گرنگ

مامۆستایانی هەرێم، داوا دەکەن بەغدا مووچەیان پێبدات


 
مامۆستایانی هەرێم، داوا دەکەن بەغدا مووچەیان پێبدات
بەشێکی مامۆستایان لە سلێمانی گردبونەوە و رایانگەیاند، هیچ متمانەیەکیان بە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی نەماوە و راپرسی دەربارەی راستەوخۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن بەغداوە یان لەژێر چاودێری بەغداد دا ئەنجام دەدەن.
نەجمەدین محەممەد، نوێنەری مامۆستایان، لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، حکومەتی هەرێم لە ماوەی ٨ ساڵی رابردوودا ستەمی لە مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە کە بریتی بووە لە پاشەکەوتی زۆرەملێی مووچە و راگرتنی پلە بەرزکردنەوە و لێبڕینی مووچە بە بەرچاوی پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەرییەوە، ١٢ مووچەی فەرمانبەران نەدراوە و ٣٤ مووچە بەڕێژەی جیاواز پاشەکەوتکراوە، لێبڕین بە ڕێژەی ٪٢١ کراوە، مووچە بە مەبەست دواخراوە.
ئاماژەی بە ئەوەش کرد، فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی چالاک بۆ راپرسی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بۆ راپرسی دەربارەی راستەوخۆ دابەشکردنی مووچە لەلایەن بەغداوە یان لەژێر چاودێری بەغداد دا دروستدەکەین، سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەین کە پاشەکەوتی مووچە و مووچە نەدراوەکانیان خستە یادی هەموان.
وتیشی، داوای گەڕاندنەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و لێبڕینەکان و مووچەنەدراوەکان، دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوە دەکەین، ئەو زوڵمانەی کراون بەرپرسیارییەتی هەردوو لایە، حکومەتی هەرێم کاری نا یاسایی ئەنجامداوە و حکومەتی عێراقیش ئاگادار بووە.
نوێنەری ئەو مامۆستایانە ئەوەشی وت، داواکارین لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، رۆژی دەنگدان لەسەر بودجە، رەچاوی بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێم بکەن، دابەشکردنی راستەوخۆی مووچە بکەنە بڕگەیەکی بودجە.
بەبڕوای مامۆستایان، هیچ متمانەیەک بە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی نەماوە و لە دابەشکردنی مووچەدا دەستێکی ئەمین نەبوون و نابن.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color