گرنگ

یەکێتی هەموو پێشنیارەکان بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک ڕەتدەکاتەوە


 

هەموو شتێک لە بارەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک

یەکێتی، ئەوەی لە دەرگای فەڕمییەوە دەستی ناکەوێت دەیەوێت لە پەنجەرەوە مسۆگەری بکات

 

یەکێتی بە کوتەکی بەغدا، پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە دەست دەهێنێت

#بوار
١٠٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و لە کۆی ١٥ پارێزگا تەنیا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەستی بەکار نەکردووە.

لە ماوەی ١٠٠ ڕۆژی ڕابردوو بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ چەندین گفتوگۆ و دانوستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک بەڕێوەچوون، بەڵام تا ئێستا هێزەکان نەگەیشتوون بە ڕێککەوتنێکی کۆنکرێتی.

پارتی و یەکێتی، کە یاریکەرێکی سەرەکین لە ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکوک. تەنیا خاڵێک کە لەسەری کۆکبن ئەوەیە کە پێویستە پارێزگاری داهاتووی کەرکوک کورد بێت. بەڵام یەکێتی دەیەوێت ئەو کوردە کادیرێکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بێت. هەرچی پارتیش دەیەوێت ئەو کوردە تەنیا یەکێتی نەبێت لایەنگری هەر هێزێک بێت بە لایەوە ئاساییە.

ڕێککەوتنی یەکێتی و پارتی لەسەر کەسێکی دیاریکراو بۆ پارێزگاری کەرکوک نزیک دەبێتەوە لە مەحاڵ، مەگەر ئەو دۆخە درێژە بکێشێت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ساتی پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پارتی لەبەرامبەر جێگیرکردنی خواستەکانی خۆی مل بۆ داواکارییەکانی یەکێتی بدات.

بەرانبەرەکانی کورد، لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، تورکمان و عەرەبن. پێکهاتەی تورکمان بۆچوونی خۆیان بە ناڕاستەوخۆ بە یەکێتی نیشتیمانی گوتووە کە بەهۆی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان، ئەوان وەک تورکمان پشتیوانی ئەو کاندیدە دەکەن بۆ پارێزگاری کەرکوک کە پارتی پشتیوانی بکات.

بەڵام دۆخەکە بۆ عەرەب جیاوازەو پێکهاتەی عەرەب بە هەر نرخێک بێت دەیانەوێت ئەگەر بۆ دوو ساڵیش بێت پۆستی پارێزگاری کەرکوکییان بە دەستەوە بمێنێت بەڵام بە مەرجێک ئەو پارێزگارە ڕاکان جبوری نەبێت.

خەمیس خەنجەر، سەرۆکی حیزبی سیادە لە دوای کەوتنی محەمەد حەلبوسی دەیەوێت ببێت بە ڕەمزی سووننەکانی عێراق، زۆر بە چڕی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لەسەر هێڵەو دەیەوێت کەسێکی نزیک لە خۆی بۆ ماوەی دوو ساڵ ببێتە پارێزگاری کەرکوک.

تا ئێستا تەواوی هەوڵەکانی خەمیس خەنجەر بێ ئەمجام بوون و تەنانەت نەیتوانیوە تەواوی ئەندامە عەرەبەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکبخات لەسەر یەک کاندید. لە لایەکی دیکەش یەکێتی نیشتیمانی تەواوی پێشنیارەکانی پێکهاتەی عەرەبی ڕەتکردووەتەوەو یەکێتی نایەوێت بە هیچ پێشنیارێک ڕازی ببێت ئەگەر ئەو پێشنیارە ئەنجامەکەی یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک نەبێت بۆ یەکێتی.

تاکە پڕۆژەی پێکهاتەی عەرەب کە زۆر پێداگری لەسەردەکات یەکلاییکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە شێوەی دوو ساڵ بۆ عەرەب و دوو ساڵ بۆ کورد. بەڵام ئەو پێشنیارە خواستی یەکێتی جێبەجێ ناکات و ئەو حیزبە وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە مافی خۆی دەزانێت.

سودانی بە چڕی هاتووەتە سەر خەت بۆ یەکلاییکردنەوەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک و دەیەوێت وەک هەنگاوی یەکەم، بەبێدەنگی پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە عەرەبی سوننە وەربگرێتەوە. ئەمەش لە ڕێی پێشنیارێکەوە کە پێشنیارەکە بەو شێوەیەیە.

لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕێگە چارەیەک بۆ کەرکوک بخرێتە دەنگدان و ڕێگە چارەکەش ئەوە بێت کە یەکێک لە وەزیرە کەرکوکییەکانی ئەنجومەنی وەزیران بەشێوەیەکی کاتی بکرێتە سەرپەرشتیاری پارێزگای کەرکوک و بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەڕێوەببات.

لەو حاڵەتە پێشنیار دەکرێت ئەو وەزیرە خالید شوانی وەزیری دادی عێراق بێت کە ببێتە سەرپەرشتیاری کەرکوک. ئەمەش بەهۆی ئەوەی خالید شوانی هەم ئەندامێکی یەکێتییە کە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای بردووەتەوە هەم خەڵکی کەرکوکە.

لەو حاڵەتەدا ئەوەی یەکێتی لە دەرگا فەڕمییەکانەوە نەیتوانی بە دەستی بێنێت لە ڕێگەی پەنجەرەی حکومەتی عێراقییەوە جێگیری دەکات و کوتەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ یەکێتی کوتەکێکی بەهێز دەبێت بۆ بێدەنگکردنی ئەوانەی دژی پڕۆژەی یەکێتین بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color