گرنگ

شیکردنەوەیەک بۆ هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر


 
ئەگەرەکانی تێوەگلانی ئێران و تورکیا
 
شەوی ٢٦ لەسەر ٢٧ی نیسان، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا دوو کەس گیانیان لە دەستداو چواری دیکەش بریندار بوون.
بۆردومانی ئەمجارەی کێڵگەی کۆرمۆر جیاواز بوو، چونکە بۆ یەکەمجار بەدرۆن لە کێڵگەکە دراو کوژراو لە هێرشەکە کەوتەوە.
کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ تاکە کێڵگەی هەرێمە لە دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، کارکردن و پەرەپێدان تێیدا بەردەوامە.
لە چەند ڕووییەکەوە پەرەپێدانی کێڵگەکە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تورکیاو ئێران نایەتەوە کە دوو زلهێزی ئیقلیمی هەژموندارن بەسەر هەرێم و عێراقەوە.
ئێران نیگەرانە لە ڕۆڵی هەردوو کۆمپانیای داناگاز و نەفت هیلالی ئیماراتی کە بوونەتە گەورەترین بەرهەمهێنی غاز لە عێراق. جگە لە کێڵگەی کۆرمۆر مافی کارکردنی لە هەردوو کێڵگەی خەشم ئەحمەڕ و گڵابات لە پارێزگای دیالە وەرگرتووە بۆ بەرهەم هێنانی غاز.
جگە لەوەش ئیمارات ڕکابەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەو کارکردنی لە کەرتی غازی عێراق بە زیانی ئێران تەواو دەبێت. بەو پێیەی بەرهەم هێنانی غازی زیاتر لە عێراق وادەکات پشت بەستن بە غازی ئێران کەم ببێتەوە. بەتایبەت بڕیاربوو لەم مانگەدا ڕۆژانە ۱۰۰ ملیۆن پێ سێجا غاز لە کۆرمۆرەوە ڕەوانەی کەرکوک بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا سودی لێوەربگیرێت.
کۆماری ئبسلامی ئێران نایەوێت بازاڕی غازی عێراقی لە دەست بچێت، چونکە ساڵانە نزیکەی شەش ملیار دۆلاری لەو ڕێگایەوە دەست دەکەوێت. بەهۆی بوونی دەیان گروپی جیاوازی پڕۆ ئێرانی لە عێراق بەئاسانی ئێران دەتوانێت کێشە بۆ کێڵگەکە دروست بکات. بەتایبەت لە بۆردومانەکانی ڕابردووی کێڵگەکە ئەو گروپانە تۆمەتبار دەکران کە لە ئێرانەوە نزیک بوون.
لەلایەکی دیکە تورکیا لە ماوەکانی ڕابردوو هەوڵی زۆریدا هاوشێوەی کەرتی نەوت کۆنتڕۆڵی غازی هەرێم بکات. بەتایبەت خۆی وڵاتێکە پشت بەغازی هاوردەکراوی ئێران دەبەستێت کەڕکابەرێکی ئیقلیمی و مەزهەبی کلاسیکییەتی.
پێداگری و ڕێگری یەکێتی و بەغداد شکستی بە پڕۆژەی هاوبەشی تورکیا و پارتی هێنا. کە دەویسترا بە بەشداری و سەرمایەی کۆمپانیا قەتەری و ئیماراتییەکان بۆڕییەک لە کۆرمۆرەوە بۆ تورکیا ڕابکێشرێت. بەڵام یەکێتی و بەغدا پلانەکەیان پێچەوانە کردەوە و ئاڕاستەی بۆڕی غازیان لە بری تورکیا بۆ کەرکوک و چەمچەماڵ و بازیان گۆڕی.
گرێدانی هەردوو وێستگەی کارەبای بازیان و تازە بە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ ئەوە بوو غازی بەرهەم هاتوو لە ناوخۆی هەرێم و عێراق سودی لێوەربگیرێت و هەناردە نەکرێت.
نێگەرانی تورکیا جگە لە شکستی خواستەکەی کە هەناردەی غاز بوو بۆ وڵاتەکەی خۆی و پاشان بۆ ئەوروپا هەژموونی تەواوەتی یەکێتی و بەغداد بەسەر غازی هەرێم و ئاوت کردنی پارتی لە پرسی غاز کە نزیکترین هێزە لەتورکیاوە، ئەنقەرەی نیگەران کردووە. بەو پێیەی تورکیا، یەکێتی تۆمەتبار دەکات. بە یارمەتیدانی چەکدارانی قەندیل و ڕۆژئاوا.
تورکیا کێڵگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ بە فاکتەرێکی بەهێزی مانەوەی یەکێتی دەبینێت کە پشتیوانی بەغدای بۆ مسۆگەر دەکات و هێزی ڕکابەری زیاتری تورکیاو پارتی پێدەبەخشێت.
تورکیا گەمارۆی ئاسمانی خستووەتە سەر سلێمانی و وەکو نەیار مامەڵە لەگەڵ یەکێتی دەکات.
سەرۆکی یەکێتیش بە ئاشکرا ڕووەو تورکیاو پارتی ووتویەتی ناهێڵێت بۆڕی غاز بۆ تورکیا بڕوات تەنها بەسەر لاشەیدا نەبێت. تا ئێستاش بە کردار بەڵێنەکەی بردووەتە سەر و ڕووی غازی کۆرمۆر لە تورکیا وەرگێڕدراوە و خەریکە لە هەولێریش دەگیرێتەوە. ئاڕاستەکەی ڕووەو سلێمانی و کەرکوک و بەغدایە.
بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color