری دەکەن.
لە چوارچێوەی قەدەغەکراوەکانی رۆژی ھەڵبژاردندا، ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٠٦:٠٠ بۆ ٢٤:٠٠ خواردنەوە کحولییەکان نافرۆشرێن، ھەروەھا پێدان و خواردنەوەی خواردنەوە کحولییەکان لە شوێنە گشتییەکان قەدەغە دەبێت.
هاوكات شوێنەکانی کات بەسەربردن لە ماوەی دەنگدانەکەدا بە داخراوی دەمێننەوە، لەو چێشتخانانەی کە شوێنی کات بەسەربردنن تەنیا رێگە بە پێدانی خواردن دەدرێت.
لە دوای کاتژمێر ١٨:٠٠ رێگە بە بەڕێوەچوونی ئاھەنگی ھاوسەرگیری دەدرێت بە مەرجی پابەندبوون بە قەدەغەکراوەکانی ھەڵبژاردن و رێسا دیاریکراوەکان.
ھەڵگرتنی چەک قەدەغەیە، جگە لەو کەسانەی، کە بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، رادیۆ و ھەموو جۆرە ئۆرگانەکانی پەخش تا کاتژمێر ١٨:٠٠ی رۆژی ھەڵبژاردن ناتوانن ھەواڵ و پێشبینی و تێبینی لەسەر ئەنجامی ھەڵبژاردن بڵاو بکەنەوە. تەنھا بڵاوکردنەوەی ئەو ھەواڵ و راگەیەندراوانە رێگەپێدراوە کە لە لایەن دامەزراوەی باڵای ھەڵبژرادنەکان لە تورکیا دەدرێت.
ئەگەر مۆری "بەڵێ" یان "ھەڵبژێرە" لەسەر زیاتر کاندیدێک یان زیاتر لە پارتێک بدرێت، کە لە یەک ھاوپەیمانیدایە، ئەوا دەنگەکان ھەژمار ناکرێت.
دڕاندنی کاغەزی دەنگدان، لێدانی ھەر ھێما یان مۆرێکی تایبەت، بوونی ناو، واژوو یان پەنجەمۆر لەسەر کاغەزەکە، دەنگەکە پووچەڵ دەکاتەوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color