گرنگ

کاندیدبوونەوەى 200 پەرلەمانتارى عێراق وایکردوە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بەردەوام بێ بۆ هەرێم


 

کاندیدبوونەوەى 200 پەرلەمانتارى عێراق وایکردوە ناردنی ٢٠٠ ملیارەکە بەردەوام بێ بۆ هەرێم

بوارنیوز، سلێمانى
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق ئاماژە بەوە دەکات بەهۆى ئەوەى لە ئێستادا زیاد لە 200 پەرلەمانتارى ئێستا دوبارە خۆیان کاندیدکردوەتەوە بۆ پەرلەمان و سەرقاڵى بانگەشەى هەڵبژاردنن، ئەمە وایکردوە پەرلەمان سڕبکرێت و هیچ فشارێکیش لەسەر حکومەتەکەى کازمى دروست نەبێت بۆ بەردەوامیدان بە ناردنى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: بەهۆى ئەوەى لە مانگى پێشو کە 200 ملیار دینار ڕەوانەى هەرێمى کوردستان کرا هیچ فشارێک لەسەر حکومەتەکەى ( مستەفا کازمى) دروست نەبو، ئەوا بۆ ئەم مانگەش بەهەمان شێوەى مانگى پێشو ئەو بڕە پارەیە رەوانە دەکرێت، چونکە ئەگەر فشارى پەرلەمانى نەبێت ئەوا بە دڵنیاییەوە ناردنى ئەو 200 ملیار دینارە بەردەوامى دەبێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، لەئێستادا بەجۆرێک لە جۆرەکان پەرلەمانى عێراق سڕکراوە، چونکە زیاد لە 200 پەرلەمانتارى خولى ئێستا دوبارە خۆیان بۆ خولێکى دیکە هەڵبژاردووەتەوەو لە ئێستاشدا سەرقاڵى خۆ ئامادەکردنن بۆ بانگەشەى هەڵبژاردن، ئەمە وایکردوە کە نەپڕژێنە سەر کۆبونەوەى پەرلەمان و هەروەها چاودێریکردنى کارەکانى حکومەت و دروستکردنى فشار لەسەر حکومەت بۆ ڕێگریکردن لە ناردنى 200 ملیار دینار لەدەرەوەى یاساى بودجە.
ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق جەختى لەوەشکردەوە، بەردەوامیدان بەم شێوازە ناردنى پارە لە عێراقەوە بۆ هەرێمى کوردستان کە بڕەکەى 200 ملیار دینارە لە بەرژەوەندى و سودى هەرێمى کوردستاندایە، چونکە لەبەرامبەر ناردنى ئەم 200 ملیارە هەرێم هیچ بڕە پارەیەک ڕادەستى بەغدا ناکات و ئەو داهاتەشى لە فرۆشتنى نەوت و خاڵە سنورییەکان و داهاتى ناوخۆ دەستى دەکەوێت هەربۆخى دەمێنێتەوە.

شێروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق بۆ بوارنیوزى ڕونکردەوە، بەپێی یاسا دەبێت پشکى هەرێم وەک خۆى ڕەوانەى هەرێم بکرێت، بەڵام بەردەوامیدان بە ناردنى 200 ملیار دینار بەشێوەى سولفە لە بەغداوە بۆ هەرێم لە ئێستادا کەوتووەتە سەر ئەستۆى ( مستەفا کازمى) و ( عەلى عەلاوى) وەزیرى دارایى، چونکە بەگوێرەى ئەو بڕیارەى لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەنگى لەسەر دراوە ئەوەیە دەبێت ناردنى 200 ملیار دینار بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوامى هەبێت تا ئەوکاتەى لەلایەن هەردو لیژنەى وردبینى عێراق و هەرێم کۆتایى بە وردبینیکردنى داهاتەکانى هەرێم دێت بۆیە بە پێى ئەو بڕیارە بێت دەبێت ناردنى 200 ملیارەکە بەردەوامى هەبێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، لە ئێستادا دو بژاردە لەبەردەم حکومەتى عێراق و هەرێمدا هەن، یان دەبێت پرۆژە یاساى بودجە وەک خۆى جێبەجێبکرێت، یانیش دەبێت درێژە بەناردنى 200 ملیار دینار بدرێت بەشێوەى سولفە، بەڵام بەردەوامیدان بەم دۆخە بەناردنى 200 ملیار دینار لەبەرەژەوەندى هەرێمدایە، بەڵام دەبێت حکومەتى هەرێمیش ئەو ڕاستییە بزانێت کە حکومەتى عێراقیش فشارى لەسەرەو لەوانەیە نەتوانێت تاماوەیەکى زۆر بەردەوام بێت. بۆیە واباشترە هەردولا کار بۆ جێبەجێکردنى پرۆژە یاساى بودجە بکەن.
فارس عیسا، نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە بەغدا بە بوارنیوزى ڕاگەیاند: ئەو 200 ملیار دینارەى کە ئەم مانگە حکومەتى عێراق ڕەوانەى هەرێمى کرد پەیوەندى بە پشکى هەرێم هەیە بۆ ماوەى شەش مانگى ڕابردو، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ئەو بریارەى لە ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بڕیارى لەسەردراوە دەبێت ناردنى ئەو 200 ملیار دینارە بۆ هەرێمى کوردستان بەردەوامى هەبێت تا ئەوکاتەى لەلایەن هەردو لیژنەى باڵاى بەغداو هەرێم کۆتایى بە وردبینیکردنى داهات و خەرجییەکانى هەرێم دێت.

نوێنەرەکەى حکومەتى هەرێم لە بەغدا جەختى لەوەشکردەوە، لە ئێستادا کۆتایى بە وردبینیکردنى داهات و خەرجییەکانى هەرێم هاتوە لەلایەن بەغداوە، بۆیە کاتى ئەوە هاتوە پرۆژەیاساى بودجەى گشتى بخرێتە بوارى جێبەجێکردنەوە و پشکى هەرێم ڕەوانە بکرێت، بەوهیوایەى ئەم بابەتەش بە سیاسى نەکرێت و گرفت لەبەردەم ناردنى پشکى هەرێم دروستنەکرێت.

ڕۆژی 15/6/2021 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەى خۆیدا بە زۆرینەى دەنگ بڕیاریدا مانگانە 200 ملیار دیناری بەشێوەى سولفە ڕەوانەى هەرێم بکات تا ئەوکاتەى وردبینی لە داهاتە نەوتی و نا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆتایى دێت، هاوکات رۆژی 11/7/2021 بڕی 200 ملیار دینار خرایە سەر حسابى وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم مانگەش موچە بە بێ لێبڕین دابەشکرا.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color