گرنگ

ئاگرى شەڕى غەزە دەگاتە هەولێر؟


 

ئاگرى شەڕى غەزە دەگاتە هەولێر؟

بۆچى گروپە چەکدارییەکان هێرشەکانیان بۆسەر هەولێر چڕکردووەتەوە؟

بوار، هەولێر
لەچەند ڕۆژی رابردوو زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرایە سەر دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە چەند بنکەیەکى سەربازى هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایەو ژمارەیەکى زۆریش سەربازى ئەو هێزانە لەو بنکانە جێگیرن.

بە گوێرەى زانیارییەکان، بەشێک لە هێرشەکان درەنگانی شەوی هەینی، بە پێنج درۆن هێرشەکان کراوە، کە چواریان بە دووریی کەمتر لە 500 مەتر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سێبیران، کە نزیکە لە فرۆکەخانەى هەولێر کەوتوونەتە خوارەوە درۆنێکیش لەنزیک فرۆکەخانەکە لە لایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خراوەتە خراوە.

ئەو هێرشانە لەکاتێکدابوو، کە ئێوارەى هەینى درۆنێکی بۆمبڕێژکراو ئاراستەى فرۆکەخانەکە کردبوو، خۆی بە باڵەخانەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا کێشابوو و تەقییەوە.

بە گوێرەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، رووداوەکە جگە لە زیانی مادیی، زیانی دیکەی نەبووە.

لەو بارەوە دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، رۆژی هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، " کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".

دواتریش ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە درۆنێک بەر "باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە".

ئەنجوومەنەکە راشیگەیاند، وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".

هەر بە گوێرەى زانیارییەکانى سەرچاوە سەربازییەکان، ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام لە پێکانی ئامانجەکەی شکستیهێناوە و بۆسەر باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو هێرشانەى سەر هەولێر لەکاتێکدایوو، شەوى رابردووتر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای فەرمانگەی ئاساییشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا بە مووشەک کرانە ئامانج، بەڵام هێرشەکان زیانی گیانییان نەبوو.

لەسەر ئەو هێرشەش لایەنەکانى چوارچێوەی هاوئاهەنگی راگەیەنراوێکیان بڵاویکردەو رایانگەیاند، هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق رەتدەکەنەوە و "پشتیوانیی تەواوی" خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیشان دەدەن.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی راشیگەیاند، لەسەر داوای محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوپەیمانییە شیعەکە "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە"ی ئەنجامداوە.

هەروەها رایانگەیاندووە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "جەختی لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستیانە کرد کە ئاساییش و سەروەریی وڵات دەکەنە ئامانج، بە هەر جۆرێک بن، ئامانجەکانیان هەر کێ بن و هەر مەبەستێکیان لە پشتەوە بێت."

هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و داواکارییەکانی پیشاندا بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی رووداوی گومانلێکراوی" هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

دواتریش نووسینگەی سوودانی لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سوودانی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق کردووە بۆ تاوتوێکردنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو زیانەشی کە بە "ئاساییشی نیشتمانی، سەقامگیریی وڵات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق گەیاندووە".

نووسینگەکە راشیگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە".

سوودانی هەروەها جەخت لە "پابەندبوونی بەردەوامی حکومەت بە پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق" دەکاتەوە و "هەرگیز درێخی لە بەرهەڵستیکردنی ئەو یاساشكێنانە ناکەین کە ئاساییشی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و ناویشی لە دەرەوە دەزڕێنن".

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color