گرنگ

ئەگەرى پێکدادانى سوپاى ئەمریکاو گروپە چەکدارییەکانى سەر بە ئێران هەیە


 

ئەگەرى پێکدادانى سوپاى ئەمریکاو گروپە چەکدارییەکانى سەر بە ئێران هەیە

بوار: بەغداد
ئەگەرى پێکدادانى سوپاى ئەمریکاو گروپە چەکدارییەکانى سەر بە ئێران لە عێراق هەیە، ئەوەش دواى ئەوەى بەرپرسێکى ئەو گروپانە هەڕەشەى لە هێزەکانى ئەمریکا کرد.

بەرپرسێکی ئەمنی لە لیواکانی حزبوڵای عێراق ڕایگەیاند، هێرشی زیاتر بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەنجامدەدەن و جەختیشیکردەوە، ئەو هێرشانەی کە ڕۆژی هەینی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایان کردە ئامانج، تەنها سەرەتای هێرشەکەیە.

ئەو گرووپە کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی ڕۆژی هەینی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئەستۆ نەگرت، بەڵام ڕایگەیاند، باڵیۆزخانەکە نوێنەرایەتی بنکەیەکی سەربازى ئەمریکا دەکات بۆ هێرشەکانى واشنتن لە عێراق، بۆیە تۆڵە لەو باڵوێزخانەیەش دەکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمەریکا و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەو هێرشەیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، ئەم هێرشە کارێکی تیرۆریستییە لە دژی نوێنەرایەتییەکی دیپلۆماسی.

ئەبو عەلی عەسکەری، بەرپرسی ئەمنی گروپەکە لە پۆستێکدا لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند، ئەوانەی باڵوێزخانەکە وەک ناوەندێکى دیپلۆماسی وەسفی دەکەن، راست ناکەن و تەنها کار بۆ پاراستنى بەرژوەندییەکانیان دەکەن، بۆیە ئێمە گوێ لەوانە ناگرین، وەک ئاماژەیەک بۆ پەیامەکەى سودانى و وەڵامدانەوەى سەرۆک وەزیران.

لە لایەکى ترەوە شەوى هەینى لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سودانی، هێرشەکانیشی شەرمەزار کرد و بە تایبەتی ئاماژەی بە کەتایب حزبوڵڵا و گروپێکی دیکە بەناوى حزبوڵڵای نوجەبا کرد، بەهۆی ئەوەی بەرپرسن لەو هێرشانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن مافی خۆیەتی وەڵام بداتەوە، ئەوەش وەک ئاماژەو هەڕەشەیەک بۆ ئەو دوو گروپەو ئەگەرى هێرشکردنە سەریان لەهەرکاتێکدا بێت.

گروپى مقاوەمەى ئیسلامى بەرپرسیارى خۆی لە 11 هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەستۆ گرت، کە زۆرترین ژمارەی هێرشە لە ماوەی یەک ڕۆژدا لەو کاتەوەی، کە لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە.

نوسینگەی سودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆک وەزیران فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان داوە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکە بکەن، ڕۆژی شەممەش بڕیاریداوە "ئەو فەوجە" بگۆڕێت، کە بەرپرسە لە ئاسایش لە ناوچەی سەوزی بەغداد، ئەوەش بەهۆى هێرشەکانى شەوى هەینى بۆ سەر باڵوێزخانەى ئەمریکا.

جگە لە ستافی دیپلۆماسی لە عێراق، ئەمەریکا نزیکەی 2500 سەربازی لەو وڵاتە هەیە ، کە بە وتەی خۆی ئامانجی پێشکەشکردنی ڕاوێژ و هاوکارییە بەو هێزە ناوخۆییانەی شەڕی پاشماوەکانی داعش دەکەن.

 

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color