گرنگ

وەزارەتی دارایی: کۆنتڕۆڵی دارایی لەدەستی ئێمەدا نییە، بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران مامەڵەی پێوەدەکات


 

وەزارەتی دارایی: کۆنتڕۆڵی دارایی لەدەستی ئێمەدا نییە، بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران مامەڵەی پێوەدەکات


بوار نیوز، تایبەت
بەهۆی نەناردنی ڕەشنوسی بودجەی 2021 و بەیانی دارایی (بیان مالی) لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان، لێژنەی دارایی پەرلەمان بڕیاریدا وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمان بکەن بۆ "لێپرسنەوە"، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی، دەڵێت: "بانگهێشتکردنی وەزیری دارایی گرفتەکان چارەسەر ناکات، چونکە هیچ کۆنتڕۆڵێکی دارایی لەدەستی ئێمەدا نییە".
دوشەممە 6ی ئەیلولی 2021، لێژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی کوردستان کۆبویەوەو بڕیاریدا بانگهێشتی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری بکرێت بۆ پەرلەمان بە مەبەستی "لێپرسنەوە لە هۆکارەکانی نەناردنی بودجەو بەیانی دارایی بۆ ساڵی دارایی 2021".
عومەر گوڵپی، ئەندامی لێژنەی دارایی و ئابوری پەرلەمانی کوردستان بە بوارنیوزی ڕاگەیاند: "هەرچەندە تازە ناردن و نەناردنی بەیانی دارایی (بیان مالی) هیچ گرنگییەکی نییە ژمێریاریی و یاسایی نییە، چونکە کۆی بودجەو شێوازی خەرجییەکانی موچەو خەرجی بەکاربردن و وەبەرهێنان ڕوننەکراوەتەوە، ئەمەش مانای وایە حکومەت نایەوێت فرت و فێڵ و گەندەڵییەکان ئاشکرابکرێت".
گوتیشی: "جگە لە لێژنەی دارایی تەنانەت دیوانی چاودێری داراییش تێبینی زۆریان لەسەر بەیانی داراییەکانی وەزارەتی دارایی هەیە، چونکە لە بەراورکردنی خەرجی و داهاتی وەزارەتەکاندا گۆڕانکاری گەورە دۆزراوەتەوە، بۆیە بۆ زانینی هۆکاری نەناردنی بودجەو بەیانی دارایی، بانگهێشتی وەزیری دارایی دەکەین".
لەبارەی هۆکاری نەناردنی ڕەشنوسی بودجەی 2021 و بەیانی دارایی، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە بوار نیوزی ڕاگەیاند: "نەناردنی ڕەشنوسی بودجەی 2021 بەهۆی کەمتەرخەمی ئێمەوە نەبوە، چونکە ئێمە پێش جەژنی ڕەمەزان ڕەشنوسەکەمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردوە، بەڵام نازانین بۆچی بۆ پەرلەمانی نانێرێت، لەکاتێکدا ئەنجومەنی وەزیران هیچ تێبینییەکی لەسەر ڕەشنوسەکە نەبوە".
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی و ئابوری، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرابکرێت، ئاماژەی بەوەکرد: "بەمەرجی ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران" ئامادەن لە ماوەی دوو سێ‌ مانگدا بەیانی دارایی بۆ پەرلەمان بنێرن.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی، ڕونیکردەوە: "بەشێکی تێبینیەکانی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی لەسەر شێوازی خەرجی و داهاتەکان ڕەوان و لەجێی خۆیەتی، بەڵام حەزدەکەین هەمو لایەک ئەوە بزانن، کە وەزارەتی دارایی هیچ کۆنتڕۆڵێکی لەسەر داهات و خەرجییەکان نییە، بەڵکو ئەنجومەنی وەزیران مامەڵەیان پێوەدەکات!".
هەشت ساڵە (2014- 2021) حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاسای بودجەی گشتیی نییە، بەڵکو ساڵانە بەیانی دارایی بۆ پەرلەمانی کوردستان و دیوانی چاودێری دارایی ناردوە.

بڵاوی بکەوە
  • theme deafult color