گرنگ

تورکیا ئامادەنییە "تێچوێکی زۆر" لە نۆژەنکردنەوەی خانوێکی کۆنی قەڵای هەولێر خەرج بکات


 

تورکیا ئامادەنییە "تێچوێکی زۆر" لە نۆژەنکردنەوەی خانوێکی کۆنی قەڵای هەولێر خەرج بکات

بوار نیوز، تایبەت
لەگەڵ ئەوەی پارێزگارو کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر ڕەزامەندیان داوە بە پێدانی خانوێک لەسەر قەڵای هەولێر بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی ڕۆشنبیریی و کلتوریی تورکی، بەڵام بەهۆی تێچوی زۆرەوە "کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر ئامادەنییە" ئەو خانوە وەربگرێت.
بەپێی زانیارییەکانی بوار نیوز، هاوشێوەی زۆربەی وڵاتان کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر داوایکردوە، لەسەر قەڵای هەولێر خانوێکی کۆنی پێبدرێت بە مەبەستی دامەزراندنی سەنتەرێکی ڕۆشنبریی و کلتوریی تورکی بەناوی (یونس ئیمڕا). سەنتەرە ڕۆشنبرییەکە ڕاستەوخۆ سەر بە کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر دەبێت.
بەپێی مەرجەکانی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵا، بە "مەرجی نۆژەنکردنەوەی خانوێک، ڕێگە بە کونسوڵخانەی وڵاتان دەدرێت سەنتەرێکی ڕۆشنیریی و کلتوریی دابمەزرێنن".
بەپێی ئەو زانیارییەکانی بوار نیوز، دوای ڕەزامەندی پارێزگارو کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بۆ کردنەوەی سەنتەرە ڕۆشنبرییەکەی کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر، کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە ئامادەنییە تێچوێکی زۆر بۆ نۆژەنکردنەوەی خانوەکەی قەڵا تەرخان بکات.
نیهاد قۆجە، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێربە بواری ڕاگەیاند: "پێشتر کونسوڵخانەی تورکیا خانوێکیان دەستنیشان کرد بو تاوەکو پێیان بدرێت بۆ کردنەوەی سەنتەرێکی ڕۆشنبیریی و کلتوریی، بەڵام بەهۆی زۆری تێچوی خانوەکە بۆ نۆژەنکردنەوەی لەسەر سیمای کۆن، تاوەکو ئێستا کونسوڵخانەکە خانوەکەیان وەرنەگرتوە".
گوتیشی: "قەڵا وەکو بنکەیەکی کلتوریی و مێژویی بەکاردێت و نوێنەری هەر وڵاتێک داوای پێدانی خانو بکات پێیان دەدرێت، بەڵام دەبێت خانوەکە نۆژەن بکرێتەوە".
لەبارەی بڕی تێچوی نۆژەنکردنەوەی خانوەکان، نیهاد قۆجە گوتی: " نۆژەنکردنەوەی خانوەکان بەپێی ڕوبەرو پێداویستی ئەو کونسوڵخانە دەبێت کە داوای دەکات، خانو هەیە زیاتر لە میلۆنێک دۆلاری تێدەچێت".
تاوەکو ئێستا کونسوڵخانەی چەند وڵاتێک سەنتەری ڕۆشنبریی و کلتورییان لەسەر قەڵای هەولێر کردۆتەوە، لەوانە؛ پەیمانگەی فڕەنسی خانوێکیان نۆژەنکردۆتەوە، هەروەها ئەڵمانی و فەڕەنسییەکان بەنیازن بەهاوبەشی سەنتەرێکی دیکە لەسەر قەڵا بکەنەوە.
بەپێی مەرجەکان کۆمسیۆنی نۆژەنکردنەوەی قەلا، نابێت ئاڵای هیچ وڵاتێک لەسەر ئەو سەنتەرە کلتورییە دابندرێت کە لەسەر قەڵا دەکرێتەوە، بەڵکو "دەبێت تەنیا تابلۆیەک هەڵبوەسرێت و تێدا ناوی سەنتەرەکە بنوسرێت".

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color