گرنگ

رێكخراوی تەندروستی جیهانی: ڕەوشی توشبون و مردن بە كۆرۆنا لەكوردستان بەرەو ڕەنگی سور دەڕوات


 

بوارنیوز، سلێمانی
نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لەهەرێمی كوردستان، ئاماژە بەوەدەكات ئەوەی لەهەرێمی كوردستان و عێراق دەگوزەرێت حاڵەتێكی مەترسیدارەو لەئێستادا پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەڕێژەی ئەنجامدانی پشكنین لەڕەنگی سوردایەو لەحاڵەتەكانی توشبون و مردینش لەڕەنگی پرتەقاڵیدایەو ئەگەریش وا بڕوات هەرێمی كوردستان دەچێتە ڕەنگی سورەوە، هاوكات پێشنیاری قەدەغەی هاتوچۆ یەكیكە لە پێشنیارەكانی ئەوان بۆ حكومەتی هەرێم.
د. نەجمەدین حەسەن، لێپرسراوی نوسینگەی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەهەرێمی كوردستان و سلێمانی بەبوارنیوزی ڕاگەیاند: ئەوەی ئێستا لەهەرێمی كوردستان و عێراق دەگوزەرێت گەیشتنە لوتكەی شەپۆلی سێیەمی بڵاوبونەوەی كۆرۆنایە، بۆیە ئێمە لەڕێكخراوی تەندروستی جیهانی نوێنەرمان لەوەزارەتی تەندروستی هەرێم هەیەو پێشنیارو بۆچونی خۆمان لەبارەی گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا داوەتە حكومەتی هەرێم، بەڵام ئەوە ئەركی حكومەت و وەزارەتی تەندروستییە تا چەند بەگوێمان دەكات و سود لەپێشنیارەكانمان وەردەگرێت، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخە بەم جۆرە هەر بەردەوامی هەبێت ئەوا حكومەت ناچارە هەمو ڕێوشوێنێك بگرێتە بەر بە قەدەغەی هاتوچۆشەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا حاڵەتەكانی توشبون و مردن بەكۆرۆنا لەهەمو پارێزگاكانی هەرێم زۆر زیادیان كردوە بەجۆرێك ئەگەر پێشتر لەهەفتەیەكدا سێ‌ یان چوار كەس گیانیان لەدەستبدایە، بەڵام لەئێستادا لەماوەی هەفتەیەكدا زیاد لە 20 كەس گیانیان لەدەستداوە، لەئێستادا لەهەر سێ‌ پارێزگاكەی هەرێم ڕێژەی ئەنجامدانی پشكنین لەڕەنگی سوردایە، بەڵام لەحاڵەتەكانی توشبون و مردن لەڕەنگی پرتەقاڵیدایەو پێبینی دەكەین لەهەفتەكانی داهاتودا مردن و توشبونیش بچێتە ڕەنگی سورەوە.
نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەهەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕو، جگە لەگرتنەبەری ڕێكارە خۆپارێزییەكان و وەرگرتنی ڤاكیسن لەلایەن هاوڵاتیانەوە رێگایەكی زۆر باشە لەڕێگریكردن لەبڵاوبونەوەی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، چونكە بەپێی توێژینەوە زانستییەكان لە هەر 100 كەس لەوانەی هەردو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتوە ئەوا تەنها پێنج كەسیان ئەگەری توشبونیان بەكۆرۆنا لە ئارادایە، ئەگەریش توشببن بەقورسی نایگرن، بۆیە هەمو ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن دۆخەكە زۆر لەمەترسیدایەو چاوەڕێی حالەتی نەخوازراوی لێدەكەین، بەڵام هەمو هەوڵێك دەدەین نەگاتە ئەو دۆخە.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color