گرنگ

بەهۆی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا، لە بەرامبەر فشارەکانی بەغدا پشتیوانی هەرێم دەکەن


 
لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەو چەند کۆنگرێسمانێک کۆبۆوە.
بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکی و ئەندامانی کۆنگرێس، مەسرور بارزانی باوەڕی بە بەرپرسانی ئەمریکی هێنابوو کە بەرامبەر فشارەکانی حکومەتی عێراق، پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان بکەن.
لەو گەشتەیدا مەسرور بارزانی، ژمارەیەک بەڵێنی لە بەرپرسانی ئەمریکی وەرگرتبوو کە پشتیوانی ڕاستەوخۆی هەرێمی کوردستان بکەن.
لە یەکەمین کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا کە لە دوای گەڕانەوەی لە ئەمڕیکا بەڕێوەچوو. مەسرور بارزانی بە وەزیرەکانی کابینەکەی گوت دوای ماوەیەک کاریگەری سەردانەکەم بۆ ئەمریکا دەردەکەوێت و نامەوێت لێرە باس لەو بەڵێنانە بکەم کە بەرپرسانی ئەمریکی پێیان داوە.
دوای مانگ و نیوێک لەسەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی سەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد. بەڵام بەر لە سەردانەکەی بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ هەرێم کرد کە هیچ کێشەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا نەمابێت و دوو موچەی بەسەر یەکەوە بۆ هەرێم نارد.
بەپێی زانیارییەکان، سودانی ترسی هەبووە لە ئەمریکا بە هۆی کێشەکانی لەگەڵ هەرێم ڕوبەڕوی فشارێکی زۆری ئەمریکییەکان ببێتەوە. بەتایبەت کە گروپێک لە ئەندامانی کۆنگرێس بەڵێنی پشتیوانی ئەمریکایان بە هەرێمدابوو.
لەگەڵ ناردنی دوو موچەی فەرمانبەرانیش بەرپرسانی ئەمریکا لە نێویاندا سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئاشکرا پشتیوانی بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە جۆوبایدن باسی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد بەشێوەیەک پاک و بێگەرد.
بەپێی زانیارییەکان، فشاری ئەمریکییەکان لەسەر حکومەتەکەی سودانی بەرهەمی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بووە بۆ ئەمریکا کە لە ڕێی چەند ئەندامێکی کۆنگرێسەوە لۆبییەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان کراوە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color