گرنگ

کیسینجەر؛ ئەو شەڕخوازەى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى وەرگرت


 

کیسینجەر؛ ئەو شەڕخوازەى خەڵاتى نۆبڵى ئاشتى وەرگرت

بوار:

بڕیاری پێدانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە هێنری کیسینجەری ئەمریکی و لێ دوک تۆی ڤێتنامیی ٥٠ ساڵ لەمەوبەر، تا ئەمڕۆش ڕەخنەی توندی بەدوای خۆیدا هێناوە، دوای ئەوەی لایەنێک ڕەتیکردەوە و لایەنەکەی تریش وەری نەگرت و ئەوەش بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی دوو ئەندامی لیژنەکە لەو کاتەدا.

مێژوونووسی نەرویجی تایبەتمەند لە خەڵاتی نۆبڵ، ئاسلێ سڤین، پێیوایە ئەم خەڵاتە نوێنەرایەتی "شکستێکی ترسناک" دەکات و وتیشى: ئەمە خراپترین خەڵاتە لە مێژووی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیدا".

لە ١٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣دا وەک شۆکێک بە گوێى جیهاندا درا، کاتێک کۆمیتەی نۆبڵی نەرویج ڕایگەیاند، خەڵاتەکە "نۆبڵى ئاشتى" بە هاوبەشی بەخشراوە بە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، کە پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ وەزیری دەرەوە، هەروەها بە ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ڤێتنامی باکوور، کە بریتیبوون لە هێنری کیسینجەری ئەمریکى و لێ دوک تۆی ڤێتنامی، کە بۆ دانوستانی هاوبەش بۆ ئاگربەست لە ڤێتنام لە ساڵی ١٩٧٣ رۆڵى سەرەکیان هەبوو.

لە ٢٧ی ژانویەی هەمان ساڵدا هەردوو لایەن ڕێککەوتننامەکانی پاریسیان واژۆکرد، کە تێیدا مەرجی پەسەندکردنی ئاگربەست لە ڤێتنامدا پەسەندکرا،

ئەسلی سڤێن بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ڕوونی دەکاتەوە: "ئەوە ڕێککەوتنی ئاشتی نەبوو، بەڵکو ئاگربەستێک بوو کە بە خێرایی شکستی هێنا".

ئاگربەستەکە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ئەمریکییەکان هێزەکانیان لە ڤێتنام بکشێننەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی دژە شەڕ بووەوە.

دواتر بڕیاری پێدانی خەڵاتەکە مشتومڕێکی بەرفراوان و خێرای لێکەوتەوە.

لەو کاتەدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەڵاتەکەدا، دوو لە پێنج ئەندامی لیژنەی نۆبڵ دەستیان لەکارکێشایەوە، بەهۆی ناڕازیبوونیان لەو بڕیارە.

لە ئەمریکا ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز سەردێڕێکی لە ژێر ناوی “خەڵاتی جەنگی نۆبڵ” بڵاوکردەوە و مامۆستایانی زانکۆی بەناوبانگی هارڤارد ئیدانەی ئەو هەڵبژاردنەیان کرد.

گۆرانیبێژ تۆم لێهر پێیوابوو کە بەم خەڵاتە "تەنزێکی سیاسی بێسوود بووە".

کیسینجەر، کە ئەمڕۆ لەتەمەنی 100 ساڵى کۆچى دوایی کرد، بووە ئامانجێکی دیاریکراوی ڕەخنە و تۆمەتبارکرا بە گواستنەوەی جەنگی ڤێتنام بۆ وڵاتی دراوسێی ئەو وڵاتە وەک کەمبۆدیا، هەروەها فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی بۆردومانی بەرفراوانی بۆ سەر هانۆی پایتەختى ڤیێتنام وەک ئامرازێک بۆ فشارخستنە سەر دانوستانەکان دەرکرد.

هاوکات پشتگیری لەو کودەتایە کرد، کە ژەنەڕاڵ پینۆشێت لە شیلی دژی سەلڤادۆر ئالێندی سەرۆکی هەڵبژێردراوی دیموکراتیک ئەنجامیدا.

سەبارەت بە هاوبەشەکەی لە خەڵاتەکەدا، کە لەلایەن لی دوک تۆوە ڕەتکرایەوەو وتی: کاتێک ڕێز لە ڕێککەوتنی پاریس سەبارەت بە ڤێتنام دەگیرێت و چەکەکان بێدەنگ دەبن و ئاشتی لە ڕاستیدا بۆ ڤێتنامی باشوور دەگەڕێتەوە، من بیر لە وەرگرتنی خەڵاتەکە دەکەمەوە.

سەبارەت بە کیسینجەر، ئەو کۆبوونەوەیەکی ناتۆی رێکخست بۆ ئەوەی نەچێت بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی لە ئۆسلۆ لە ترسی ئەوەی خۆپیشاندانەکان لە دژى لەو وڵاتە تا دەهات زیاتر دەبوو.

بەڕێوەبەری ئێستای دامەزراوەی نۆبڵ، ئۆلاف نیوێستاد، ڕوونیدەکاتەوە، ئەو بەڵگەنامانەی دوای پێنج دەیە لەشاردنەوەیان ئێستا بە نهێنى نەماون وتى: ئێستا دەزانرێت ئەوکات چ هەڵەیەک کراوە

ئەو وتیشى: من مەیلی ئەوەم هەیە، کە بڕیارێکی خراپە، بە گشتی باش نییە خەڵات بدرێت بەو کەسانەی شەڕ دەکەن، چۆن شتى وا دەبێت؟

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color